پڕۆژەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایل راگەیاندرا


وێستگەنیوز_راژان رزگار

بە هاوبەشی لە لایەن دامەزراوەی ڤیم و بەشی هونەری سینەمایی سلیمانی، "فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایل" ئەنجامدەدرێت، بەڕێوەبەری بەشی هونەری سینەمای سلێمانیش دەڵێت، "بە نزیکەیی ماوەی 6 مانگە ئامادەکاریی بۆ کراوە."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی کانوونی دووەمی 2025، کامەران نووری گوڵاڵە، بەڕێوەبەری بەشی هونەری سینەمایی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بە هاوبەشی لە لایەن دامەزراوەی ڤیم و بەشی هونەری سینەمایی سلێمانی، "فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایل" ئەنجامدەدرێت، بە نزیکەیی ماوەی 6 مانگە سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ سازدانی پڕۆژەیەکی لەم چەشنە."

راشیگەیاند، "جیاوازی ئەم فێستیڤاڵە لەگەڵ فێستیڤاڵەکانی دیکەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی مۆبایل، تێیدا فیلمسازان دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە کاری وێنەگرتن، وێناو خەیاڵ و چیرۆکەکانیان، بکەن بە فیلم و پێشکەشی بکەن."

لەم بارەیەشەوە، کاوان عەزیز، وتەبێژی فێستیڤاڵەکە رایگەیاند، "لەم سەردەمەدا کە بە پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆجیا پێناسەکراوە، بیرمان لە سازدانی ئەم جۆرە فێستیڤاڵە کردەوە وەک سەکۆیەکی بەرچاو بۆ سینەماکارانی کورد و رەخساندنی دەرفەتێک بۆ فیلمسازانی نوێ و ئەو کەسانەشی تا ئێستا دەرفەتی بەرهەمێنانی فیلمان نەبووە، هەر بۆیە ئەم فێستیڤاڵە بەرهەمهێنانی فیلمێکی نوێیە بە بوودجەیەکی کەم."

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوەو وتی، "ئامانجی سەرەکی لە ڕێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە پەرەپێدانی داهێنان و بەرەوپێشبردنی بەهرەیە لە نێو سینەماکاراندا، هاوکات دەبێتە پردێکی پەرینەوە بۆ نمایشکردنی کار و بەرهەمی فیلمسازان."

وتیشی، "لیژنەی داوەرانی فێستیڤاڵەکە، چەندین خەڵاتی سیمبل و نەختینەیی دەبخشێتە بەشداربووە براوەکان وەک، "خەڵاتی باشترین فیلم، دەرهێنان، وێنەگرتن، سیناریۆ و مۆنتاژ، هەروەها باشترین ئەکتەری کوڕ و کچ، باشترین کاری دەنگ و موزیک و خەڵاتی داوەران."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئامانج لە رێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە بەرهەمهێنانی زۆرترین فیلمە، کە تییدا بەهرەی نوێ و بە ئەزموون لەم بوارە زیندوو هونەرییەدا ئاوێزان بن و بەرهەمی فیلمسازان لە شاری سلێمانی پێشکەش بە بینەران بکرێت."


PM:01:57:19/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت