رێوڕەسمێک بۆ گوڵبارانکردنی مەحموود محەممەد سازدەکرێت


 

وێستگەنیوز_راژان رزگار

کۆمەڵەی هونەرە میللییەکان لە بڵاوکراوەیەکیدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە رێورەسمێک بۆ رێزلێنان و گوڵبارانکردنی هونەرمەندی میللی، مەحممود محەممەد سازدەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی شووباتی 2025، لەبارەی رێورەسمەکەوە هونەرمەند جەزای ساز، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە وێستگەنیوزیرایگەیاند، "سازکردنی رێورەسمەکە لە پای 50 ساڵ خزمەتکردنی هونەرمەند مەحممود محەممەدە لە بواری هونەری رەسەنی کوردیدا."

راشیگەیاند، سبەی دووشەممە کاتژمێر 2:30 خولەکی دوانیوەڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاریسلێمانی لە رێورەسمێکی شایستەدا ئەم هونەرمەندە گوڵباران دەکەین."

وتیشی، "با هەمووان بە گوڵەوە ئامادەبین لە رێوڕەسمەکە لە پێناو خزمەتی هونەری ئەم هونەرمەندە."

لەم بارەیەشەوە، سەرکەوت عەلی حەبیب، راگەیاندنکاری دێرین و زمانناس لەبارەی رێکخستنی ئەم جۆرە رێوڕەسمانەوە رایگەیاند، "جێگەی دەستخۆشییە کە رێزلێنان بۆ کەسی زیندوو بکرێت، چونکە ئەو کەسە تا لە ژیاندایە، پێویستە لەبەرچاوی هاوڕێکانی رێزی لێ بنرێت نەوەک زیندوو کوژی مردوو پەرست بین."

مەحممود محەممەد، گۆرانیبێژێکی میللی شاریسلێمانییە،خاوەنی دەنگێکی تایبەت و دڵگیرە، چەندین ئاواز و گۆرانی ناوازەی تۆمارکردووە، شارەزاییەکی باشی لە مەقاماتی کوردی دا هەیە، زۆرینە لەسەر ئەوە کۆکن، ئەم هونەرمەندە دەنگ و ڕەنگ و بۆنی شاری سلێمانی لە خۆگرتووە.

 


PM:02:25:02/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت