رۆمانێکی چۆمان هەردی لە بەریتانیا جێگای سەرنجی خوێنەرانە


وێستگەنیوز-

رۆمانێکی ژنە نوسەر و شاعیری کورد، چۆمان هەردی بە ناوە "دیوارەکان دەچرپێنن" (Whispering Walls) دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەیدا، هێشتا لە بەریتانیا جێگەی سەرنجی خوێنەرانە و لە ریزی پێشەوەی پڕفرۆشترینەکاندا ماوەتەوە.

ئەم رۆمانە لەم هەفتەیەدا لەلایەن یەکێک لە ناوەندە کلتوورییە دیارەکانی بەریتانیاوە وەک "کتێبی هەفتە" دەستنیشان کرا.

ناوەندی (A Gallery & Bookshop) لە نوێترین راگەیەندراویدا ڕۆمانی "دیوارەکان دەچرپێنن"ی وەک هەڵبژاردەی یەکەمی خۆی بۆ ئەم هەفتەیە ناساند. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بەرهەمە هێشتا یەکێکە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی دەزگای چاپ و پەخشی (Afsana Press)، کە ئەمەش مانەوە و کاریگەریی قووڵی بەرهەمەکە لەناو خوێنەرانی ئینگلیزیدا دەسەلمێنێت.

ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە سەروبەندی داگیرکاریی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003دا دەست پێدەکات. چیرۆکەکە بە دەوری ژیانی سێ خوشک و برادا دەسوڕێتەوە کە بەسەر دوو وڵاتدا دابەش بوون؛ دووانیان لە تاراوگە (لەندەن) دەژین و ئەوەی تریان لە ناوخۆی کوردستان (سلێمانی) ماوەتەوە. ئەم سێ کەسایەتییە لەگەڵ بیستنی هەواڵی نزیکبوونەوەی جەنگێکی نوێدا، دەگەڕێنەوە بۆ ڕابردووە پڕ لە کێشمەکێشەکەیان و یادەوەرییە درزتێبووەکانیان، تاوەکو گرێ کوێرەکانی خێزانەکەیان بکەنەوە.


PM:05:48:25/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو