ده‌رهێنه‌رێكی كورد فیلمێكی دیكۆمێنتاری له‌سه‌ر دواساته‌كانی ژیانی سه‌دام به‌رهه‌مده‌هێنێت
وێستگه‌نیوز-
چیرۆكی شاردنه‌وه‌ی سه‌دام حسێن سه‌رۆكی پێشووی عێراق ، بووه‌ته بابه‌تی فیلمێكی دیكۆمێنتاری و له "ڤیستیڤاڵی سینه‌مایی ده‌ریای سور" له شاری جه‌ده‌ی وڵاتی سعودیه نمایشكرا.
فیلمه‌كه له‌سه‌ر زاری عه‌لا نامیق (ئه‌و پیاوه‌ی سه‌دام-ی شاردبوه‌وه) ده‌گێڕدرێته‌وه و باس له‌و قۆناغه‌ی ژیانی سه‌دام ده‌كات كه تێیدا رۆژانه له چه‌ند شوێنێكی عێراق، خۆی حه‌شارده‌دا، تا ئه‌و كاته‌ی له شارۆچكه‌ی دۆره، له باكوری به‌غدا و له چاڵێكی داپۆشراو به دره‌خت و گوڵ و گژوگیا، دۆزرایه‌وه و ده‌ستگیركرا.
عه‌لا نامق ده‌رباره‌ی فیلمه‌كه، قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت كردووه و ده‌ڵێت: "به‌نیاز نه‌بووم له فیلمه‌كه‌دا به‌شداری بكه‌م. له ساڵی 2004وه، دوای ئازادكردنی له زیندانی ئه‌بو غرێب، چه‌ندین ده‌زگای میدیای خۆرئاوا، داوایان لێكردووه سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی خۆی و سه‌دام، قسه‌یان بۆ بكات. به‌ڵام ئه‌و هه‌مو ئه‌و داواكاری و هه‌وڵانه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه".
وه‌لێ: "دوای چه‌ندین ساڵ، رۆژانه و به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، له رۆژنامه‌كان و شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان و سۆشیال میدیاوه، به شێوه‌یه‌ی هه‌ڵه و دوور له راستییه‌وه، كه‌وتوونه‌ته‌وه قسه‌كردن. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وایكرد رازیبم به دروستكردنی فیلمێك له‌سه‌ر ئه‌و چیرۆكه، تاكو تێیدا بڵێم من ناپاك و خیانه‌تكار نیم، رێگه‌ش ناده‌م هیچ كه‌سێك به منداڵه‌كانم بڵێن منداڵی خیانه‌تكار".
له سه‌روبه‌ندی 17 ساڵه‌ی له سێداره‌دانی سه‌دام حسێن، سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێراق له 30 كانوونی یه‌كه‌می 2006، فیلمی "شاردنه‌وه‌ی سه‌دام حسێن" دێت بۆ ئه‌وه‌ی دواین رۆژه‌كانی ژیانی ئه‌و بگێڕێته‌وه، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بێن و له چاڵه‌كه‌دا ده‌ستگیری بكه‌ن. رووداوه‌كانی فیلمه‌كه كه له ڤیستیڤاڵی فیلمی ده‌ریای سور، وه‌ك به‌شێك له پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی (96 خوله‌ك) نمایشكرا، به وردی باس له 235 رۆژ له ژیانی ئه‌بو عوده‌ی ده‌كات كه له مه‌زره‌عه‌ی هاوڵاتییه‌كی عێراقی به ناوی عه‌لا نامیق، به‌سه‌ریبردووه. له ڤیستیڤاڵه‌كه‌دا ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه هه‌ڵكه‌وت مسته‌فا، ئاماده‌بووه و فیلمه‌كه روبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بووه‌ته‌وه، به‌وه‌ی (وێنه‌یه‌كی جوانی) سه‌رۆكی كۆچكردوی خستووه‌ته‌ڕوو.
نامق له فیلمه‌كه‌دا، به وردی باس له‌و 235 رۆژه ده‌كات كه تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووه له شاردنه‌وه و حه‌شاردانی سه‌دام، له مه‌زره‌عه‌كه‌ی خۆی له باشوری تكریت. ئه‌مه له كاتێكدا بووه 150 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مریكی، بست به بستی خاكی عێراقیان ده‌پشكنی و به‌دوای سه‌دام دا ده‌گه‌ڕان. گێڕه‌ره‌وه‌ی فیلمه‌كه كه هه‌نووكه له په‌نجاكانی ته‌مه‌نیدایه، له سه‌ره‌تای فیلمه‌كه، باس له یه‌كه‌م بینینی له‌گه‌ڵ سه‌دام ده‌كات و ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ 3 كه‌سی دیكه‌دا هاتن بۆ لام و لێی پرسیم: "ئایا ده‌مناسیت؟ ده‌زانم تۆ راوچییه‌كی باشیت"، پاشان به ئه‌سپایی ده‌ست ده‌خاته سه‌ر شانی و ده‌ڵێت: "ئه‌مریكییه‌كان زۆر نزیكن، هه‌ندێك كه‌س ئامۆژگارییان كردم بێم بۆ ماڵه‌كه‌ی تۆ"، ئیدی نامق به ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی، ده‌یهێنێت بۆ مه‌زره‌عه‌كه‌ی خۆی و باوه‌ڕ ناكات كه ئه‌وه سه‌دامه، ئه‌مه به‌گوێره‌ی فیلمه‌كه.
له به‌شێكی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا، نامق باس له بیرۆكه‌ی هه‌ڵكه‌ندنی چاڵه‌كه، له‌سه‌ر شێوه‌ی پیتی (T) له مه‌زره‌عه‌كه‌یدا ده‌كات. دواتر سه‌ره‌وه‌ی چاڵه‌كه له‌گه‌ڵ زه‌وییه‌كه ته‌خت ده‌كات و به دار و دره‌خت و گوڵ و گژوگیا دایده‌پۆشێت و ژماره‌یه‌ك مه‌ڕ و بزنیش به‌و ناوه‌دا بڵاوده‌كاته‌وه، له چاڵه‌كه‌دا ژورێك و چێشتخانه‌یه‌كی بۆ سه‌دام دروستكردووه، ئه‌وه ئه‌و په‌ناگایه بوو كه سه‌دامی تێدا شاردبوه‌وه.
فیلمه‌كه باس له بینینی سه‌دام بۆ هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی عوده‌ی و قوسه‌ی ده‌كات، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و دوانه له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بكوژرێن. دواتر سه‌دام داوا ده‌كات چاوی به پاسه‌وانه تایبه‌ته‌كه‌ی بكه‌وێت "محه‌مه‌د ئیبراهیم" و ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی مقاوه‌مه‌ی عێراقی پێده‌به‌خشێت و پلانی به‌هێزكردنی داده‌نێن.
ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه، په‌نای بردووه‌ته به‌ر ئه‌كته‌رێكی بێده‌نگ/ممثل صامت، ئه‌م ئه‌كته‌ره روخساری له سه‌دام ده‌چێت و ئه‌و دیمه‌نانه نمایش ده‌كات كه نامق ده‌یانگێڕێته‌وه. ده‌رهێنه‌ر له فیلمه‌كه‌دا، دیكۆمێنت و درامای تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر كردووه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، سودی له گرته ئه‌رشیفییه‌كانی سه‌دام و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له كاتی داگیركردنی عێراقدا بینیوه و له فیلمه‌كه‌یدا به‌كاریهێناون.
نامق له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا، ئاماژه به‌وه ده‌دات له‌و ماوه‌یه‌ی سه‌دام خۆی شاردبوه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی هاوڕێیه‌تی له نێوانیان هاتووه‌ته ئاراوه. باس له‌وه ده‌كات چۆن چۆنی یارمه‌تی داوه سه‌رو ریشی بتاشێت و خۆی بشوات. سه‌دام-یش پێداگیری كردووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به هه‌مان شێوه، له خۆشۆردنی نامق دا یارمه‌تی بدات.
نامق له فیلمه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات پێشنیاری بۆ سه‌دام كردووه ژن بێنێت. ئه‌ویش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه له نێو ئه‌و گه‌مارۆ سه‌خته‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، زۆر قورس و زه‌حمه‌ته به‌دوای هاوسه‌رگیریدا بگه‌ڕێیت. هه‌روه‌ها نامق ئاماژه‌ی به‌وه كردووه هێزه‌كانی ئه‌مریكا، بڕی 25 ملیۆن دۆلاریان وه‌ك خه‌ڵات دیاریكردووه بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی شوێنی خۆشاردنه‌وه‌ی سه‌دام-یان پێده‌ڵێت، ئه‌مه وایكردبوو هه‌ردووكیان له هه‌مو شتێكی ده‌وروبه‌ریان بترسن و سڵ له خشه‌ی مار و مێروش بكه‌نه‌وه.
دوای نمایشكردنی فیلمه‌كه، هه‌ڵكه‌وت مسته‌فای ده‌رهێنه‌ر، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، سه‌باره‌ت به ریسك و ته‌حه‌دای خۆی، وه‌ك كوردێك، بۆ ده‌رهێنانی فیلمێك ده‌رباره‌ی سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێراق ده‌ڵێت: "ئه‌مه روشنبیرییه نه‌رویجییه‌كه‌مه، من فیلمێكم له‌سه‌ر كه‌سێك دروستكردووه كه سه‌دام-ی شاردووه‌ته‌وه، نه‌ك فیلمێك له‌سه‌ر خودی سه‌دام. من چه‌ندین ساڵ خه‌ریكی گه‌ڕان و سۆراغكردن بووم به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌دا، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2012، له رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، وتارێكم له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه خوێنده‌وه. دوای دوو ساڵ، له رێگه‌ی یه‌كێك له شێخه‌كانی عه‌ره‌ب، ئه‌و كه‌سه‌م دۆزییه‌وه. سه‌ره‌تا رازی نه‌بوو قسه بكات و ده‌رهێنانی ئه‌م فیلمه 12 ساڵی خایاندووه كه هه‌ست ده‌كه‌م كارێكی شێتانه بووه و له‌و بڕوایه‌دا نیم جارێكی دی دووباره‌ی بكه‌مه‌وه".
عه‌لا نامق لای خۆیه‌وه، هۆكاری رێكه‌وتنه‌كه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتنی له فیلمێك و قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌دام حسین، روون ده‌كاته‌وه و رایگه‌یاند، ساڵانێكه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌دام، چه‌ندین ئۆڤه‌ری له لایه‌ن رۆژنامه ئه‌مریكییه‌كانه‌وه پێگه‌یشتووه. به‌ڵام هه‌موی ره‌تكردووه‌ته‌وه و رازی نه‌بووه قسه بكات. ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات بۆیه بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه، تاكو پارێزگاری له خانه‌واده‌كه‌ی بكات. وه‌لێ زۆر كه‌س له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به شێوه‌یه‌كی ناڕاست و چه‌واشه‌كارانه قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته و واقیع كردووه. بۆیه ویستوویه‌تی راستییه‌كان ده‌ربخات و كۆتایی به چه‌واشه‌كارییه‌كان بێنێت و راستگۆییشی له ده‌رهێنه‌ره كورده‌كه‌دا به‌دیكردووه.
فیلمی "شاردنه‌وه‌ی سه‌دام حسین" گه‌شتێكی ئاڵۆزه به‌نێو جیهانی راكردن و پلانی نهێنی
به‌سه‌رهاتی خۆشاردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی عێراق و ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی، یه‌كێكه له‌و رووداوانه‌ی له یاده‌وه‌ری مێژووی نوێی عێراق و ناوچه‌كه و جیهاندا، هه‌ڵكۆڵراوه و تا رۆژگارێكی درێژ ده‌مێنێته‌وه. چونكه ئه‌و ماوه‌یه- ماوه‌ی خۆشاردنه‌وه و خۆحه‌شاردانه‌كانی سه‌رۆكی كۆچكردوو، تا كاتی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی- پڕه له ئاڵۆزی و نهێنی و په‌نهانی. لێره‌وه ئه‌م فیلمه دیكۆمێنتارییه كه له سێیه‌م رۆژی ڤیستیڤاڵی سینه‌مایی ده‌ریای سور نمایشكرا، ورده‌كاری ئه‌و گه‌شته ئاڵۆز و نادیاره ده‌گێڕێته‌وه.
ئه‌وه یه‌كه‌م فیلمی دیكۆمێنتارییه كه له‌سه‌ر زاری ئه‌و پیاوه‌ی سه‌دامی شاردبووه‌وه، رووداوه‌كان ده‌گێڕدرێنه‌وه و باس له‌و قۆناغه هه‌ستیاره‌ی ژیانی سه‌رۆكی پێشووی عێراق ده‌كات. ئاخر نزیكه‌ی 18 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هێزه‌كانی ئه‌مریكا، به دوای سه‌رۆكی له‌سه‌ر كار لابراو ده‌گه‌ڕان، سه‌رۆكێك له چاو تروكانێكدا و له‌و په‌ڕی هێز و توانا و ده‌سه‌ڵاته‌وه، وه‌ك گه‌ردێك له هه‌وا، شوێنه‌واری دیارنه‌ماو كه‌س نه‌یده‌زانی له چ كوچ و كۆڵان و خانوویه‌كدا، ژیان به‌سه‌ر ده‌بات. له كوێدا خۆی حه‌شارداوه و چۆنی چۆنی سه‌رپه‌رشتی پاشماوه‌ی هێزه‌كانی ده‌كات. تا ئه‌و كاته‌ی له چاڵه داپۆشراوه‌كه‌ی دۆره، به سه‌رو ریشێكی زۆر و خۆڵاوییه‌وه، ده‌ستگیرده‌كرێت.
جێبه‌جێكردنی فیلمه‌كه
هه‌ڵكه‌وت مسته‌فای ده‌رهێنه‌ر، دواجار توانی قه‌ناعه‌ت به عه‌لا نامق، ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌بو قوسه‌ی شاردبوه‌وه، بكات و بۆ یه‌كه‌مجار به‌سه‌رهاته‌كه له‌م فیلمه دیكۆمێنتارییه‌دا بگێڕێته‌وه كه ماوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كه نزیكه‌ی ده ساڵی خایاندووه. پێویست بوو كاركردن له فیلمه‌كه‌دا، تا ئه‌و په‌ڕی به نهێنی بمێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت تیمی كاركردنه‌كه، ئاگاداری بابه‌تی راسته‌قینه‌ی فیلمه‌كه نه‌بوون كه دیمه‌نه‌كانی له نێوان نه‌رویج و عێراقدا تۆمارده‌كران. هه‌ڵكه‌وت مسته‌فا فیلمه‌كه‌ی نووسیوه و كاری ده‌رهێنانی بۆ كردووه و به‌شداریش بووه له به‌رهه‌مهێنانیدا و ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ش 96 خوله‌كه.
عه‌لا نامق له قسه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، باس له‌وه ده‌كات، هیچ پلانێكی بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی ژیانی سه‌دام نه‌بووه. ئه‌گه‌رچی له ساڵی 2004وه، میدیاكانی خۆرئاوا، به چڕی ئه‌و داوایه‌یان لێكردووه، به تایبه‌ت دوای ئازادبوونی له زیندانی ئه‌بو غرێب، ئه‌و ده‌ڵێت: "بارودۆخم رێگه‌ی به شتێكی له‌و جۆره نه‌ده‌دا، ئێمه ده‌مانوت ته‌واو، چیرۆكه‌كه كۆتایی هاتووه، ئه‌و رۆشت و ئه‌وه‌ی له تواناماندا بوو بۆ رزگاركردنی ئه‌نجاماندا و درێغیمان لێنه‌كرد. به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێك، رۆژنامه و ته‌له‌فزیۆنه‌كان و ماڵپه‌ڕی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌رله‌نوێ و به شێوه‌یه‌كی رۆژانه، به شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه و چه‌واشه‌كاریانه، قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌كرد. ئه‌مه هانیدام رازیبم له‌سه‌ر دروستكردنی فیلمه‌كه".
سه‌ره‌تاكه ئاوا بووه، هه‌ڵكه‌وت مسته‌فای ده‌رهێنه‌ر، ساڵی 2010 له ناوخۆی عێراق، چاوی به كۆمه‌ڵێك شێخی عه‌ره‌ب ده‌كه‌وێت كه له نامق-ه‌وه نزیكن و هه‌واڵی دروستكردنی فیلمه‌كه‌یان پێده‌ڵێت، له‌و كاته‌دا داواكارییه‌كه‌ی ره‌تده‌كرێته‌وه. به‌لام وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، دوای ئه‌وه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌رله‌نوێ قسه له‌سه‌ر به‌سه‌رهاتی كۆچی دوایی سه‌رۆكی پێشووی عێراق ده‌كرێت، نامق به داواكارییه‌كه‌ی هه‌ڵكه‌وت مسته‌فا رازیده‌بێت، تاكو راستییه‌كان بۆ جیهان ده‌ربخات و گێڕانه‌وه‌كه‌ی ببێت به به‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كلایكه‌ره‌وه و حاشاهه‌ڵنه‌گر، ده‌رباره‌ی هه‌مو ئه‌و گومانانه‌ی باس له خیانه‌تكردنه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی گوایه سه‌دام حسین-ی راده‌ستی هێزه‌كانی ئه‌مریكا كردووه و ته‌ماحی له‌و بڕه پاره‌یه بووه كه حكومه‌تی ئه‌مریكا، ده‌یدات به‌و كه‌سه‌ی شوێنی سه‌دام-یان پێده‌ڵێت.
لێره‌وه ساڵی 2012، نامق و هه‌ڵكه‌وت به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و نووسینه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه ده‌ستپێده‌كات و تۆماركردنی دیمه‌نه‌كانی فیلمه‌كه، نزیكه‌ی 11 ساڵ ده‌خایه‌نێت، هۆكاری ئه‌و هه‌مو ساڵه‌ش، بۆ ئه‌و رووداوانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌و ماوه‌یه‌دا به‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه و جیهاندا هاتووه، له ده‌ركه‌وتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌وه، بۆ تێپه‌ڕبوون به قه‌یرانی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا. هه‌مو ئه‌وانه وایانكرد فیلمه‌كه درنگ بكه‌وێت و له‌م باره‌یه‌وه نامق ده‌ڵێت: "سوپاس بۆ خوا كه هاوكاری كردم و توانیم فیلمه‌كه، ته‌واو بكه‌م و بۆ جیهانی روونبكه‌مه‌وه؛ كه چۆن داب و نه‌ریتی عه‌ره‌بیمان، رێز له میوان ده‌گرێت و به‌ڵێن ده‌دات بیپارێزت و به‌رپرسیاره‌تی پاراستنی بگرێته ئه‌ستۆ".
سه‌دام حسین له نزیكه‌وه
سه‌دام حسین هه‌میشه به نامق-ی وتووه، ئه‌و-واته سه‌دام- وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیتكراو وایه و ئه‌گه‌ری هه‌یه له هه‌ر چركه‌یه‌كدا بێت بته‌قێته‌وه و هه‌مو ئه‌وانه بكوژێت كه له ده‌وروبه‌ریدان. نامق وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و پێی وتووه ئه‌وه ده‌زانێت و دڵنیایكردووه‌ته‌وه به‌رپرسیاره‌تی پاراستنی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت و هه‌ر چییه‌ك رووبدات، جێی ناهێڵێت.
نامق له درێژه‌ی وته‌كانیدا ده‌ڵێت: "سه‌دام پرسیاری زۆر ده‌كرد، به‌سه‌رهاتی زۆری ده‌گێڕایه‌وه و ده‌یویست نیه‌تی ئێمه تاقیبكاته‌وه. هه‌ستێكی زۆر به‌هێزی هه‌بوو، كه‌سی به‌رده‌می ده‌ناسی و ده‌یزانی تواناكانی به‌رگه‌گرتنی چه‌نده. ئه‌و هه‌میشه هه‌وڵیده‌دا به قسه رامانكێشێت، ئێمه ئه‌وه‌مان به‌لاوه ئاسایی بوو، پێمان ده‌وت ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه بێت به‌خێربێت، ئه‌وه‌ی خودا نووسیویه‌تی، هه‌ر ئه‌وه رووده‌دات".
به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌كانی نامق، هه‌ندێكجار سه‌دام كه‌سێكی قورس و به زه‌حمه‌ت بووه و هه‌ندێكجاری دی كه‌سێكی ساده بووه. ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات توڕه‌بوون و نیگه‌رانییه‌كانی سه‌دام، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه، ئه‌و كه‌سێك بوو، دیارنه‌مانی و خۆشاردنه‌وه‌ی، جیهانی تووشی سه‌رسوڕمان كردبوو، جیهانێك نزیكه‌ی 150 هه‌زار سه‌ربازی خستبووه‌گه‌ڕ تا به دوایدا بگه‌ڕێن و چاوه‌ڕوانی ساته‌وه‌ختی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی بكه‌ن.
سه‌روه‌ختێك رۆژنامه‌كان بڵاویانكرده‌وه، حكومه‌تی ئه‌مریكا بڕی 25 ملیۆن دۆلار، وه‌ك پاداشت ده‌دات به هه‌ر كه‌سێك، زانیاری‌یان له‌سه‌ر سه‌دام پێده‌دات یان ئه‌ویان راده‌ست ده‌كات. نامق هه‌واڵه‌كه‌ی به سه‌دام راگه‌یاندووه و به گاڵه‌ته و شۆخیكردنه‌وه پێی وتووه: "گه‌وره‌م نرخه‌كه‌ت زیادیكردووه"، هه‌روه‌ها ئه‌و رۆژنامانه‌ی بۆ هێناوه كه به زیاد له شێوه‌یه‌ك، وێنه‌ی سه‌دام-یان بڵاوكردبووه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه بوو سه‌دام بزانێت ئه‌مركییه‌كان چۆن چۆنی به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن و ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌شدا، سوپاس بۆ خوا توانیمان بیپارێزین. به‌ڵام خوای گه‌وره و میهره‌بان، ویستی ئه‌وه بوو ده‌ستگیربكرێت و راده‌ستبكرێت".
شوێنی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه
دیمه‌نه‌كانی تۆماركردنی فیلمه‌كه، له‌و شوێنه ئه‌سڵییه‌دا بوو كه تێیدا سه‌دام خۆی شاردبوه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه نامق باس له‌وه ده‌كات شوێنه‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نه‌مابوه‌وه و زیاد له جارێك روخێنرابوو. به‌ڵام ئه‌وان بۆ فیلمه‌كه، ئه‌و شوێنانه‌یان چاككردووه‌ته‌وه كه سوپای ئه‌مریكا له مه‌زره‌عه‌كه‌دا روخاندبوویان. ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات مه‌زره‌عه‌كه، بووه‌ته چۆڵه‌وانی و سه‌رجه‌م خانووه‌كانی خێزانه‌كه‌ی، روخێنراون و له‌گه‌ڵ زه‌ویه‌كه‌دا ته‌ختكراون و ده‌ڵێت: "قوربانیمان بۆ خۆمان و به ماڵ و موڵكه‌كانمان دا".
بۆچی عه‌لا نامق؟
مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن عه‌لا نامق له‌لایه‌ن سه‌دام حسین-ه‌وه به‌م جۆره بووه كه نامق باسی ده‌كات و ده‌ڵێت: "سه‌دام منی هه‌ڵنه‌بژاردبوو، به‌ڵام كاتێك له به‌غداد دێته‌ده‌ره‌وه، ده‌ڕوات بۆ لای شێخه‌كان، ئه‌وان ماوه‌ی 4 بۆ 5 رۆژ میوانداری ده‌كه‌ن و لایان ده‌مێنێته‌وه. وه‌لێ كاتێك ده‌زانێ شوێنه‌كه‌ی ئاشكرا بووه، ئه‌وێ جێده‌هێڵێت و په‌نا ده‌باته به‌ر ماڵێكی دیكه و بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ، له‌و ماڵه ده‌مێنێته‌وه. دواتر خاوه‌نی ماڵه‌كه، له ترسی سه‌لامه‌تی ژیانی خۆیان، داوای لێبوردنی لێده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێن ده‌بێت له‌وێ نه‌مێنێته‌وه و بڕوات. سه‌رۆك سه‌دام ئاوای پێ وتم".
نامق به‌ده‌روام ده‌بێت و ده‌ڵێت: "كاتێك سه‌دام هات بۆ لای من، پێم وت بۆچی ئێمه‌ت هه‌ڵبژاردووه؟ وتی له ڕێگادا بۆ ماوه‌ی چاره‌كێك نووستم، له خه‌وه‌كه‌مدا كه‌سێك وه‌ك تارمای هات بۆ لام و پێی وتم بڕۆ بۆ ماڵی حاجی نامق، بێ ئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌و حاجی نامقه كێیه. كاتێك له خه‌و هه‌ستام، پرسیارم له‌و پیاوانه كرد كه منیان ده‌پاراست، ئێمه له كوێین؟ پێیان وتم چه‌ند له سامه‌ڕاوه دوورین. منیش به‌وانم وت رێگای دۆره بگرنه‌به‌ر، سه‌روه‌ختێك چووینه سه‌ر ڕێگای دۆره، داوام لێ‌كردن بڕۆین بۆ ماڵی نامق. كاتێكیش ده‌گاته ماڵی ئێمه و چاوی به باوكم ده‌كه‌وێت، باوكم پێی ده‌ڵێت: "پشت به‌خوا ده‌توانین بتپارێزین".
نامق باس له‌وه ده‌كات باوكی، زۆر نیگه‌ران بووه و له‌وه ترساوه قوربانی به ئێمه بدات. به‌ڵام ئه‌و قسه‌ی له‌گه‌ڵ باوكی كردووه و پێی وتووه: "بابه‌ته‌كه كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆی ئێمه، پشت به خوا ده‌توانین به‌رگه‌ی ده‌رهاویشته‌كانی بگرین و ده‌بمه جێگای ره‌زامه‌ندی تۆ، با شوێنه‌كه‌ی بۆ ئاماده بكه‌ین. به‌ڵام ئه‌وان له ماوه‌ی 235 رۆژدا، له نێوان زیاد له شوێنێكدا جووڵه‌یان كردووه".
دوا ساته‌كانی كۆتایی
نامق باس له دوا وته‌كانی سه‌دام ده‌كات كه به نامق-ی وتووه: "شوێنه‌كه‌م بۆ بگۆڕه، ده‌مه‌وێت ئه‌م شوێنه به‌جێبێڵم"، منیش پێم وت: "زۆرباشه گه‌وره‌م، شوێنێكی دیكه‌م هه‌یه و بۆم ئاماده كردوویت"، ئینجا به سه‌دام ده‌ڵێت: "بۆچی ئه‌م شوێنه به‌جێبێڵین"؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت: "پێویسته له‌سه‌رمان ئه‌م شوێنه جێبێڵین"، نامق پێی ده‌ڵێت: "هه‌ر ئێستا به‌جێیبێڵین؟".
نامق له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باس له‌وه ده‌كات: "سه‌دام حسین هه‌ستی شه‌شه‌می زۆر به‌هێز بووه، ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی رووداوه‌كان رووبده‌ن، هه‌ستی پێده‌كرد و به راستیش هه‌ر وابوو." له‌وێدا سه‌دام ده‌ڵێت: "نا، سبه‌ی به‌یانی ئێره به‌جێده‌هێڵین". ئه‌م قسانه‌ی له رۆژی 13-12-2023 كردووه، له‌و كاته‌دا من پێم وت: "با هه‌ر ئێستا شوێنه‌كه بگۆڕین"، سه‌دام وتی: "نا، دانیشه".
ئیدی ئه‌و ده‌ستیكرد به ئاماده‌كردنی خواردنی ئێواره، منیش رۆشتم شوێنی دووه‌م به ته‌واوه‌تی ئاماده بكه‌م. تا ئێستاش ئه‌و هه‌سته به‌هێزه‌ی ئه‌وم له بیره كه هه‌ستی كردبوو شتێك رووده‌دات. له‌و چركه‌ساته‌ی دانیشتین نانی ئێواره بخۆین، هێزه‌كانی ئه‌مریكا دایان به‌سه‌ر مه‌زره‌عه‌كه‌دا و راسته‌وخۆ ده‌ستگیركراین".
ده‌ستگیركردن و هه‌ڕه‌شه‌كردن
نامق ده‌ڵێت: "ده‌ستگیركرام و ره‌وانه‌ی زیندانی ئه‌بو غرێب كرام، له‌وێ روبه‌ڕووی هه‌مو جۆره‌كانی ئه‌شكه‌جه‌دان بوومه‌وه. دوای زیاد له حه‌وت مانگ ئازادكرام، ئه‌مه دوای ئه‌وه بوو، ئه‌وان دڵنیابوونه‌وه‌ی له‌وه‌ی من هیچم نییه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت سه‌دام حسین-م شاردووه‌ته‌وه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم به سیاسه‌ته‌وه نییه. دوای هاتنه‌ده‌ره‌وه‌م له زیندان، چه‌ندینجار هه‌وڵی تیرۆركردنم دراوه و به فه‌زڵی خوای گه‌وره رزگارم بووه. به‌ڵام به‌داخه‌وه توانیان براكه‌م بڕفێنن و بۆ ماوه‌ی 33 رۆژ، له سندوقی پشته‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیلێكدا دایانابوو، تاكو فشار له من بكه‌ن و باس له چیرۆكی دیارنه‌مان و خۆشاردنه‌وه‌ی سه‌رۆك سه‌دام حسین نه‌كه‌م.
وه‌لێ پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا و هه‌ڵبه‌ستنی درۆ و ده‌سه‌له سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی من و سه‌دام و شێواندنی راستییه‌كان. بریارمدا راستی رووداوه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی روویانداوه، بگێڕمه‌وه و ده‌ڵێم من ناپاك و خیانه‌تكار نیم، رێگه به كه‌سیش ناده‌م به منداڵه‌كانم بڵێت منداڵی ناپاك و خیانه‌تكار".
سه‌باره‌ت به فیلمه‌كه، عه‌بدولستار ناجی، ره‌خنه‌گری كوێتی، پێوایه تێڕوانینی فیلمه‌كه تێڕوانینێكی تاك ره‌هه‌ندییه و ئاوڕی له‌و كاره‌سات و ئێش و ئازارانه نه‌داوه‌ته‌وه كه سه‌دام له عێراق و له ناوچه‌كه‌دا خستبوویه‌وه و به رۆژنامه‌ی ناوبراوی راگه‌یاندووه: "خۆ ئه‌گه‌ر نامق نازانێت و ئاگادارنییه، ئایا ده‌رهێنه‌ره‌كه نه‌هامه‌تی و ئێش و ئازاره‌كانی گه‌لی كوردی له‌بیرچووه‌ته‌وه؟ فیلمه‌كه هه‌وڵده‌دات وێنه‌ی دیكتاتۆر جوان بكات كه وڵاته‌كه‌ی خۆی وێرانكردبوو".
ئه‌و ره‌خنه‌گره كوێتییه، ره‌خنه له كۆتا رسته‌ی نامق ده‌گرێت كه سه‌باره‌ت به سه‌دام ده‌ڵێت: "پیاوێكی باش بوو، له‌گه‌ڵی ژیام، پشتی شۆردم و گۆشتی بۆ میوانه‌كانی ده‌برژاند، نامق ئه‌وه‌ی له‌بیرچووه ئه‌وه سه‌دام بوو ته‌واوی گه‌لێكی برژاند و هۆكاری ماڵوێرانییه‌كان بوو".
خالید مه‌حمود ره‌خنه‌گری میسری، هاوڕایه له‌گه‌ڵ قسه‌كانی ناجی و ده‌ڵێت كۆتا قسه‌كانی نامق، فیلمه‌كه‌ی تێكداوه. چونكه هه‌وڵیداوه بۆچوونی خۆی به‌سه‌ر بینه‌ردا بسه‌پێنێت، كاتێك ده‌ڵێت سه‌دام باشه و دیكتاتۆر نییه. باشتر بوو نامق بڕیاردانی بۆ بینه‌ر و خه‌ڵك به‌جێهێشتایه. هه‌روه‌ها خالد پێیوایه فیلمه‌كه بۆ بێبه‌ریكردنی سه‌دام به‌رهه‌مهاتووه و ده‌ڵێت: "هه‌رچه‌نده فیلمه‌كه ره‌گه‌زی هونه‌ری باشی له‌خۆگرتووه، به‌ڵام ئامانجه سیاسییه‌كه زاڵه به‌سه‌ر ئامانجه هونه‌رییه‌كه‌دا".
له كۆتایدا پێویسته ئاماژه به‌وه بدرێت، تۆڕی میدایی رووداو، یه‌كێكه له هاوبه‌شه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی فیلمه دیكۆمێنتارییه‌كه و مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی فیلمه‌كه له هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ده‌رهێنه‌ره كورده‌كه هه‌ڵكه‌وت مسته‌فا كه دانیشتوی نه‌رویجه، رۆژی 13 تشرینی دووه‌می 2023، به تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاندووه: "ئامانج له به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كه، گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی راسته‌قینه‌ی ئه‌و چاڵه‌یه بۆ جیهان؛ كه تێیدا سه‌دام حسین دۆزرایه‌وه. تاقه یه‌ك كه‌س هه‌بوو بتوانێت ئه‌و چیرۆكه بگێڕێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌و كه‌سه بوو به ده‌ستی خۆی چاڵه‌كه‌ی بۆ سه‌دام حسین هه‌ڵكه‌ندبوو".
هه‌ڵكه‌وت مسته‌فا له ساڵی 2016، دوای ده‌رهێنانی فیلمی "كلاسیكۆ" و نمایشكردنی له 56 ده‌وڵه‌ت و وه‌رگرتنی چه‌ندین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی، ناوبانگ و سه‌ركه‌وتنێكی جیهانی به‌ده‌ستهێناوه.
PM:01:19:09/12/2023
ئه‌م بابه‌ته 3008
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت