هانا عه‌لی‌: كورد نازانێت روتی چیه‌!


هانا عه‌لی‌: كورد نازانێت روتی چیه‌!

فیمینیسته‌ ڕادیكاڵه‌كان پێیانوایه‌ ژن ده‌بێت بێ‌ پیاو بێت

ئا: هێما نه‌بی‌
هانا عه‌لی‌ نووسه‌ر‌و خوێندكاری‌ جێنده‌رناسی له‌ George Brown College له‌كه‌نه‌دا‌و ڕاوێژكاری بۆ ژنان‌و منداڵان، له‌م گفتوگۆیه‌ی‌ ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی ناونراوه‌ خۆشه‌ویستی له‌نێوان پیاو‌و ژندا ته‌نها درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ چاوبه‌ست كردنی ژنانه‌، به‌ڵام من باوه‌ڕم به‌وه‌ نییه‌".


# جێنده‌ر چییه‌‌و كه‌ی سه‌ره‌تای قسه‌وباس له‌سه‌ر جێنده‌ر ده‌ستیپێكرد؟
هانا: جێنده‌ر كۆنسێپتێكی تازه‌ نییه‌‌و له‌مێژوویه‌كی دووره‌وه‌ فێمیمینسته‌كان به‌كاریانهێناوه‌، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای  ساڵه‌كانی ١٩٧٠‌وه‌ هاتووته‌ ناو بواری ئه‌كادیمیه‌وه‌. له‌سه‌ره‌تادا كۆمه‌ڵێ لێكۆڵه‌ر جێنده‌ریان  به‌و مه‌به‌سته‌ به‌كارهێنا تا ڕه‌گه‌ز‌وه‌ك بایۆلۆژیا له‌ڕه‌گه‌ز به‌مانا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی جیابكه‌نه‌وه‌. به‌كورتی جێنده‌ر لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌گه‌ز دیاریده‌كات‌و كاری له‌سه‌ر ده‌كات له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌ جیاجیاكاندا. فێمینیسته‌كان ته‌نیا گرووپن كار به‌چه‌مكی جێنده‌ر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كاندا سه‌باره‌ت به‌ره‌گه‌ز دیاریبكه‌ن. فێمینیزم پێیوایه‌ ئه‌م زانسته‌ بۆ لایه‌نه‌كانی ژیانی مرۆڤ گرنگه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا،  هه‌ربۆیه‌ش له‌زۆر له‌زانكۆكانی‌وڵاتانی ڕۆژئاوا پڕۆگرامی تایبه‌ت به‌بواری زانستی جێنده‌ر هه‌یه‌‌و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. 

#  كاریگه‌ری بزوتنه‌وه‌ی فێمینیستی له‌سه‌ر كاریگه‌ریه‌ ئه‌رێنییه‌كانی جێنده‌رناسی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا چی بووه‌؟
هانا: فێمینیزم له‌جێنده‌ر جیا ناكرێته‌وه‌، باسم كرد، كه‌ جێنده‌ر بواری ئه‌كادیمیانه‌یه‌‌ له‌ڕێی لێكۆڵینه‌وه‌كانیانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تی فێمینیزم دیاری ده‌كات له‌كۆمه‌ڵدا. بۆ نموونه‌ هۆكاری دیسپلین‌و كۆنترۆڵی ژنان له‌كۆمه‌ڵدا هۆكاره‌كه‌ی چیه‌؟ بۆ‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌‌ فاكت‌و لێكۆڵینه‌وه‌مان پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین گۆڕانكاری تیابكه‌ین. بۆ نموونه‌ بۆ یه‌ك ناسنامه‌ی سێكشواڵیه‌ت له‌كۆمه‌ڵی كوردیدا هه‌یه‌ كه‌ هێترۆسێكشواڵیه‌ته‌؟ ئه‌مه‌ ناڕه‌وایه‌، چونكه‌ چه‌ندین ناسنامه‌ی تری سێكشواڵیه‌ت له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هه‌یه‌، به‌ڵام یه‌ك دانه‌یان سه‌پاوه‌،‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌ی نێوان پیاو‌و ژنه‌،‌ له‌كاتێكدا زۆر له‌سۆسیۆلۆژه‌كان باس له‌٩ جۆر ناسنامه‌ی سێكشواڵیه‌ت ده‌كه‌ن له‌كۆمه‌ڵگه‌دا‌و پێموایه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌‌كی گه‌وه‌ره‌یه‌ له‌دونیابینی خه‌ڵكی لای ئێمه‌دا، بۆیه‌ جێنده‌ر هه‌ڵه‌كانی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرس‌و  سیاسه‌تی فێمینیزمیش به‌ده‌یان شێوه‌ی جیاجیا كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی هاوسه‌رگیری‌و به‌خێوكردنی منداڵ‌و ژیانێكی ئاسایی بۆ هۆمۆسێكشواڵه‌كان ده‌ده‌ن‌و كردویانه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێشتا له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌شدا ناڕۆشنی‌و نه‌زانیه‌كی گه‌وره‌ به‌بزوتنه‌وه‌ی فێمینیزم‌و زانستی جێنده‌رناسی هه‌یه‌. فێمینیزم پێیوایه‌ كۆمه‌ڵگه‌ دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر دوو ڕه‌گه‌زدا، له‌نێوان ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌شدا ڕه‌گه‌زی سێهه‌م هه‌یه‌، كه‌ هه‌م ژنه‌‌و هه‌م پیاو (Intersex). له‌زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كاندا، كه‌ كوردستان یه‌ك له‌وانه‌یه‌، زانینێكی زۆر ساده‌‌و سه‌ره‌تایی بۆ ڕه‌گه‌ز‌و تێگه‌شتن له‌ڕه‌فتاری ڕه‌گه‌زی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ویه‌تی سێكشواڵیه‌تی هێشتا نه‌بووه‌ به‌باس‌و زۆربه‌مان پێمانوایه‌، نۆڕماڵ بوون ئه‌وه‌یه‌ ژن یانی ژن‌و پیاو یانی پیاو، له‌كاتێكدا به‌پێی زانستی جێنده‌رناسی زۆر جیاوازه‌و چه‌ندین جۆری جیاجیای هه‌ویه‌تی سێكشواڵیه‌تی هه‌یه‌‌و فێمینیزم‌و جێنده‌رناسی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. گروپه‌كانی گه‌ی، لێزبیان، كویر، بایسێكشواڵ (Gay,Lesbian, Queer, Bisexual)، هه‌موو له‌یه‌كتر جیان‌و په‌یوه‌ندیه‌ سێكسیه‌كانیان‌و سیفاتی تایبه‌تیان به‌پێی ئه‌م زانسته‌، به‌سه‌ر ڕه‌گه‌زێكی دیاریكراودا به‌درۆ ده‌خاته‌وه‌.

#: له‌پاڵ جێنده‌ره‌وه‌ هه‌میشه‌ باسی جێنده‌ر ئینئیكوالێتی ده‌كرێت "نایه‌كسانی ره‌گه‌زی"، ئایا ئه‌م باسه‌یان به‌هۆی نایه‌كسانی ڕه‌گه‌ز‌و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی  شوێنه‌ فه‌رمییه‌كان بوو؟
هانا: پێموایه‌ ئه‌وه‌ فێمینیزمه‌‌ باس له‌نایه‌كسانی ده‌سه‌ڵاتی ره‌گه‌زی ده‌كات له‌كۆمه‌ڵگه‌دا. ‌وه‌ك‌وتم‌و له‌رێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی زانستی جێنده‌ره‌وه‌ ئێمه‌ په‌ی به‌نایه‌كسانییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ ده‌به‌ین. مانای سه‌رده‌سته‌ بوونی پیاوان به‌سه‌ر ژنان له‌كۆمه‌ڵدا زۆر كێشه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژن تا لێواره‌كانی مردن ببرێ، كه‌واته‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ نایه‌كسانه‌ بۆیه‌ ده‌بێ به‌پێی سیاسه‌تی فێمینیزم، خه‌بات بكرێ بۆ یه‌كسانی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان ره‌گه‌زه‌كاندا.

من پێموایه‌ له‌ره‌گه‌زێك زیاتر كراون به‌گروپی ژێرده‌سته‌. ئه‌وانیش ژن‌و ئینته‌رسێكسه‌كانن‌و نایه‌كسانی‌و بێمافی ئه‌چێته‌ نێو قوڵایی ژیانكردن به‌سه‌رله‌به‌ری، ‌وه‌ك له‌كوردستان هه‌یه‌. نایه‌كسانی جێنده‌ری له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌ناو سیاسه‌ت‌و ماڵ‌و په‌رله‌مان‌و ته‌واوی دام‌و ده‌زگای حكوومه‌ت‌و تا ده‌گاته‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، به‌تۆخی ده‌بینرێت‌و هه‌ستی پێده‌كرێت. له‌هیچ شوێن‌و دام‌و ده‌زگایه‌كی هه‌رێمی كوردستاندا، مامه‌ڵه‌ی دروست‌و یه‌كسان نابینرێت، له‌نێوان ڕه‌گه‌زی ژن‌و پیاودا، خۆ جارێ ڕه‌گه‌زی سێهه‌م، ‌ون بووه‌ له‌و نێوه‌نده‌دا‌و هیچ جۆره‌ یاسایه‌ك مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان ناپارێزێت. له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ‌وه‌ك كوردستاندا، كه‌ كۆی داموده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ده‌ست پیاوه‌، جێگه‌یه‌ك بۆ یه‌كسانی جێنده‌ری نیه‌ هێشتا. 

#: ئایا چه‌مكی جێنده‌ر ته‌نیا بۆ خزمه‌تكردن‌و پشتگیری كردنه‌ له‌ ره‌گه‌زی ژن؟
هانا: بێگومان ‌وانییه‌، جێنده‌ر تایبه‌ت نییه‌ بۆ باسكردنی ته‌نها یه‌ك ڕه‌گه‌ز.  ئه‌مرۆ دونیابینی من ‌وه‌ك فێمینستێك‌ بۆ مه‌سه‌له‌كانی تر، ته‌نانه‌ت ڕوانگه‌ی ئێمه‌ (فێمینسته‌كان)‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی‌و رۆژئاوایی، نه‌ژاد چین، سێكشواڵیه‌ت‌و ئایین چۆن دروستده‌بێ، هه‌مووی په‌یوه‌ندی به‌شێوازی بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌،‌ بۆیه‌ جێنده‌ر ته‌نها ره‌گه‌ز له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ناخاته‌ ژێر پرسیار، به‌ڵكو له‌بنه‌ڕه‌تدا زانست چۆن د‌روستبوو یان فه‌لسه‌فه‌، ده‌سه‌ڵات هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌زانستی جێنده‌رناسیدا ده‌خوێنرێت ئاشنامان ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ بۆ ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو بیرده‌كه‌ینه‌وه‌؟ فێمینیزم پێیوایه‌ زانست به‌شێكه‌ له‌تێنه‌گه‌شتنی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ بواری جێنده‌ر.  بۆ نموونه‌ تا ئێستا ته‌نها دوو جۆر كرۆمۆسۆمی سێكسی به‌خه‌ڵك ده‌ناسرێت كه‌ ناسراون به‌ xx‌و xy، له‌كاتێكدا ٩٨ جۆر كرۆمۆسۆم هه‌ن‌و ئه‌م كرۆمۆسۆمانه‌، به‌شێكیان به‌ته‌واوی به‌رپرسیارن له‌سلوك‌و ڕه‌فتاری تاك. زانستی پزیشكی تا به‌م ساته‌‌و له‌رۆژائاواشدا، هۆشیاری ئه‌وه‌یان نه‌داوه‌ به‌خه‌ڵك، كه‌ هه‌موو پێویسته‌ تێستی خۆمان بكه‌ین، كه‌ ئایه‌ به‌ڕاستی ژنین یان پیاو. من تێده‌گه‌م ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ به‌قورس بكه‌وێت له‌سه‌رم‌و هه‌ندێك به‌په‌ڕگیری فكری لێیتێبگه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئێستا باسێكه‌ له‌نێو فێمینسته‌كاندا‌و جێنده‌رناسان هه‌وڵی به‌كۆمه‌ڵایه‌تی كردنی ئه‌م باسانه‌ ده‌ده‌ن. به‌ڕای من یه‌ك جێنده‌ر هه‌یه‌، كه‌ پێناسه‌ی ڕه‌گه‌زه‌ جیاوازه‌كان ده‌كات‌و ڕه‌فتاری ژن بوون‌و پیاو بوون (Masculine Feminin)، ‌وابه‌سته‌ ناكات، به‌پێكهاته‌ی بایۆلۆژی مرۆڤه‌وه‌. به‌ڵكو ده‌كرێت كه‌سێك له‌ڕووی بایه‌لۆژیه‌وه‌ پیاو بێت، به‌ڵام سیفه‌ته‌ تایبه‌ته‌كانی ‌وه‌ك هه‌ر پیاوێكی تر نه‌بێت. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ لاسایی ژن ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو سیفات‌و به‌رخودی ئه‌و جۆرێكی تره‌. هه‌روه‌ها بۆ ژنێك.

#: ۆرێك له‌فێمینیسته‌كان سێكس به‌چه‌وساندنه‌وه‌ی سه‌ره‌كی ژن داده‌نێن، ته‌نانه‌ت رادیكاڵه‌كان ئامۆژگاری لێسبه‌ن ده‌كه‌ن بۆ رزگاركردنی جه‌سته‌ی ئافره‌ت، ئایا دیبه‌یته‌ جیاوه‌زه‌كان له‌سه‌ر جێنده‌ر‌و نایه‌كسانی جێنده‌ری چۆن كاریان له‌سه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌ كردووه‌؟
هانا: به‌ڵێ ئه‌وه‌‌وایه‌ به‌تایبه‌ت ڕادیكاڵ فێمینیسته‌كان، چون سێكشواڵیه‌ت به‌هۆكاری چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان ده‌زانن كه‌ پیاو، له‌ڕووی له‌ش‌و كاره‌وه‌ ژن ئیستغلال ده‌كات. تیوری ڕادیكاڵ فێمینیست پێیوایه‌ ژن ده‌بێت بێ پیاو بێت. هه‌موو كار‌و بواره‌كانی ژیان له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی خۆی ئه‌نجامبدات. ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی ناونراوه‌ خۆشه‌ویستی له‌نێوان پیاو‌و ژندا ته‌نها درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ چاوبه‌ست كردنی ژنانه‌، ئه‌گینا چۆن خۆشه‌ویستی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتدار‌و بێده‌سه‌ڵاتدا دروست ده‌بێ! له‌بیرمان نه‌چێت فێمینسته‌كان جۆراوجۆرن. من خۆم به‌فێمینست ڕادیكاڵ ده‌زانم‌و تیوری خۆجیاكردنه‌وه‌ش له‌پیاوان به‌دروست نازانم. ڕۆكسێن گه‌ی، نووسه‌ر‌و فێمینستی كه‌نه‌دی، له‌ساڵی ٢٠١٠‌وتارێكی زۆر گرنگی نووسیوه‌ به‌ناونیشانی "فێمینستیكی خراپ" Bad Feminist.  نووسه‌ر له‌وێدا به‌ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌ی فێمینیزم ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئایا ئه‌وه‌ كێیه‌ بۆمان دیاریده‌كات، فێمینیزم چیه‌‌و ده‌بێت چی جۆره‌ فێمینستێك بین؟ ئه‌و پێیوایه‌ زۆر كه‌س ده‌توانێت فێمینیست بێت‌و خۆی بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بۆكسه‌ داخراوه‌ی بۆ فكری فێمینیستی نووسراوه‌.

ڕۆكسێن به‌خۆی ده‌ڵێت "من فێمینیستم، به‌ڵام فێمینستێكی خراپ"، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و خراپ بوونه‌ مه‌به‌ستی له‌وه‌یه‌ كه‌ ئیتر له‌قاڵبێكی داخراو بچینه‌ ده‌ره‌وه‌و پێمانوانه‌بێت ئه‌وه‌ی فێمینیست بێت، یانی ئیتر نابێت كراسی ته‌نك‌و كورت له‌به‌ربكات‌و نابێت مكیاج بكات‌و مووی ده‌ست‌و قاچی لانه‌بات. به‌بۆچوونی من ڕۆكسین گه‌ی، زۆر جوان ته‌عبیری له‌خۆی كردووه‌و من زۆر كۆكم له‌گه‌ڵی. ئه‌وه‌ی فێمینست ڕادیكاڵه‌كان ده‌یڵێن پێموایه‌ حه‌قیقه‌تی تێدایه‌ تا ڕاده‌یه‌ك، به‌ڵام بێگومان به‌و شێوه‌ ڕه‌هایه‌ نییه‌ لای من. بۆ نموونه‌ سه‌دان ژنی كورد له‌وپه‌ڕی بێ مافیدا له‌نێو ماڵه‌كانی خۆیاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن گوایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی مێرده‌كانیان خۆشده‌وێت، ناتوانن لێیان جیاببنه‌وه‌! من پێموایه‌ ئه‌وجۆره‌ خۆشه‌ویستیانه‌ درۆیه‌كی ئاشكرایه‌و ژنان ده‌بێت له‌و چوارگۆشه‌ داخراوه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌. خۆزگه‌ ژنی كورد به‌م ئاگاییه‌ بگه‌شتایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پیاوی سته‌مكاری له‌ژیانی خۆی ‌وه‌ده‌ربنایه‌.  فێمینیزم پێیوایه‌، مرۆڤ ده‌بێت بایی ئه‌وه‌ ئازادی هه‌بێت بۆ جه‌سته‌ی خۆی، دكتۆرێك كه‌ له‌خه‌سته‌خانه‌ له‌سه‌ر فایله‌كه‌ی ده‌نووسێت كچ یان كوڕ، ئیتر نه‌بێت به‌حه‌قیه‌تی جۆری سێكشواڵیه‌تی ئه‌و منداڵه‌. خه‌ڵكێك هه‌ن كه‌ دركیان به‌م لایه‌نی جێنده‌رناسییه‌ كردووه‌، دوو ناوی جیا، یه‌ك بۆ كچ‌و یه‌ك بۆ كوڕ، بۆ منداڵه‌كانیان داده‌نێن‌و زۆر ڕوون باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ دكتۆر چی نووسیوه‌ له‌سه‌ر كارتی له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌یان بۆیان گرنگ نییه‌‌و ئه‌وان هێشتا نازانن، منداڵه‌كه‌یان چ ڕه‌گه‌زێكی هه‌یه‌، به‌ڵكو هێشتوویانه‌ته‌وه‌ بۆ دوای ته‌مه‌نی ٧ ساڵی، كه‌ منداڵ له‌و ته‌مه‌نه‌دا ده‌زانێت، چی جۆرێك سێكشواڵیتی گونجاوه‌ بۆی‌و خۆی ئه‌و بریاره‌ بدات، كه‌ ئایا كچه‌ یان كوڕ‌و یه‌ك له‌ناوه‌كان بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێت.  

#  ئایا ره‌گه‌ز به‌سیاسی نه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن فێمینیسته‌كانه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی تر ئایا سێكسواڵێتی به‌سیاسی نه‌كراوه‌؟
هانا: سیاسه‌تی فێمینیزم هه‌وڵدانه‌ بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی‌و یه‌كسانی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌سڵه‌ن مێژوو پڕیه‌تی له‌م حه‌قیقه‌ته‌. كۆیله‌بوونی ڕه‌شپێسته‌كان‌و باڵاده‌ستبوونی سپیپێست، سیاسه‌ت به‌سه‌دان ساڵ كاری له‌سه‌ر كردووه‌. ئاپارتایدی ڕه‌گه‌زی، شتێك نییه‌ خه‌ڵك نه‌یزانێت. له‌سه‌رده‌می ئێستاشدا‌و له‌‌وڵاته‌ هه‌ر دیموكراتییه‌كاندا، پاوه‌ری ڕه‌گه‌زی سپیپێست زیاتره‌ تا ڕه‌شپێست. سێكسیزم له‌لوتكه‌ی خۆیدایه‌ له‌به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌. ڕه‌گه‌ز به‌سیاسی نه‌كراوه‌، به‌ڵكو خۆی سیاسه‌ته‌. ئه‌ڤین عه‌زیز، ڕه‌فتارناس‌و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی بواری جێنده‌ر به‌باشی له‌بابه‌تی "ڕاڤه‌یه‌كی كورت له‌سه‌ر فێمینیزم‌و جێنده‌ر" له‌گۆڤاری دابڕاندا، باس له‌سێ پایه‌یی سه‌ره‌كی فێمینیزم ده‌كات، ئه‌وانیش: ئایدۆلۆژیا، سیاسه‌ت، جێنده‌ره‌. ئێمه‌ ناتوانین باس له‌فێمینیزم بكه‌ین بێ له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات‌و ڕه‌گه‌زدا. پیاو له‌نێو سیاسه‌تدا ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌های هه‌یه‌‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ڕه‌گه‌زی پیاوان به‌كارده‌هێنرێت. به‌ڕای من سیاسییه‌كان سته‌می ڕه‌گه‌زی ‌وه‌ك ‌وه‌سیله‌یه‌ك به‌كارده‌هێنن بۆ سته‌م‌و نایه‌كسانی ڕه‌گه‌زی، خه‌ڵكێكی تریش هه‌یه‌، كار له‌سه‌ر گۆرینی ئه‌مه‌ ده‌كات.

# رووتكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌كان به‌سه‌ بۆ رزگاركردنی ژنان له‌ده‌ست هه‌ژموونی پیاو؟
هانا: له‌وه‌تای فامم كردووه‌ته‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا ئه‌م دو ‌وشه‌یه‌ ده‌بیستم "خۆی ڕووت كردووه‌ته‌وه‌". ڕوتی ‌وه‌ك ئیهانه‌‌و بێده‌نگكردنی ده‌یان گرووپی سیاسی دونیا به‌كارهاتووه‌. هه‌ر له‌و كوردستانه‌ی خۆمان، ساڵانێك له‌دژی كۆمۆنیسته‌كان به‌كارده‌هات. له‌رۆژگاری ئه‌مرۆشماندا له‌دژی فێمینسته‌كان‌و ژنه‌ چالاك‌و ئازاده‌كان. پێشتر بابه‌تێكم به‌ناونیشانی "ِوتی ‌وه‌ك درۆیه‌كی ئاسان" له‌میدیاكاندا بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووتی. له‌وێدا به‌ڕونی باسی ئه‌وه‌م كردووه‌، كه‌ كورد نازانێت ڕووتی چیه‌! ڕوتی ته‌نها یه‌ك مانای هه‌یه‌، ئه‌ویش موجه‌ڕه‌د بوونی جه‌سته‌یه‌ له‌جل‌وبه‌رگ. هاوكات نیمچه‌ ڕووتیش هه‌یه‌، كه‌ ته‌نها شۆرت بۆ پیاوان‌و شۆرت‌و ستیان بۆ ژنان ئه‌گرێته‌وه‌. تاكێكی كوردم نه‌بینیوه‌ له‌هیچ كوێی دونیا ڕوت بێت. خه‌ڵكێك هه‌ن، سه‌یری فیلمی پۆرنۆ ده‌كه‌ن‌و دێن باسی فێمینسته‌كان ده‌كه‌ن به‌خه‌یاڵی ئه‌و فیلمانه‌وه‌، ئه‌گینا فێمینیزم خۆی دژی ڕوتییه‌. گروپێكی فێمینیست هه‌ن كه‌ به‌سنگ ڕووتكردنه‌وه‌ چالاكیه‌كانی خۆیان ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئه‌وانیش ڕووت نین به‌ڕای من، به‌ڵكو سنگیان ڕوته‌. ناڕه‌زایی ده‌ربرینی مه‌ده‌نیانه‌ سه‌دان جۆره‌، ئه‌و گروپه‌ ژنه‌ش به‌ڕووتی مه‌مكی خۆیان، ده‌یان سیاسی‌و كرده‌وه‌ی قێزه‌وه‌نی سیاسیه‌كان، ڕیسوا ده‌كه‌ن. من‌وه‌ك خۆم نه‌ له‌دژیانم‌و به‌كارێكی ناجۆری ئه‌زانم، نه‌پێشموایه‌ كاریكی پۆزیتیڤ بێت. به‌ڵام چالاكیه‌كی مه‌ده‌نی پڕ مانایه‌و ئه‌وان مه‌مكی خۆیان ڕووت ناكه‌نه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی حه‌زیان لێیه‌ ‌وابكه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیانوایه‌، مینتاڵیه‌تی پیاوگه‌رایی له‌جه‌سته‌ی ژن ده‌ترسێت، بۆیه‌ جه‌سته‌ی خۆیان ‌وه‌ك هێزێكی تێكشانی ئه‌و زهنیه‌ته‌ پیاوانه‌یه‌ به‌كارده‌هێنن. به‌كورتی بانگشه‌ی فێمینیزم بۆ خۆڕووتكردنه‌وه‌، درۆیه‌كی گه‌وره‌ی سیستماتیكه‌. 

#: له‌ئێستادا له‌لایه‌ن به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌ "جێنده‌ر" ‌وه‌ك شه‌ڕانگێزی‌و تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ لێكده‌درێته‌وه‌، هۆكاری ئه‌م هه‌ڵه‌ هاتنانه‌ له‌پای چییه‌، بۆچی ده‌بێت له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا زۆربه‌ی چه‌مكه‌كان هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنی لێبكه‌وێته‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌ی نامۆیی تێرمه‌كه‌یه‌ له‌ناو فه‌رهه‌نگی كوردی یان كۆمه‌ڵه‌گه‌ی ئێمه‌ دژایه‌تی یه‌كسانی‌و مافی ژن ده‌كات؟

هانا: له‌ڕاستیدا ته‌نها كوردستان نییه‌ به‌هه‌ڵه‌ له‌چه‌مكی جێنده‌ر تێگه‌شتووه‌، به‌ڵكو‌وه‌ك باسم كرد له‌زۆر ‌وڵاتی تری دونیا، نازانن جێنده‌ر چیه‌. جا له‌هه‌ندێك له‌و ‌وڵاتانه‌ كه‌ كوردستان نموونه‌كه‌یه‌تی‌ به‌ده‌یان بوختان‌و پێناسه‌ بۆ دروستكردنی جۆراوجۆری سه‌یر‌و سه‌مه‌ره‌ په‌لاماری ئه‌م چه‌مكه‌ ده‌ده‌ن. هه‌ڵای سه‌له‌فیه‌كانی كوردستان له‌ساڵی ٢٠١٠، مایه‌یی پێكه‌نین بو. ئه‌گه‌رچی من پێموایه‌ به‌شێكی ئه‌و هه‌ڵایه‌ دیسانه‌وه‌ سیاسه‌ت بو. له‌نیشتمانی ئێمه‌دا، درۆ ئاسانترین شته‌ بۆ باوه‌ڕ پێكردن. هه‌ر ئه‌و ماوه‌ی پێشوو هه‌ندێك له‌ژنه‌كان، كه‌مپینی ئیمزا كۆكردنه‌وه‌یان بۆ ده‌ستوورێكی سیكیۆلار ده‌ستپێكرد. دوای چه‌ند كاتژمێرێك كه‌مپینیك له‌دژیان به‌ڕێخرا، گوایه‌ ئه‌م ژنانه‌ داوای "گه‌ی" بون ده‌كه‌ن. له‌م كه‌نه‌دایه‌ی منی لێده‌ژیم بۆ نمونه‌، هیچ كه‌س جێنده‌ر به‌چه‌مكێكی خراپ نازانێت‌و مه‌لاكان‌و پیاوه‌ ئاینیه‌كانی مه‌سیحیه‌ت، ‌وه‌ك ئه‌وانه‌ی كوردستان باسی‌ ناكه‌ن، به‌ڵام به‌شێكی زۆری خه‌ڵك، ته‌نانه‌ت له‌خوێندنگاكانیشدا، جێنده‌ر‌وه‌ك ڕه‌گه‌ز، پێناسه‌ ده‌كرێت. كه‌ له‌ڕاستیدا ‌وه‌ك‌وتمان دوو شتی زۆر جیاوازن.

#: وه‌ك ده‌زانین ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ترادیسیۆنین، له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ ترادیسیۆنه‌كانیشدا هه‌میشه‌ دوو لایه‌ن بونی هه‌یه‌، "كۆنه‌خواز‌و پێشكه‌وتووخواز"، به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ كۆنه‌خوازی زاڵتره‌، له‌كاتێكدا كۆنه‌خوازی زیاتر بێت چه‌سپاندنی فێمینیزم‌و جێنده‌ر سه‌خت نییه‌؟
هانا: ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ده‌رده‌ گه‌وره‌كانی ‌وڵاتی ئێمه‌. كاراكته‌ره‌كانی ئه‌م ئه‌تمۆسفێره‌ ئاڵۆز‌و چه‌قبه‌ستووه‌ش دوانن، ئه‌وانیش سیاسه‌ت‌و دینه‌. له‌نیشتمانی ئێمه‌دا دین‌و سیاسه‌ت، سه‌دا سه‌دی كۆی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌نیوه‌. سه‌رجه‌م ڕه‌فتار‌و كرداره‌كانی هه‌ر تاكێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌، ده‌خرێته‌ نێوان به‌رداشی سیاسه‌ت‌و دینه‌وه‌. من زۆر نییه‌ فێمینستبوونی خۆمم به‌یانكردووه‌، به‌ڵام له‌وه‌تای ‌وتومه‌ من فێمینیستم ده‌یان پیاوی ڕۆشنبیری كوردیم لێبووه‌ به‌دوژمن. ده‌یان په‌لاماری جۆراوجۆر دراوم، به‌ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌و پیاوه‌ ڕۆشنبیرانه‌وه‌. ئینجا تۆ بڕوانه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیره‌كانمان ئه‌مه‌ حاڵیان بێت، ئه‌بێت ئه‌وانی تر چی بكه‌ن؟! دۆزی ژن‌و جێنده‌رناسی، هێشتا له‌و لیڤڵه‌دا نییه‌، بیه‌وێت خۆی بچه‌سپێنێت، به‌ڵكو هێشتا له‌سه‌ره‌تایی سه‌ره‌تادایه‌و ئه‌وه‌تا جارێ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ فێمینست بوون مانای خۆڕووتكردنه‌وه‌ نییه‌! ئه‌وه‌تا هێشتا باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، جێنده‌ر مانای به‌ڕه‌ڵایی نییه‌، ‌وه‌ك مه‌لاكان هاواریان بۆی ئه‌كرد. ئێمه‌ی ژنانی فێمینست، جێگه‌مان له‌كوردستان‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا هێشتا زۆر زۆر ته‌نگ‌و سه‌غڵه‌ته‌. فشارێكی گه‌وره‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاینیمان له‌سه‌ره‌، كه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رسێ ئه‌و كاراكته‌ره‌، كاری زۆر زۆر بكرێت.

ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌چاپی‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 8/2/2016 ی‌ رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌



PM:02:30:09/02/2016


ئه‌م بابه‌ته 25240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو