27مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ دەستپێدەکات


وێستگەنیوز_ڕاژان ڕزگار

5ی کانوونی یەکەمی 2024، بە دروشمی " لەپێناو شکۆی وشەدا، گەلاوێژ بەردەوامە" بە ئامادەبوونی کەسانی ئەکادیمی و بەناوبانگی هەرچوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و دەرەوە، 27مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ دەستپێدەکات و سێ ڕۆژ بەردەوامیی دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی کانوونی یەکەمی 2024، د.ئیبتیسام ئیسماعیل قادر، سەرۆکی بنکەی گەلاوێژ سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵەکە لە لێدوانێکیدا بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند، "ئامادەکاریی تەواومان بۆ 27مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ کردووە لە ماوەی سێ ڕۆژدا چەندین کارو چالاکی هونەری پێشکەش دەکرێت."

لە میانەی بەڕێوەچوونی یەکەم ڕۆژی چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە، د.ئیبتیسام ئیسماعیل قادر ئاماژەی بەوەدا، "فێستیڤالەکە چەندین چالاکی هونەری موزیک و گۆرانی و هەڵپەڕکێ و شیعر لە خۆدەگرێت، بە مەبەستی ئاشناکردن و ناساندنی کولتوری کوردی بە میوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و دەرەوە، کە 180 کەسایەتی جۆراوجۆر لە نوسەر و ڕوناکبیر و شاعیر و توێژەر لە وڵاتە جیاجیاکاندا بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکەن."

ڕاشیگەیاند، "چەند بەرهەمە شیعرێکی جەمال غەمبار، شاعیر و ڕوناکبیر، کۆنسێرتی هونەرمەند دیاری قەرەداغی و ئۆرکسترای سەمفۆنیای سلێمانی، نمایشی هەڵپەڕکێ، بەشێک دەبێت لە چالاکییەکانی یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە."

لەبارەی چالاکییەکانی دووەم ڕۆژ و سێیەم ڕۆژ وتی، "دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە تایبەت دەبێت بە تەوەرەکان کە لە "لێکۆڵینەوە و شیعر و چیرۆک پێکهاتوون. وتیشی، "لە سێیەم ڕۆژیشدا خەڵاتی تایبەتمان بۆ کەسەیاتیە دیارەکانی بواری ئەدەب و ڕۆشنبیری ئامادەکردووە وەک، "خەڵاتی زێرینی کوردستان" پێشکەش بە ئەدیبێکی بیانی دەکرێت، "خەڵاتی زێڕینی گەلاوێژ" پێشکەش بە ئەدیبێکی کورد دەکرێت، ئەمەش جگە لە خاڵەتەکانی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە کە ئەدرێت بە دەرچوانی "یەکەم و دووەم و سێیەمی" بواری "لێکۆڵینەوەو شیعر و چیرۆک."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەم ساڵ 27مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ سازدەکرێت و تێیدا، دیداری شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە لەخۆدەگرێت و چەندین تەوەری تایبەت بە پرسی رووناکبیری و توێژینەوە، لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و بەناوبانگی هەرچوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و دەرەوەپێشکەشدەکرێن.


PM:04:23:02/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت