قەیرانی ئابووری لە کوردستان کەرتی چێشتخانەکانی پەکخستووە
وێستگهنیوز- زەهرا یوسف
بازرگانانی بازاڕ و توێژەرانی ئابووری حاڵەتەکانی داخستنی دوکانە بازرگانییەكان، لەنێویاندا چێشتخانە و کافتریاکان، دوای ماوەیەک لە کردنەوەیان بە "دیاردە" وەسف دەکەن و دەڵێن تەنیا بە کەرتێکەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەموو کەرتە بازرگانییەکان دەگرێتەوە و دەرخەری تێنەگەیشتن لە بازاڕ و بارودۆخی دارایی وڵاتە، كەڵەكەبوونی کێشەی بێکاری و کەمی كرێی كرێكارەكانە.
ماوەی 5 ساڵە محەمەد عەلی تەمەن 27 ساڵ دانیشتووی پارێزگای دهۆك لە هیچ پیشەیەك جێگیر نابێت لەو كارانەی كە لە چێشتخانەكانی دهۆك دەستی دەكەوێت، چونكە زۆربەیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە دادەخرێن، تاوەكو لە تشرینی دووەمی 2025 بڕیاریدا لە چێشتخانەیەكی میللی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان كار بكات.
یەكێك لە خاوەن مۆڵە بەناوبانگەكانی دهۆك دەڵێت: لەماوەی دوومانگی ڕابردوو دوو دوكان داخراون و ئەم مانگەش دووكانێكی تر هاتە پاڵ ئەوان و داخرا، و بارودۆخەكە زۆر قورس بووە و دەبێت تێكۆشان بكەین تاوەكو كڕیارێك بەلای خۆتا ڕابكێشیت، ئەمەش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ئابووری.
گۆڕانكاری ئابووری... كەمبوونەوەی ڕێژەی قازانج
توێژەرانی ئابووری پشتڕاستی دەکەنەوە کە تێنەگەیشتن لە ڕەهەندەکانی گۆڕانکاری ئابووری لە پشت دیاردەی "داخستنی پڕۆژەکان دوای ماوەیەکی کەم لە کردنەوەیان"ە.
دلێر ئەحمەد، ڕاهێنەری بازاڕی کار، ئاماژە بە چەندین "کەموکوڕی" دەکات لە كردنەوەی پڕۆژەکاندا، دیارترینیان پلاندانانی خراپە وەک هەڵبژاردنی شوێنێكی نەگونجاو، جگە لە تێنەگەیشتن لە پێداویستییەکان و توانای کڕینی توێژە فراوانەکانی دانیشتووان.
ڕوونی دەکاتەوە کە ڕێژەی قازانج، تەنانەت لە نێوان ڕکابەرەکانی ناو بازاڕیشدا، کەم بووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی پاشەكشەی توانای کڕین و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و لەبەر ئەم هۆكارانە دەبینین پڕۆژە تازەكان و ئەوانەی كە چەندین ساڵیشە كار دەكەن لەهەموو ناوچەكانی عێراق نەك هەر هەرێمی كوردستان دادەخرێن.
هەندێ كەسی تریش باس لەوە دەكەن پارەی گەندەڵی كە دەگەڕێتەوە بۆ كەسانی دەسەڵاتدار خراوەتە وەبەرهێنانەوە بەشێوەی سپیكردنەوەی پارە و ئەم كەسانە بەپەلە پڕۆژەكانیان دەكەنەوە بەبێ دیراسەكردنی پڕۆژەكانیان چونكە بێباكن لە زەرەر و قازانج.
گۆڕانکاری و کاردانەوەکان
بە مەزەندەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 24 هەزار چێشتخانە لە عێراق کراونەتەوە کە 500یان لە پارێزگای بەغدان و 65%ی چالاکییە بازرگانییە ناوخۆییەکان پێکدەهێنن.
محەمەد سەیف پسپۆری ئابووری دەڵێت: دوای ئازاد كردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە هاوینی 2017، بەشێوەیەكی بەرچاو چێشتخانە و مۆڵ كرانەوە.
بەڵام هەندێك لە پڕۆژەكان شكست دەهێنن و دەرگاكانیان دادەخەن بەهۆی خراپی ئیدارەوە یان نەشارەزایی لە پێشكەش كردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەكان و ئەمەش بە ڕوونی لە هەرێمی كوردستان دیارە.
مزاحم خالید توێژەر لە بواری ئابووری باس لەوە دەكات، كرێكارەكان لە هەرێمی كوردستان پارەیەكی كەم وەردەگرن لەچاو شارەكانی دەرەوەی هەرێم لەبەر ئەم هۆكارەش دەچن لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لە بەرامبەریشدا دیاردەیەك هەیە ئەویش پشت بەستنە بە كرێكاری بیانی چونكە كرێكانیان كەمترە ئەمەش زیانێكی زۆری بە كرێكاری ناوخۆیی داوە.
ناوبانگ بە تەنیا ناتوانێت پڕۆژەکان ڕزگار بکات عەمار كە بە عەمار باریستا ناسراوە لە كافێ و چێشتخانەی 99 لە دهۆك كاری كردووە كە ساڵی 2023 كراوەتەوە بەناوبانگ بووە دەڵێت: لەكاتی كردنەوەی ئەم چێشتخانەیە خەڵكێكی زۆر ڕووی تێكرد و بەماوەیەكی كورت لە دهۆك ناوبانگی دەركرد، بەڵام دوای 6 مانگ بارودۆخەكە گۆڕا، هاوكات لەگەڵ قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و كەمبوونەوەی پارە لای هاوڵاتیانی هەرێم و بەشێوەیەكی بەرچاو كڕیارەكان كەمیان كرد.
خاوەنی چێشتخانە و كافێی 99 ناسراو بە پارێزەر بەشیر كە زیاتر لە 600 هەزار دۆلاری لە دروستكردن و ئامادەكردنی چێشتخانەكەی سەرف كردووە دەڵێت: كەمبوونەوەی خەڵك بۆ چێشتخانەكە دەگەڕێتەوە بۆ هۆكاری بارودۆخی ئابووری و لەسەرووی هەموویانەوە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران.
پاشەكشەی گەشتیاری ... و سەرکەوتنی مەرجدار
ئیحسان عیسا سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و هۆتێلەکان لە دهۆک، باس لەوە دەكات، کەرتی چێشتخانەکان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت لە ئەنجامی پاشەكشەی چالاکییە ئابوریەکان و ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم.
دووپاتی دەکاتەوە کە "کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر قەبارەی خواستی لەسەر چێشتخانەکان هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی داهات و زیادبوونی فشار لەسەر خاوەنەکانیان و كەمبوونەوەی توانای کڕین چالاکی بازرگانی چێشتخانەکانی لاوازکردووە و کاریگەری لەسەر توانای بەردەوامبوونیان لە کارکردن و بەدەستهێنانی قازانج هەبووە.
گەورەترین بەربەستەكان.. تێچووی کارکردن
لە بەناوبانگترین مۆڵی بازرگانی دهۆک (فامیلی مۆڵ)، مرۆڤ بە ئاسانی سەرنجی ئەو ژمارە زۆرە لە دوکانە داخراوەکان دەدات، بەتایبەتی لەو بەشانەی تایبەتن بە چێشتخانە و کافێکان و زۆرێک لە کارمەندانی پێشووی لەسەر کێشەکە دەڵێن "بەرزی تێچووی کارکردن بە بەراورد بە داهاتی کەم" وای لە خاوەنەکانی كرد كە پێیان باشتر بوو دایبخەن.
موراد عەلی گەنجێكی تەمەن سی ساڵانە و كافتریایەك بەڕێوە دەبات و دەڵێت: لەماوەی 4 ساڵدا توانیویەتی خەڵكێكی زۆر لەخۆی كۆبكاتەوە بەڵام لە كۆتایی 2024 ژمارەیان كەمیكردووە و وایلێهات خەرجییەكانم لە داهاتم زیاتر بوو هەر بۆیە بە ناچاری دامخست.
ئەو ئاماژەشیكرد منیش لەجێی كڕیاربم هەمان شت دەكەم ئیتر زۆر سەردانی دووكانەكان ناكەم چونكە مووچە دوا دەكەوێت و هەلی كار زۆر كەمە و كرێكان زۆر خراپن لەكاتێكدا نرخی هەموو كاڵاكان بەرز دەبنەوە.
-ئەم ڕاپۆرتە بە سەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ بنكۆڵكاری ئەنجام دراوە.
PM:02:10:24/06/2026
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت