لە ساڵ رۆژی کۆچی دوایی گۆرانیبێژ و مەقامبێژ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی


وێستگەنیوز_راژان رزگار

ئەمڕۆ 4ی شووباتی 2025، 88 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی گۆرانیبێژ و مەقامبێژی گەورەی کورد، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی تێدەپەڕێت.

سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، کوڕی سەید نیزامەدین، کوڕی سەید جامی، کوڕی سەید محەممەد جەواد، کوڕی سەید ئیبراهیمە، کە بەپێی ناسنامە، دەگەڕێتەوە بۆ سەید عەلی هەمەدانی برای شاعیری ناودار، بابا تاهیری هەمەدانی.

عەلی ئەسغەر، لە گوندی "سەلوە ئاباد"ی نزیک شاری سنە لەدایکبووە، بۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بە ساڵی لەدایکبوونی، بە بڕوای غەفوور رەشید داراغا، ساڵانی لەدایکبوون و مردنی ئەم مامۆستایە، ساڵانی 1876 بۆ 1937ی زاینی بووە. عەلی ئەسغەر، پێش ساڵی 1905، لەگەڵ مەحشەرەف خانم، هاوسەرگیریی کردووە و بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە سێ کوڕ بووە بە ناوەکانی: سەید عەبدولحەد، سەید مەسیح و سەید عەلی ئەشرەف، هاوکات دوو کچی هەبووە، بە ناوەکانی زەهرا و شەرەفت.


سەید نیزامەدین، باوکی سەید عەلی ئەسغەر، پیاوێکی ئاینی بەناوبانگ بووە، عەلی ئەسغەر دەبات بۆ شار، لە مزگەوتی دار ئەلئیحسان، بە ئامادەبوونی پیاوانی دیاری ئەم مزگەوتە، فێری خوێندنەوەی دروستی قورئان دەبێت، عەلی ئەسغەر، بۆ چەندین ساڵ، خۆی تەرخان دەکات بۆ فێربوونی قورئان و دوای ماوەیەک دەبێت بە وەستایەکی ناوازە لە خوێندنەوەدا، بەجۆرێک، ناوبانگەکەی سنوورەکان دەبڕێت و بەگوێرەی گێڕانەوەکان، بانگهێشتی میسر دەکرێت بۆ خوێندنی قورئان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی باوکی، رۆشتن رەتدەکاتەوە.

سەید نیزامەدین، گۆرانی گوتنی سەید ئەسغەر قەدەغەدەکات و سەرزەنشتی کردووە لە گۆرانی وتن لەبەردەم خەڵکدا، سید عەبدولئەحەد باباشەهابی، کوڕە گەورەی سەید ئەسغەر، ئاماژە بەوەدەکات؛ سەید ئەسغەر، هەرگیز لەلایەن مامۆستایەکەوە وانەی موزیک و گۆرانی نەخوێندووە، زۆربەی دامەزراوە و کەسایەتییەکانی موزیکی ئێرانی ناسیوە، ئەوەی دەیگوتەوە کوردیی رەسەن بووە یان خۆی لەسەر بنەمای موزیکی کوردیی رەسەن ئاوازی داناوە، ئەو شیعرانەی کە دەیخوێندنەوە شیعری فۆلکلۆری ناوخۆیی بەناوبانگ بوون یان لە شاعیرانی وەک مەولەویی، وەفایی مەهابادی، تاهیر بەگی جاف و بابا تاهیری هەمەدانی هەڵیبژاردوون.

سەید عەلی ئەسغەر، بەهۆی رەچەڵەکیەوە بۆ بابا شەهابودین، بە سەید عەلی ئەسغەر بابە شەهابی ناسرابوو، شێوازی پەرەدان بە نووسینی بچوک و دووبارە و درێژکردنەوەی دەنگ لە کۆتایی رستەکاندا، تایبەتە بە خودی سەید عەلی ئەسغەر و ئەم شێوازە لە گۆرانی وتن جگە لە زێدی خۆی کە سەڵاوات ئابادە، لە هیچ جێگەیەکی دیکەی کوردستان بوونی نییە، گۆرانییە رەسەنە کوردییەکانی بە شێوازی تایبەتی خۆی گوتووە.

سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، لە تەمەنی 47 ساڵییدا، گرێبەست لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیای گرامۆفۆن واژۆدەکات، لەنێوان ساڵانی 1928 بۆ 1929، بەگوێرەی گرێبەست، 10 گۆرانی بۆ کۆمپانیاکە تۆماردەکات، لەوانە: گۆرانی یار غەزەل، گۆرانی هەی نەبێ نەبێ، ئەی رەفیقانی تەریقەت و جانی جانانم وەرە.

سەید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، گەورە گۆرانیبێژی کورد، ساڵی 1937، 88 ساڵ لەمەوبەر، لە تەمەنی 61 ساڵییدا، له‌ زێدی خۆی، گوندی سه‌لوه‌ ئاباد، كۆچی دواییكردووە و له‌وێ به‌خاک سپێردراوە.


PM:02:19:04/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت