دەرهێنەرێکی کورد داوا لە ترەمپ دەکات کوردستان بکڕێت و بیکاتە سەر ئەمریکا


وێستگەنیوز_راژان رزگار

دەرهێنەری ناسراوی کورد مانۆ خەلیل کە چەند رۆژێکە بۆ نیشاندانی فیلمەکەی لەئەمریکایە، بە شەش زمان نامەیەک ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات و پێشنیازی بۆ دەکات، بێت و کوردستان بکڕێت و بیکات بە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی شووباتی 2025، مانۆ خەلیل، دەرهێنەری دیاری کورد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، کە بە هەر شەش زمانی وەک، "ئینگلیزی، ئەڵمانی، سلۆڤاکی، یۆنانی، کوردی، عەرەبی" نامەیەکی بۆ ترەمپ نووسیوە و تیایدا داوای لێدەکات بێت و کوردستان بکڕێت و بیخاتە سەر ئەمریکا.


هاوکات مانۆ خەلیل، لە نامەکەیدا بۆ ترەمپ دەڵێت، "بۆچی نایەیت کوردستان بکڕیت؟ خاکەکەمان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی وەک، "نەوت، مەڕمەڕ، کانزا بەنرخەکان، بەرهەمی کشتوکاڵی کە بەشی نیوەی جیهانە، شتگەلی نایاب."


ئاماژەی بەوەشکردووە، "تۆ ئەمریکات گەورەتر و بەهێزتر کرد، وڵاتەکەت لەبری 50 کرد بە 51 ویلایەت، ئێمەی کورد لە داعش و مەلاکان و پاشماوەکانی سەدام و خومەینی و ئیخوانەکانی ئیسلامی ڕزگارمان دەبوو."


جەختی لەوەشکردەوە، "من باوەڕم وایە و دڵنیام کە 45 ملیۆن کورد بە پێشنیارەکەم ڕازی دەبن. ڕای ئێوە چییە؟"

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانۆ خەلیل،دەرهێنەرێکی بەناوبانگی کوردە و لە سوید نیشتەجێیە، لە ئێستادا بۆ بەشداری کردن و نیشاندانی فیلمەکەی "جیران" لە ئەمریکایە.

ئەم دەرهێنەرە، لە زانکۆی دیمەشق مێژوو و یاسای خوێندووە و لە ساڵی 1987 بۆ خوێندنی چیرۆکی خەیاڵی و دەرهێنانی فیلم ڕووی لە چیکۆسلۆڤاکیا کردووە، لە نێوان ساڵانی1990 بۆ 1995وەک دەرهێنەر لە کۆمپانیای چیکۆسلۆڤاکیا و دواتر لە تەلەفزیۆنی سلۆڤاکیا کاری کردووە و خاوەنی چەندین خەڵات و فیلمە کە لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا نمایشکراوە.


PM:04:51:12/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت