14مین پێشانگەی شێوەکاری هونەرمەندانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز_راژان رزگار

سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی سلێمانی، هەستاون بە سازدانی، 14مین پێشانگەی هونەرمەندانی شێوەکارانی سلێمانی، بڕیارە ئەمڕۆ پێشانگەکە بە بەشداری 80 هونەرمەند و نمایشکردنی بەرهەمە هونەرییەکانیان لە هۆڵی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2025، رۆژگار کەمال، سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندان، لقی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "وەک نەریتێک ساڵانە لەگەڵ هەر یەک لە هونەرمەدانی کوردستان هەڵدەستین بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە هونەرییە و لە پێشانگەیەکی شێوەکاری بەرفراواندا کار و بەرهەمە هونەرییەکانیان نمایش دەکەین، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم ساڵ پێشانگەکەمان هاوتای ساڵیادی دامەزراندی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان کرد و لە ڕێگەی ئەم پێشانگەیەوە یادی دەکەینەوە."

راشیگەیاند، "لە پێشانگە هونەرییە شێوەکارییەکەی ئەمڕۆدا، نزیکەی 80 هونەرمەند بەشدارییان تێدا کردووە، هەر یەک لەم کارانەش خۆییان لە کۆمەڵێک بەرهەمی جیاوازدا دەبیننەوە و بریتین لە، کاری سیرامیک، نیگارکێشان، پەیکەر تاشی، گرافیک، و کۆمەڵێک خامەو بەرهەمی جیاواز کە لەم پێشانگەیەدا بەکار هاتوون."

هاوکات، بارەی رۆڵی بەشداریکردنی خانمە هونەرمەندە شێوەکارەکاندا رایگەیاند، "لە میانەی چالاکییەکانی سەندیکای هونەرمەنداندا و ناوەندەکانی وەک، شێوەکاری، موزیک، شانۆ و سینەمادا خانمان لە بەشداریکردنیاندا رۆڵێکی بەرچاوییان هەیە و بە بێ جیاوازی کارمان لەگەڵیاندا کردووە، بە نمونەش ئەم پێشانگە شێوەکارییەی ئەمڕۆیە کە خانمان بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارییان تێدا کردووە و بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ، لە هۆڵی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە، بە بەشداری 80 هونەرمەند، 14مین پێشانگەی هونەرمەندانی شێوەکارانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە بۆ ماوەی 4 ڕۆژ پێشانگەیە بە رووی بینەرانیدا کراوەبێت و بەردەوامی هەبێت.


PM:01:08:05/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت