ئەمڕۆ کریسمسە و یەکێکە لە گەورەترین ڕۆژە ئاینییەکان


وێستگەنیوز_راژان رزگار

لە ئاستی جیهانییدا، کریسمس یەکێکە لە گەورەترین ڕۆژە ئاینییەکان، کریستیانەکان لەم ڕۆژەدا یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەکەنەوە و بە بەخشینی دیاری و پیرۆزکردنی رۆژەکە چالاکی جیاواز ئەنجامدەدەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2024، قەشە ئەیمەن عەزیز، قەشە لە کڵێسای مار یوسف لە شاری سلێمانی لە لێدوانێکیدا بە پەیامنێری وێستگەنیوزی رایگەیاند، "بە ئەنجامدانی نوێژی ئێوارە و رێوڕەسمە ئاینییەکان و نزاو پارانەوەکانمان؛ تەواوی ئامادەکارییەکانمان بۆ ئەم ڕۆژە پیرۆزە و لە دایک بوونی عیسای مەسیح بەرز رادەگرین."

ڕاشیگەیاند، "ئەم یادە پیرۆزە و ئامادەبوون و بەشداریکردنی هاوڵاتیانی سەر بە ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان لەم ڕۆژەماندا، گوزارشتێکی بە بەهای پێکەوەژیان و ئاشتیانەیە لە نێوانماندا، چونکە ئەم بۆنەیە بە تەنها نوێنەرایەتی رێورەسمی ئاینی ناکەن بەڵکو هەڵگری پەیامێکی مرۆیی قووڵن بۆ بەرزکردنەوەی خۆشەویستی و پەیوەندی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا."

وتیشی، "لەم ڕۆژە گرنگ و پیرۆزەدا هەموومان پێکەوە لە خودای مەزن دەپاڕینەوە، ئارامی و سەقامگیری بە وڵات و شەرەکانمان ببەخشێت، خاک و نیشتیمان و رۆڵەکانمان پارێزراوبێت."

لای خۆشییەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق بە یاوەری بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی سەردانی کڵێسای مار یوسفی لە شاری سلێمانی کردو ڕایەگەیاند، "لەم ڕۆژەدا پیرۆزبایی لە شوێنکەوتوانی ئاینی کریستیان دەکەم و هیوای ساڵێکی پڕ لە خۆشیان بۆ دەخوازم، ئومێد دەکەم هەموومان پێکەوە لە ئاشتی و ئارامیدا بژین، بە تایبەت بۆ کریستیانەکان کە فشارێکی زۆریان لەسەرەو هیچ کاتێک هەست بە نائارامی ناکەن."

ئەوەش لە کاتێکدایە، 25ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک یاد و ئاهەنگەکانی لەدایکبوونی عیسای مەسیح، لە سەرانسەری جیهاندا بە یەکێک لە دیارترین بۆنە ئاینییەکان دادەنرێت بۆ کریستیانەکان، بەو پێیەی ڕەنگدانەوەی بەهاکانی خۆشەویستی و ئاشتییە لە نێوان تەواوی ئاینەجیاوازەکاندا.


PM:01:36:25/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت