دوای 123 ساڵ نهێنییەک لە تابلۆیەکی پیکاسۆدا ئاشکرا دەکرێت
وێستگەنیوز_راژان رزگار
بە بەکارهێنانی چەند تەکنیکێکی نوێ، شارەزایانی هونەری شێوەکاری
توانییان وێنەی ژنێک لە تابلۆیەکی پابلۆ پیکاسۆی وێنەکێشی بەناوبانگی ئیسپانی
بدۆزنەوە کە مێژووی تابلۆکە بۆ 123 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، پسپۆڕانی نۆژەنکردنەوە لە
پەیمانگەی هونەریی لەندەن، بە بەکارهێنانی تیشکی "ئێکس" و سەروو
بنەوشەیی، وێنەی ژنەکەیان دۆزیوەتەوە کە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک بە شاراوەیی
لەو تابلۆیەدا مابووەوە.
ئاماژە بەوە کراوە، پیکاسۆ لە ساڵی 1901 کاتێک تەمەنی 20 ساڵان بووە
ئەو تابلۆیەی کێشاوە و خۆی ناوی " پۆرترێتی ماتیو فێرناندێز دی سۆتۆ"ی
لێناوە، کە تابلۆیەکی زەیتییە و لەسەر کانڤاس بە قەبارەی 46.5x
61.3 نەخشاندوویەتی.
بارنابی رایت، جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگەکە رایگەیاند، "بەداخەوە
نازانرێت ئەو ژنەی نێو تابلۆکە کێیە، ئێمە بۆ دەستخستنی زانیاری لەبارەیەوە
توێژینەوە و بەدواداچوونی ورد دەکەین."
پەیمانگەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شارەزایانی
پەیمانگەکە لەمێژە گومانیان لەوە هەبووە کە تابلۆیەکی دیکە لەژێر ئەو تابلۆیەدا
شاراوەتەوە، چونکە پێکهاتە و نیشانەی کارەکە دەرکەوتووە.
هەندێک لە شارەزایانی هونەری شێوەکاری ئاماژە بەوە دەکەن، لە کۆندا
دووبارە بەکارهێنانی کانڤاس بۆ وێنەکێشان باوبووە، بەتایبەت لەو کاتانەدا
هونەرمەندان توانای کڕینی کانڤاسیان نەبووە، بۆیە بەبێ سپیکردنەوە یان سڕینەوەی
کارەکانی پێشوو، تابلۆیەکیان لەسەر کارێکی پێشوو دەکێشا و پێدەچێت ژنە
نەناسراوەکەی نێو ئەم تابلۆیەی پیکاسۆش بچێتە ئەو چوارچێوەیەوە.
پابلۆ پیکاسۆ، هونەرمەندی شێوەکاری ئیسپانی، لە ساڵی 1881 لە شاری
مەلەگە لە ئیسپانیا لەدایکبووە، بە یەکێک لە کاریگەرترین هونەرمەندانی سەدەی 20
دادەنرێت، لە 8ی نیسانی 1973 لە تەمەنی 91 ساڵیدا لە فەرەنسا کۆچی دوایی کردووە.
PM:12:01:12/02/2025
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت