فەرید ئەسەسەرد: نابێت دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی شانی لەشانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بدات
وێستگە نیوز:
فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی رێكنەكەوتوون و دەڵێت، ئەو دەسەڵاتانەی ئەو ئەنجومەنە دەیبێت نابێت شان لەشانی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بدات، بۆ پەیوەندیشیان لەگەڵ پارتی دەڵێت :"ئێمە هەمان سیاسەتی پێشوومان دەبێت ئەویش بریتییە لەسەقامگیركردنی ئەو شەریكایەتییەی كە لەچوارچێوەی كابینەی نۆیەم لەنێوانمان لەئارادایە".
دوێنێ سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە و تیایدا فەرید ئەسەسەرد، وەك سكرتێر، مستەفا چاڵاوی، وەك جێگر، تابان عەبدوڵا وەك بڕیاردەری ئەنجومەنەكە هەڵبژێردران، فەرید ئەسەسەرد لەیەكەم چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ (وێستگە نیوز) باسی كارەكانی قۆناغی داهاتوویان دەكات.
وێستگە نیوز: دوای هەڵبژاردنی سكرتاریەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی، هەنگاوی داهاتووتان چی دەبێت؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەمە بەشێكە لەپڕۆسەیەك كە ماوەیەك لەمەوبەر دەستمان پێكرد، سەرۆكی حیزب هەڵبژێردرا، دوێنێش سكرتێر و جێگر و بڕیاردەری سەركردایەتی هەڵبژێردران، پاشان دەچینە سەر هەڵبژاردنی كارگێڕەكان، دواتر هەڵبژاردنی بەرپرسی مەكتەب و مەڵبەندەكان كە فۆرم دابەشكراوە و هەموو ئەندامێكی سەركردایەتی بژاردەكانی خۆی دیاریكردووە، پاشان دەچینە سەر بۆردەكانی ناو مەكتەبەكان، پاشان لەناو سەركردایەتی چەند كۆمسیۆنێك هەیە بەرپرسەكانیان بەهەڵبژاردن دیاری دەكرێن.
وێستگە نیوز: كەی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێن؟
فەرید ئەسەسەرد: هەر كاتێك مەكتەبەكانمان هەڵبژارد، بەرپرسی مەكتەبەكان دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، بەڵام مەكتەبی سیاسی نوێ وەك ساڵانی رابردوو نییە، كاتێك كۆدەبێتەوە پێكدێت لەهەردوو سەرۆك، دەستەی كارگێڕ، بەرپرسی مەكتەبەكان، بۆیە پاش هەڵبژاردنی كارگێڕان و بەرپرسی مەكتەبەكان، مەكتەبی سیاسی پێكدێت.
وێستگە نیوز: چەند مەكتەب دەمێنن؟
فەرید ئەسەسەرد: رەنگە ناوەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، بەڵام گۆڕانكاری گەورە لەناوەڕۆكیان هاتووە، ئەمە وردەكاری زۆری دەوێت.
وێستگە نیوز: ئەی مەڵبەندەكان چەندیان دەمێنن؟
فەرید ئەسەسەرد: 16 تا 17 مەڵبەند هەیە دەستكاری ناكرێن، ئەوەی ماوە دوو بابەتە، یەكێكیان دیاریكردنی بەرپرسی مەڵبەندەكانە كە لەسەركردایەتی بەهەڵبژاردن دەبێت بەپێی بازنەكانی هەڵبژاردن، دووەمیش رێكخستنەوەی مەڵبەندەكانە كە بەرپرسەكە ئەوەیان دەكات.
وێستگە نیوز: ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی دەسەڵاتەكانی چۆن دەبێت، ئایا لەگەڵ سەركردایەتی بەریەككەوتن روونادات؟
فەرید ئەسەسەرد: تائێستا هیچ بەریەك كەوتنێك رووینەداوە، چونكە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دیارینەكراون، بەڵام كاتێك دەسەڵاتەكان دیاری دەكرێن سنورێك لەنێوان دەسەڵاتەكان دیاری دەكرێن، ئێستا ئەنجومەنی سیاسی هیچ دەسەڵاتی نییە، بۆیە دەسەڵاتەكانیان دیارینەكراون و لەناو پەیڕەویش دەستنیشان نەكراون، تائێستا ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان نوێنەرانی هەردوو ئەنجومەن كراون سەركەوتوو نەبووە، دیاریكردنی دەسەڵاتی باڵای سیاسی بەندە بەڕێككەوتنی نوێنەرانی هەردوولا بەو گفتوگۆیەی لەنێوانیان لەئارادایە.
وێستگە نیوز: هۆكاری رێكنەكەوتن و جیاوازییەكان چین؟
فەرید ئەسەسەرد: تێڕوانینی جیاواز لەسەر مەسەلەكان و دەسەڵاتەكان هەیە، بەڵام هەمووی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە سازانێك لەسەر بڕێك دەسەڵاتەكان نەهاتۆتەدی، بەدڵنیاییەوە ئەو دەسەڵاتانەی كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوای دەكات رەنگە ئەوان بەئاسایی وەریبگرن و لای ئەوان كەمیش بێت، بەڵام لای ئەنجومەنی سەركردایەتی پێیانوایە زۆرە و زیاد لەپێویستە.
وێستگە نیوز: بۆ نموونە ئەوان داوای چی دەكەن؟
فەرید ئەسەسەرد: پڕۆژەیەكیان داوەتە سەركردایەتی دەسەڵاتەكانی خۆیان چەسپاندووە، بەڵام ئەوە پڕۆژەیە و دەبێت رێككەوتنی لەسەر بكرێت، بەڵام تائێستا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، لەبەرئەوە مەسەلەكە بەهەڵپەسپێردراوی ماوەتەوە.
وێستگە نیوز: پێشبینی دەكەن ئەو ئەنجومەنە بەدەسەڵاتی تەشریفاتی رازی بن، چونكە ئەوانیش كۆمەڵێك سەركردەی دیار و بەئەزمونی یەكێتین؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەگەر مەسەلەكە هاتە سەر ئەوەی ئەو ئەنجومەنە تەشریفاتی بێت پێموایە ئەو كاتە دەڵێین كێشەكەمان چارەسەر كردووە، بەڵام لەهەمانكاتیشدا پێمانوایە شتێكی قورس و نالەباریش دەردەچێت كە دوو ئەنجومەنی جێبەجێكار لەیەك چوارچێوەدا كار بكەن، لەبەرئەوە دەبێت یەكێكیان ئەنجومەنی جێبەجێكار و ئەوەی دیكەش ئەنجومەنێكی ناجێبەجێكار بێت.
وێستگەنیوز: مەبەستت لەجێبەجێكار سەركردایەتییە؟
فەرید ئەسەسەرد: بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی كە كۆنگرە لەپەیڕەوەكەیدا داویەتی بەئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی جێبەجێكارە، ئەوەی دیكەیان تائێستا دەستنیشان نەكراوە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتەكان لای سەركردایەتی بێت، رەنگە پێویست نەكات دەسەڵاتێكی دیكەی جێبەجێكاریش دروست ببێت، بەڵام دەكرێت ئەو ئەنجومەنە هاوكار و تەواوكاری ئەنجومەنی سەركردایەتی بێت، بەڵام ئەوە پێویست بەوە دەكات كە ئەو دەسەڵاتانەی ئەو ئەنجومەنە دەیبێت نابێت شان لەشانی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بدات، بەداخەوە تائێستا ئەو مەسەلەیە یەكلایی نەبۆتەوە و بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
وێستگە نیوز: كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵ چ پۆستێكیان پێدەدرێت؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەوان دوێنێ لەكۆبوونەوەكان بەشداربوون و لەدەنگدانیش بەشداربوون، بەدڵنیاییەوە ئەوە بۆ هەموو ئەندامێكی یەكێتی هەواڵێكی دڵخۆشكەرە، بۆ پۆستەكانیش هەمووی بەهەڵبژاردنە، بەڵام دەكرێت بگەین بەسازان لەگەڵ هەموو ئەو گروپانەی بایكۆتی كۆبوونەوەكانیان كردووە لەسەر ئەو پۆستانەی كە ئەوان دەیانەوێت وەریبگرن.
وێستگە نیوز: بۆ داهاتوو پەیوەندیتان لەگەڵ پارتی چۆن دەبێت؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە هەمان سیاسەتی پێشوومان دەبێت ئەویش بریتییە لەسەقامگیركردنی ئەو شەریكایەتییەی كە لەچوارچێوەی كابینەی نۆیەم لەنێوانمان لەئارادایە، دووەمیش ئێمە رەنگە لەهەندێك قۆناغدا پەیوەندی گرژمان لەگەڵ یەكتر هەبووبێت، بەڵام ئێمە لەقۆناغێكی دیاریكراودا توانیمان ئەو گرژییە تێپەڕێنین و گەیشتینە ئەندازەی رێككەوتنی هاوكاری و ستراتیژی، لەبەرئەوە بنەمایەك هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا، هیوادارین بتوانین ئەو پەیوەندییە لەناو كابینەی نۆیەم بەرجەستە ببێت.
وێستگە نیوز: لەگەڵ گۆڕانن لەیەك زۆنن، لەگەڵ ئەوان چۆن دەبن؟
فەرید ئەسەسەرد: پێموایە بەشێك لەسیاسەتی ئەم سەركردایەتییە تازەیە دوای كۆنگرەی چوارەم بریتییە لەدروستكردنی چاكترین پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆتایهێنان بەهەموو ئەو كێشانەی لەنێوانمان هەیە ئەگەر هەبێت، هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەكانمان بەراورد لەگەڵ جاران نزیكە لەوەی بەئاسایی بناسرێت، بەڵام رەنگە هەر پێویستمان بەوە هەبێت هەماهەنگییەكی زیاترمان لەگەڵ یەكتردا هەبێت و بناغەیەك باشترمان هەبێت بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ یەكتر.
AM:10:51:01/03/2020
ئهم بابهته 10592
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت