ئەمڕۆ 26 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی محەممەدی ماملێ تێدەپەڕێت


وێستگەنیوز_راژان رزگار

23ی کانوونی دووەمی 1999، هونەرمەند و گۆرانیبێژی دیاری کورد، محەممەد ماملێ، لە تەمەنی 73 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.

محەممەد کوڕی میرزا سەعیدی کوڕی عەلییە، کە ناسراوە بە ماملێ، یەکێکە لە بەناوبانگترین مەقامبێژەکانی کورد، 2ی حوزەیرانی ساڵی 1925، لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.

ماملێ، لەسایەی خێزانێکی پیشەوەر و نیشتمانپەروەردا پەروەردە بووە، میرزا سەعیدی باوکی، نەخوێندەوار بووە، بەڵام مامەڵەی بەردەوامی لەگەڵ شیعر و گۆرانیی و هونەر، بەرەو ترۆپکی رێز و هۆشیاریی دەبات، لە کۆڕی عاریفانەی خانەقای شەمزینان، نازناوی میرزایان پێبەخشیوە.

بنەماڵەی محەمەدی ماملێ، پێکڕا هونەرمەند و دەنگخۆش بوون، باوک و براکەی، ناوبانگیان بە هونەری رەوان دەرکردبوو، بەڵام ماملێ، خاوەن دەنگ و سەدایەکی جیاواز بووە و هەر زوو، لە ریزی خێزان و بنەماڵەکەیدا، وەکو ئەستێرەیەک، دەدرەوشێتەوە و مەقامبێژییەکەی، بەرەو تەختی نوێنەرایەتیی هونەریی دەبات و بۆ ماوەی 50 ساڵ، نەک هەر لە ئاستی بنەماڵەدا، بەڵکو لە ئاستی کوردستان، سەدای دەنگەکەی دەدرێتەوە و دەبێتە سەرداری مەقامبێژیی سەردەمی خۆی.

لە قۆناغە جیاوازە سیاسییەکانی حوکمڕانیی ئێراندا، محەممەدی ماملێ، وەکو هونەرمەندێکی ئازادییخواز و نیشتمانپەروەر، خۆڕاگریی نواندووە و لەسەر پرسی کورد، دوچاری پلان و کوچەی زیندان بووەتەوە.

ماملێ، لەماوەی 56 ساڵی تەمەندا، توانیویەتی بەنزیکەیی 325 گۆرانیی تۆمار بکات، لە دیارترین گۆرانییەکانی بریتین لە، "تۆ بەڵێنم پێ بدە، پەرێشانم من دەناڵێنم، پەنجەی بێهێزی، زەمانە، ئامینێ تۆ گوڵەکەم و وەرە وەرە با بچینە ناو شلێران."

بەرهەمەکانی ماملێ، بەسەر فۆلکلۆر، گۆرانیی هاوبەش، گۆرانیی خوازراو و گۆرانیی داهێنراو دابەش دەبن، لە ئاستی داهێناندا، ماملێ پشکی شێری بەردەکەوێت و خاوەنی زیاتر لە 300 گۆرانییە، کە چەندین کەسایەتیی دیکەش، هاوکاری بوون لە بەرهەمهاتنیاندا.

ساڵی 1994، ماملێ بەسەختیی نەخۆشدەکەوێت، بۆ ماوەی پێنج ساڵ، لەگەڵ ئێش و ئازاردا دەجەنگێت و لە کۆتاییدا، ساڵی 1999، دڵی لەکاردەکەوێت، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی دەکات و هەر بە خاکی ئەوێش، دەسپێردرێت.

ماملێ، پاش مردنی، هەگبەیەکی گەورەی هونەریی بەدوای خۆیدا جێدەهێڵێت و تاهەتایەک مەقامبێژیی و دەنگخۆشییەکەی لە ئاسمانی هونەری کوردییدا دەنگدەداتەوە، پاشان، وەکو سیمبولێک بۆ رێزلێنان لەم هونەرمەندە مەزنە، پاش تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر کۆچەکەیدا، لەلایەن وریای کوڕیەوە، ساڵی 2009، خەڵاتی ماملێ دادەمەزرێت و ماوەی چەندین ساڵە دەدرێت بە دیارترین کەسایەتییەکانی ناو هونەری کوردیی، دیارترین ئەو کەسایەتییانەی ئەم خەڵاتەیان پێدراوە، "قالەمەڕە، عەباسی کەمەندی، مەزهەری خالقی، تیپی مۆسیقای سلێمانی، خەلیل غەمگین، دڵشاد سەعید و کاوە فەقێ زادە، شڤان پەروەر، بۆ ئەمساڵیش، بریارە خەڵاتەکە ببەخشرێت بە عەلی ئەکبەر مورادی هونەرمەند و میوزیسیانی دیاری رۆژهەڵاتیکوردستان.


PM:01:41:23/01/2025










ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت