115 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شێخ رەزای تاڵەبانی تێدەپەڕێت
وێستگەنیوز_راژان رزگار
شێخ رەزا تاڵەبانی، یەکێک لە شاعیرە گەورە و دیارەکانی كوردستانە، کە
خاوەنی دەنگێكی جیاوازی شیعرییە و بە شیعری توانج، پلار و هەجوو ناوبانگی
دەرکردووە، لەم بوارە ئەدەبییەدا،كەسێكی بێڕكابەر و خاوەنی قوتابخانەیەكی تایبەت
بەخۆیەتی.
شێخ رەزا تاڵەبانی، ناوی
ڕەزای کوڕی شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا مەحموودی
کوڕی یوسف ئاغای زەنگەنەیەو لە سـاڵی1831لەگوندی قرخی نزیک چەمچەماڵ لەدایک بووە، لە تەمەنی حەوت ساڵی لای شێخی
باوکی دەستی بەخوێندن کردوە.
ئەم شاعیرە لە تەمەنی 25
ساڵیدا، دەستیکردووە بە خوێندنی وێژەیی، عەرەبی، فارسی و تورکی، تا کاتێک لە ساڵی 1860
چۆتە ئەستەنبوڵ و ماوەی دوو ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە.
دواتر، لەرێگەی
میسرەوە دەچێ بۆ
حەج و ساڵی 1884 ئەگەڕێتەوە
بۆ کەرکوک و زۆر جار ھات و چۆی وەسمان پاشاو مەحمود پادشای جاف و پیاوە
گەورەکانی کردووە.
خێزانی وەسمان پادشا، عادیلە خانم ھەمیشە دیاری بۆ داناوە و یارمەتی
بۆ ناردوە، دواتر لە ساڵی1898 دەچێتە بەغدا و لە تەکیەی تاڵەبانی دانیشێت، پەیوەندی پتەوی لەگەڵ بنەماڵەی سەلیم بەگی بابان
و سەید عەبدولرەحمانی نەقیب دروستدەکات.
ئەم شاعیرە گەورەیەی كورد، جێی سەرنجی روناكبیران و توێژەران بووە،
چەندین لێكۆڵینەوە لەسەر شیعرەكانی ئەنجامدراون، بە خاوەنی قوتابخانەیەكی تایبەتی
شیعریی لە ئەدەبی كوردییدا ئاماژەیان پێداوە.
ئێستا، بەرهەمە شیعرییەکانی شێخ رەزا، لە دیوانی "شێخ رەزای تاڵەبانی"، كۆكراونەتەوە و بە زنجیرەیەک چاپ
و بڵاوکردنەوەی جیاوازدا تێپەڕیون، کە بە نزیکەیی، لە 90 پارچە شیعری جیاواز
پێکهاتووە.
لە دیارترین شیعرەکانی شێخ رەزا، "رۆژێ نەبوو ئەم دڵبەرە بێ
رەحمە وەفا کا"، "شێخ رەزا بێت و لەسەر تۆ هەجوی قازیی کۆی بکا"،
"بۆ نەسووتێ جگەر بۆ چی نەبێ دڵ بە کەباب."
شێخ رەزای تاڵەبانی، رێکەوتی 14ی كانونی دووەمی 1910، لە شاری بەغداد
كۆچی دوایی كردووە، لە گۆڕستانی گەیلانی و لەنزیک گۆڕی شێخ عەبدولقادری گەیلانی،
بەخاک سپێردراوە.
نمونەی شیعرێکی شێخ رەزا لەسەر سولێمانی و سەردەمی بابان نوسیویەتی:
لەبیرم دێ سولەیمانی کە دار و لملکی بابان بوو
نە مەحکومی عەجەم نە سوخرە کێشی ئالی عوسمان بوو
لەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید
مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لە بەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
سەدای مۆزیقە و نەققارە تا ئەیوانی کەیوان بوو
AM:11:36:13/01/2025
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت