باینانس هاککرا و سەرمایەی هەزاران هاوڵاتیی کورد بلۆک بوو

‌

وێستگەنیوز – ڕاپۆرت

لە ڕووداوێکی بێپێشینەدا، بۆرسەی جیهانیی باینانس Binance ڕووبەڕووی گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنی لە تەواوی مێژووی دراوە دیجیتاڵییەکاندا بووەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهای داراییە دزراوەکان گەیشتووەتە 6.3 ملیار دۆلار، ئەمەش وای کرد بۆرسەکە پرۆسەی کشانەوە و دانانی پارە لە سەرانسەری جیهان بە تەواوی ڕابگرێت.

هاکەکە چۆن ڕوویدا؟

پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە هێرشبەران لە ڕێگەی دزەکردنە ناو لاپتۆپی یەکێک لە ئەندازیارانی سیستەم توانیویانە دەستیان بگاتە ژێرخانی واژۆکردنی مامەڵەکان و بڕی 6.36 ملیار دۆلار بەسەر 10 تۆڕی بلۆکچەیندا بگوازنەوە. شیکارییەکانی (TRM Labs) پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپی بەناوبانگی لازارۆسی سەر بە کۆریای باکوور درێژ دەکەن. هەرچەندە تیمە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تێزەر و سێرکڵ توانیویانە نزیکەی 3 ملیار دۆلار لە پارە دزراوەکان سڕ بکەن، بەڵام قەبارەی زیانەکە چوار هێندەی گەورەترین هاکی ساڵی 2025ـە.

کاریگەرییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان

ئەم وەستانە کتوپڕە ڕاستەوخۆ بازاڕی ناوخۆیی کوردستانی شۆک کرد، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتییان، گەنجان و سەڕافەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بۆ ئاڵوگۆڕی دۆلاری دیجیتاڵی (USDT) پشتیان بە بازاڕی (Binance P2P) و خزمەتگوزارییەکانی وەک فاستپەی و زین کاش دەبەست، لە ئێستادا بەپێی بەدواداچوونەکان سەرمایەی هەزاران مامەڵەکاری کورد لەناو ئەپڵیکەیشنەکەدا قفڵ بووە و هیچ دەسەڵاتێکی دەرهێنانیان نییە.

چارەنووس بەرەو کوێ؟

سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای باینانس ڕایگەیاندووە لە ڕێگەی سندووقی یەدەگەوە زیانی بەکارهێنەران قەرەبوو دەکاتەوە، بەڵام تا ساتی کردنەوەی فەرمیی کشانەوەکان، ترس و نادڵنیاییەکی قووڵ بازاڕی کریپتۆی هەرێمی کوردستانی داپۆشیوە.


AM:10:20:31/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو