ئه‌و گروپه‌ی‌ مه‌لا به‌ختیار پاڵپشتی‌ ده‌كردن له‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ فێستیڤاڵی‌ سینه‌مایی سلێمانی‌ لابران


وێستگەنیوز_راژان رزگار

بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، هاوشێوەی بەڕێوەچوونی خولەکانی دیکە، 5مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی سینەمایی سلێمانی لە لایەن کۆمپانیای مەستی فیلمەوە، بە بەشداری فیلمە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت. هاوكات ئه‌و گروپه‌ی‌ كه‌ مه‌لا به‌ختیار پاڵپشتی‌ ده‌كردن به‌پێی‌ بڕیاری‌ دادگا له‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ دوورخرانه‌وه‌.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2025، فوائاد جەلال، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەمایی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لە دوای راوەستانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک، بڕیارە لەم ساڵدا 5مین خولی فێستیڤاڵی نیودەوڵەتی فیلمی سینەمایی سلێمانی لە لایەن کۆمپانیای مەستی فیلمەوە بەڕێوەبچێت و ئامادەکاریی تەواومان بۆ فێستیڤاڵەکە کردووە."

راشیگەیاند، "لە دوای ئامادەکارییەکان، وا بریارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کۆمپانیای مەستی فیلم کات و بەرواری دەستپێکی فێستیڤاڵەکە ئاشکرابکات و لەگەڵ گروپێکی نوێدا و بە نمایشکردنی چەندین چالاکیی هونەری فێستیڤاڵەکە دەستپێبکات و دەرگا بۆ وەرگرتنی فیلمە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە."

هاوکات، فوئاد جەلال لە بارەی دواکەوتنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەوە ئاماژەی بەوەکرد و وتی، "هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند کەسێک کە لە لایەن بەڕێز مەلا بەختیار سەرپەرشتی دەکرا، ئامانجیان بوو ئەم ساڵ فێستیڤاڵەکە سازبکەن، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی لە خولەکانی سالانی رابردوودا ئەرکی سەرپەرشتی کردن و خاوەندارێتی فێستیڤاڵەکە لای کۆمپانیای مەستی فیلم بوو، بۆیە ئێمە لە لایەن پارێزەرەکانمانەوە دۆسیەکەمان رادەستی دادگای سلێمانی کرد."

وتیشی، "خۆشبەختانە دوای چوار ساڵ چاوەڕوانی، دادگای سلێمانی بێلایەنانە ئەرکی خاوەندارێتی و سەرپەرشتی کردنی فیستیڤاڵەکەی گەڕاندەوە بۆ کۆمپانیای مەستی فیلم. دەشڵیت، "ئەو گروپە بەدەر لە دادگای سلێمانی دۆسیەکەیان بردە دادگای تەمیزی هەولێر، بەڵام بەهەمان شێوە دادگای تەمیزی هەولێر هاوشانی دادگای سلێمانی ئەرکی خاوەندارێتی و سەرپەرشتی کردنی فیستیڤاڵەکەی گەڕاندەوە بۆ کۆمپانیای مەستی فیلم و هیچ کاتێک و هیچ ساڵێک بەدەر لە کۆمپانیای مەستی فیلم هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێک جگە لە کۆمپانیای مەستی فیلم ناو و لۆگۆی تایبەت بەو کۆمپانیایە ببات و سەرپەرشتی کردنی ئەم فێستیڤاڵە بگرێتە ئەستۆ."

بە وتەی فوئاد جەلال، هۆکارێکی دیکە بۆ دواکەوتنی فێستیڤاڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرۆکی فێستیڤاڵ، هۆکارەکەشی دەگەرێتەوە بۆ نەبوودنی بودجە و تێچووەکانی فێستیڤاڵەکە کە لە لایەن سەرۆکی فێستیڤاڵەوە دیاری دەکرێت، هەر بۆیە لە ئێستادا هەوڵەکانمان چڕ کردۆیتەوە بۆ دۆزینەوەی کەسێک بۆ ئەو پۆستە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەمایی سلێمانی، یەکەم خولی لە ساڵی 2016 بە بەشداری میوان و هونەرمەندە ناوخۆیی و بیانییەکان و نمایشکردنی فیلمە سینەماییە ناوخۆییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و نێودەوڵەتی، بەڕێوەدەچوو و بۆ ماوەی چەندین رۆژ بەردەوامی دەبوو، بڕیارە لەم ساڵیشدا بە سەرپەرشتی کۆمپانیای مەستی فیلم، ئامادەکاریی تەواو بکرێت بۆ بەڕێوەچوونی 5مین خولی فێستیڤاڵی نیودەوڵەتی فیلمی سینەمایی سلێمانی.

 


PM:02:07:05/01/2025








ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت