خانوویەکی کەلەپووری گەڕەکی سابوونکەران دەکرێت بە مۆزەخانە
وێستگەنیوز_ڕاژان ڕزگار
لە گەڕەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی، خانوویەکی کەلەپووری
نۆژەندەکرێتەوە و دەکرێت بە شوێنێک و
مۆزەخانەیەکی هونەری تا میوانان و هونەردۆستان و خەڵکی
شارەکە سەردانی بکەن.
ئەمڕۆ چوارشممە، 18ی
کانوونی یەکەمی 2024، ئاوات محەممەد، قائیمقامی سلێمانی،
لەگەڵ بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی و هونەرمەند و شێوەکار، مەدحەت کاکەیی ئەو
خانووە کەلەپوورییەیان بەسەرکردەوە کە بڕیارە دوای نۆژەنکردنەوەی بکرێت بە
مۆزەخانەیەکی هونەری.
پەیجی فەرمی قائیمقامی
سلێمانی لە پۆستێکی فەیسبوکیدا بڵاویکردەوە رایگەیاند، "ئەم خانووە گەورە کەلەپوورییە لە
گەڕەکی سابوونکەرانی شاری
سلێمانییە، دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی دەیکەین بە مۆزەخانەیەکی هونەری، سەرەڕای پاراستنی،
دەبێت بە شوێنێک کە میوانان و هونەردۆستان و خەڵکی شارەکەمان سەردانی بکەن."
ئاماژەی بەوەشدا، "تەرخانکردنی
ئەم خانووە کە موڵکی شوێنەواری سلێمانیە، بۆ کارە هونەرییەکانی هونەرمەندی
کورد، مەدحەت کاکەییە، سەرەڕای گرنگیدان بە هونەر و هونەرمەندان، پاراستنی کەلەپوور
و رەسانایەتیی شارەکەمانە و خزمەت بە رەوتی رۆشنبیری و مێژوویی سلێمانی دەکات."
لەلای خۆشیەوە، مەدحەت کاکەیی، هونەرمەند و شێوەکار رایگەیاند، "ئەم
خانووەم لە شوێنەواری سلێمانی وەرگرت، بۆ ئەوەی دوای نۆژەنکردنەوەی بیکەین بە
مۆزەیەک و وەکوو ئەو مۆزەخانانەی
لە ئەورووپا و ژاپۆن هەمە و کارە هونەرییەکانمی تێدا نمایش دەکەم."
ئاماژەی بەوەش کرد، لە خانووەکەدا فێرگەیەکیش دەکرێتەوە بۆ پێگەیاندنی
ئەو کەسانەی ئارەزووی هونەری شێوەکاری دەکەن.
لە ئێستادا نۆژەنکردنەوەی خانووە کەلەپوورییەکە لە دواقۆناغیدایە و
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕووی هەموواندا بکرێتەوە.
PM:01:20:18/12/2024
ئهم بابهته 196
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت