ئوم کەلسووم لە دوای مردنیشی رێزی لێدەگیرێت


وێستگەنیوز_راژان رزگار

لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری میسرەوە، ساڵی 2025 وەک ساڵی ئوم کەلسووم، هونەرمەندی ناسراوی وڵاتەکەی دیاریکرا، لەم بارەیەشەوە چەندین چالاکیی بۆ یادکردنەوەی ئەم خانمە هونەرمەندە لە ناوەوەو دەرەوەی میسر بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی شووباتی 2025، وەزارەتی رۆشنبیری میسر لە راگەیاندراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، "ئوم کەلسووم هێمای نەمری و هونەری وڵاتەکەمانەو تا ئیستاش لە دڵی ملیۆنان کەسدایە، لەگەڵ تێپەڕینی 50 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەم خانمە هونەرمەندە بڕیارماندا بە دەستنیشانکردنی ساڵی 2025 وەک ساڵی ئوم کەلسووم و ئامادەکاریمان کردووە بۆ بەڕێوەچوونی چەندین چالاکی لە ناوەوە و دەرەرەوەی میسر."

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، "لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتەکە، مۆزەخانەی ئوم کەلسووم بۆ ماوەی مانگێک بە بێبەرامبەر بە رووی هاوڵاتیان و سەردانیکەرانیدا دەکرێتەوە و 56مین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێبی قاهیرە بە چالاکی موزیک و گۆرانی یادی ئەم خانمە هونەرمەندە دەکرێتەوە."

هەروەها، ئەمڕۆ لە چالاکی یەکەم رۆژیشدا، لە گوندی تەمای زهایرە لە پارێزگای دەقەهلیەی میسر کە شوێنی لە دایک بوونی یەم خانمە هونەرمەندەیە، بە درێژایی ئەم مانگە چەندین چالاکی موزیک و گۆرانی بەڕێوەدەچێت.

هاوکات، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چەندین چالاکی بەڕێوەدەچن، ماڵی ئۆپێرای میسری، لە 9 تاوەکو 16ی شووبات، کۆنسێرتێکی فیلهارمۆنی لە پاریسی فەرەنسا سازدەکات، هەردوو هونەرمەند ریحاب عومەر و ئیمان عەبدولغەنی تێیدا بەشدار دەبن و گۆرانییەکانی ئوم کەلسووم دەڵێنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئوم کەلسووم ناوی تەواوی فاتیمە ئیبراهیم سەید بلتاجییە، لە 4ی ئایاری 1908 لەدایکبووە، بەهۆی نەخۆشییە لە 3ی شوباتی 1975 کۆچی دواییکردووەو خاوەنی چەندین نازناوی هونەرییە، جگە لە گۆرانی وتن، وەک ئەکتەریش لە چەندین فیلمدا بەشداربووە، بەڵام پێگەی بەهێزی لە هونەردا، گۆرانی وتن بووە.


PM:12:28:04/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت