ئه‌وه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ حاجی‌ مه‌كییه‌وه‌ نه‌زانراوه‌




وێستگه‌-

جاجی‌ مه‌كی‌ عه‌بدوڵا له‌ته‌مه‌نی‌ 76 ساڵیدا كۆچی‌ دوایی‌ كردو وه‌سیه‌ته‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ له‌لای‌ كه‌س و كاره‌كه‌یه‌وه‌ له‌گردی‌ شێخ مارفی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بینێژن.

ئاری‌ ده‌روێَش عه‌بدوڵا زاوای‌ حاجی‌ مه‌كی‌  به‌چاپی‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌ی‌ ڕاگه‌یاند حاجی‌ مه‌كی‌ له‌ساڵی‌ 1939 له‌شاری‌ ئامێدی‌ له‌دایكبووه‌، به‌لام بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ به‌ بنه‌چه‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانین، كاتێك مه‌كی‌ له‌دایكده‌بێت عه‌بدوڵای‌ باوكی‌ فه‌رمانبه‌ری‌ گومرگ ده‌بێت له‌ئامێدی‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌وه‌ ده‌چن له‌وێ‌ نیشته‌جێ‌ ده‌بن"حاجی‌ مه‌كیش هه‌ر له‌وێ‌ له‌دایك ده‌بێت".

ئه‌م زانیارییانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌شێك له‌هاوڵاتیان پێنوابوو مه‌كی‌ عه‌بدوڵا له‌شاری‌ كه‌ركوك له‌دایكبووه‌و به‌شێكی‌ تریش وایانده‌زانی‌ له‌سلێمانی‌ له‌دایكبووه‌.

حاجی‌ مه‌كی‌ له‌ساڵی‌ 1953 ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ پێكهێناوه‌و خاوه‌نی‌ كچێكی‌ تاقانه‌یه‌. له‌ته‌مه‌نی‌ 14 ساڵیدا به‌شداری‌ یه‌كه‌مین كاری‌ هونه‌ری‌ كردووه‌ به‌ناوی‌ "پێكه‌نین به‌ بێ‌ مانا".

دواتریش له‌چه‌ندین درامادا به‌شداری‌ كردووه‌ دیارترینیان "باوه‌ژن خوا بناسه‌، پێ‌ به‌قه‌ده‌ر به‌ڕه‌كه‌ی‌ خۆت ڕابكێشه‌". ساڵی‌ 1989 به‌شداری‌ یه‌كه‌مین كاری‌ سینه‌مای‌ كرد به‌ناوی‌ نێرگز بوكی‌ كوردستان.

ئاری‌ ده‌روێش ده‌ڵێت: له‌كاتی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌یدا ده‌یویست زوو چاك بێته‌وه‌و به‌شداری‌ كارێكی‌ هونه‌ری‌ بكات بۆ پێشمه‌رگه‌.

ناوبراو رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ مه‌كی‌ عه‌بدوڵا هه‌مووشاره‌كانی‌ كوردستانی‌ وه‌ك خۆش ده‌وێست و وه‌ك یه‌كیش به‌سه‌ری‌ ده‌كردنه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك لایه‌نه‌كان لایه‌نێكی‌ دیاریكراوی‌ خۆش ده‌ویست"هاوكاتیش كێشه‌ی‌ له‌گه‌ل هیچ لایه‌نێك نه‌بوو".

حاجی‌ مه‌كی‌ یه‌كێك بوو له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی‌ له‌ بۆنه‌ سیاسییه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌رلا ده‌كه‌وت و هه‌ندێك جاریش وه‌فای‌ بۆ مه‌لا مسته‌فا بارزانی‌ ده‌رده‌خست و له‌ كاتی‌ كێشه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش پشگیری‌ له‌ مه‌سعود بارزانی‌ ده‌كرد.

كچَه‌ تاقانه‌كه‌ی‌ حاجی‌ مه‌كی‌ هۆكارو شێوازی‌ مردنه‌كه‌ی‌ ده‌گێرێته‌وه‌و ده‌لێت: باوكم ماوه‌ی‌ 10 مانگ ده‌بوو گورچیله‌كانی‌ سست ببو چه‌ند جارێك سه‌ردانی‌ توركیای‌ كرد، به‌ڵام سودێكی‌ ئه‌و تۆی‌ نه‌بوو.

كچه‌كه‌ی‌ حاجی‌ مه‌كی‌ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ روو، كه‌ ناوبراو به‌و نه‌خۆشیه‌شه‌وه‌ دڵی‌ لای‌ هونه‌ره‌كه‌ی‌ بوو بیری‌ له‌كارێك ده‌كرده‌وه‌ به‌ناوی‌ ئه‌نفال و هاوكاتیش ده‌یویست كارێك بكات بۆ پێشمه‌رگه‌، هیوای‌ ده‌خواست زوو چاكببێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ حاجی‌ مه‌كی‌ باوكی‌ ویستوویه‌تی‌ رۆژێك پێش مردنه‌كه‌ی‌ سه‌ردانی‌ دكتۆر بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا.

هه‌روه‌ك تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر وه‌سیه‌ته‌كه‌ی‌ و وتی‌"وه‌سیه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد كه‌ له‌لای‌ خزم و كه‌س و كاره‌كانی‌ له‌ گردی‌ شێخ مارفی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بینێژن".


AM:11:14:22/12/2015


ئه‌م بابه‌ته 20702 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو