دیارترین ئەو هونەرمەندن و روناکبیرانەی لە ساڵی 2024 کۆچیدواییان کرد


وێستگەنیوز_ڕاژان رزگار

لە ساڵی 2024دا، کوردستان کۆمەڵێک هونەرمەند و رووناکبیری لە بوارە جیاوزەکانی هونەر لەدەست دا، کە کار و پیشەی هەر یەکێکیان خزمەت کردن بە کلتوور و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی کردووە.

زاهیر عەبدوڵا، هونەرمەند و شانۆکاری دیاری کوردستان

هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا، ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایکبووە و ساڵی 1991 وەک بێژەری تەلەفزیۆنی دەرکەوتووە و رۆڵی لە 26 شانۆگەریی و دراما و فیلمی کوردیدا بینیووە و یەکێک بووە لە ئەکتەرەکانى بەرنامەى بەرنامە، ئەم کەڵە هونەرمەندە لە رێکەوتی23ی تشرینی دووەمی ساڵی 2024دا بە نەخۆشیکۆچیدوایی کرد.

بەرزانی قالەی خەڵوز، پێشمەرگەو هونەرمەندی دیاری بەرنامەی بەرنامە

بەرزانی قالەی خەڵوز، پێشمەرگە، هونەرمەند و میدیاکار، ساڵی 1961 لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی دواناوەندی تەواوکردووە، دوای وازهێنانیشی لەگەڵ باوکیدا کاری کردووە، لە تەمەنی 18 ساڵییەوە بووە بە پێشمەرگە و بەشێک بووە لە رێکخستنەکانی ناوشاری سلێمانی چاونەترسانە کاری بۆ کردوون.

بەرزان کە بەوە ناسرابوو، موراقیبی پۆلەکەی میستەر و برای ئەحە بوو لە بەرنامەی بەرنامەدا، بە قسە و نوکتەکانی کە بەشێکی زۆریان خۆنەویست بوون، هەردەم لە دڵی بینەرانی بەرنامەکەدا جێگەی خۆی کردبووەوە.

دواجار ئەم هونەرمەندە لەرێکەوتی 18ی حوزەیرانی ساڵی 2024 کۆچیدوایی کرد.

ئەحمەد دەروێش

ئەحمەد دەروێش، برای مەحموود محەممەدی گۆرانیبێژە و لەدایکبووی گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی بوو، یەکێک بوو لە گۆرانیبێژە دەنگە خۆشەکانی سلێمانی و ساڵانێکی زۆرە لە بواری هونەری میللی کار دەکات و ئەندامی کۆمەڵەی هونەری میللی سلێمانی بوو.

لە ڕێکەوتی 4ی حوزەیرانی ساڵی 2024، بەهۆی ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچیدوایی کرد.

توانا فەرەج، موزیکژەن

توانا فەرەج، لە ساڵی 1972 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، ساڵانێكی زۆرە لە بواری ‏هونەری خزمەتی کرد و پیانۆژەنێكی دیاری كوردستان بوو.‏

لە رێکەوتی 27ی کانوونی دووەم، لە شاری سلێمانی بە نەخۆشی کۆچیدوایی کرد، بە ئامادەیی کەسایەتییە دیارەکانی شار و هونەرمەندان، بەخاک سپێردرا.

محەمەد حەسەن، ناسراو بە ناشاد، هونەرمەندی شێوەکار

ساڵی 1954 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، یەکێکە لە شێوەکارە ناسراوەکان، زیاتر لە 50 ساڵە کاری وێنەکێشان دەکات، لەو ماوەیەدا چەندین پێشانگەی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا کردووەتەوە.

ناشاد بەدرێژایی ژیانی بەتەنها بووە و ماوەیەک لە کەلاوە و خانووە چۆڵەکاندا ژیاوە، بەم دوواییانەش لە خانەی بەساڵاچووان ژیاوە، بەردەوام باسی لەوەکردووە کە سەرچاوەی ئیلهامی وێنە پڕ غەمەکانی لە تەنهاییەکەیەوە وەردەگرێت.

ئەم هونەرمەندە،بۆماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ و تا کۆتا رۆژەکانی ژیانی، بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی قوڕگەوە ناڵاندوویەتی و 7 ئایاری 2024 بەهەمان هۆکار کۆچیدوایی کرد.

جەمال هیدایەت، یەکەم هونەرمەندی عودژەن

جەمال هیدایەت، لە ساڵی 1931 لە شاری هەولێر لە دایکبووە و یەكەم هونەرمەندی عودژەنی شاری هەولێر بووە، لە سەرەتای دەیەی پەنجاكانی سەدەی رابردوود کاروانە هونەرییەکەی دەستپێکردووە.

لە ماوەی تەمەنیدا، وێڕای دامەزراندنی یەكەم گروپی میوزیکی شاری هەولێر، لە ئاستی كارگێڕی، پەروەردە و پێگەیاندندا لە چەندین ناوەندی هونەری و پەروەردەیی خزمەتی كردووە.

ئەم هونەرمەندە لە 23ی نیسانی ساڵی 2024 کۆچیدوایی کرد.

عەلی زەندی، هونەرمەندی موزیکژەن

عەلی زەندی، یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی 1956، لە شاری سنە لەدایکبووە، لە ئاستی هونەردا فرەبەهرەمەند بووە، خاوەن دەنگێکی خۆش و ژەنیارێکی باش بووە، لە هەڵبژاردنی ئاواز و شێوازی تایبەتییدا، جێدەستی دیار و سازە، هاوڕێی هونەرمەندانی کوردستان بووە، لە دیارترینیان ناسری رەزازی، نەجمەدینی غوڵامی و هونەرمەندی میللی ئیسماعیل سەردەشتی.

بەرەبەیانی نیسانی ساڵی 2024، لە شاری تۆرنتۆی وڵاتی کەنەدا، پاش ململانێی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، لە تەمەنی 68 ساڵییدا، عەلی زەندی هونەرمەند و خەباتگێڕ، کۆچیدوایی کرد.

کامیل ژیر، رووناکبیر ئەدەبدۆست

دکتۆر کامیل ژیر، لە ساڵی 1934 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و کۆلێژی یاسای تەواو کردووە، ماوەیەک وەک پارێزەر و ماوەیەک وەک دادوەر کاری کردووە، یەکێک بوو لە کەسایەتیە دیارەکانی بواری زمان و خاوەنی چەندین بەرهەمی جیاوازی ئەدەبی و رۆشنبیرییە.

لە ساڵی 1954 دا دەستی بە نووسینی هۆنراوە کردووە و یەکەم هۆنراوەی بە ناوی "هەژار لە جەژندا" بووە لەوێوە چووەتە ناو دنیای نووسین و ئەدەب و دەستی بە نووسین کردووە.

کامیل ژیر لە 30ی نیسانی ساڵی 2024، تەمەنی 90 ساڵی لە شاری سلێمانی کۆچیدوایی کرد.

جەمشید عەندەلیبی، گەورە نەیژەنی کورد

جەمشید عەندەلیبی، گەورە نەیژەنی کورد لە ئازاری 1958، لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، یەکێک بووە لە ژەنیارە دەگمەنەکانی کوردستان و ئێران.

عەندەلیبی، سەرەتا بە بێ مامۆستا دەستی بە فێربوونی نەی کردووە، لە تەمەنی 10 ساڵییدا، لە شاری سنە، لەلای حەسەن کامکار، وانەی کولتوور و هونەری خوێندووە، پاشان لەلای حەسەن کەسایی، راهێنانی موزیکیی ئەنجامداوە و لە زانکۆی تارانیش خوێندوویەتی، لەگەڵ هونەرمەندانی وەکو نەسڕوڵا ناسیحپوور، نور عەلی برومەند و محەمەد رەزا لوتفی، موزیکی نەریتی ئێرانی خوێندووە، لەکۆتاییدا، دەبێت بە ژەنیار و مامۆستایەکی لێهاتووی موزیک و چەندین ژەنیار پێدەگەیەنێت.

دواجار ئەم هونەرمەندە لە 5ی ئازاری ساڵی 2024 لە تەمەنی 66 ساڵییدا و بەهۆی جەڵتەی دڵ، کۆچییدوایی کرد.

مەلا محەممەدی شەڵماشی

مەلا محەممەد شاڵماشی، لە لە دەگمەنترین مەلاکانی کوردستانە و لە ساڵی 1937 لە گوندی شاڵماشی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووەو هاوشانی نووسین لە زانستە ئیسلامییەکاندا، لە چەندین بواری جیاوازی دیکەدا رۆڵ و کاریگەریی هەبووە، لەوانە، وەرگێڕان، رۆمان، فەرهەنگ و کەلەپوور، هەشتاکانی سەدەی رابردوو، رۆمانی "بێسەرپەرشتان و بێنەوایان"ی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، دۆستی نزیکی قاسملوو و مامۆستا هەژار و هێمنی شاعیر بووە.

مەلا محەممەد شاڵماشی، لە 5ی کانوونی یەکەمی 2024، کۆچیدوایی کرد.

کریڤان سالار، هونەرمەندی موزیکژەن

کریڤان سالار عەبدولڕەحمان، هونەرمەندی موزیکژەن لە ساڵی 1994 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە،ژەنیاری چەند ئامێرێکی میوزیک بووە و یەکێک بوو لە دیارترین موزیکژەنەکانی شاری سلێمانی و کوردستان کە لەگەڵ دەیان هونەرمەندی دیاری هەرێم بەشداری لەئاهەنگ و کۆنسێرت و چالاکییە هونەرییەکان کردووە.

ئەم هونەرمەندە، دوای ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە، 28ی نیسانی ساڵی 2024، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە تەمەنی 30 ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.


PM:03:25:23/12/2024


























ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو