ستراتیژیه‌تی نوێی ئەمریکا بەردەوامبوون لە ته‌ركیز خستنە سەر گرووپە جیهادییەکان


وێستگەنیوز-

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە 25هەمین ساڵیادی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001، ستراتیژییە نوێیەکەی ئەمریکا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر، بەردەوامە لە تیشک خستنە سەر ئەو هەڕەشانەی گرووپە جیهادییە ئیسلامییەکان دروستی دەکەن.

ئەم ستراتیژییە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه‌، لە شەشی ئایاردا واژۆ کراوە، ئاماژە بەو گرووپە جیهادییانە دەکات کە "نییەت و توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەکییان، دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا هەیە" و وەک هەڕەشەیەکی سەرەکی ناویان دەبات و لە پلەی دووەم دایانده‌نێت، دوای کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان.

ستراتیژییەکە ڕێکخراوی قاعیدە، بەتایبەتی لقی نیمچە دوورگەی عەرەبی،ڕێکخراوی داعش، بەتایبەتی لقی خۆراسان، دەخاتە پێشەنگی ئەو گرووپانەی کە بوونەتە هۆی نیگەرانی واشنتۆن.

لە پاڵ ئەم گرووپانەدا، ستراتیژییەکە ناوی بزووتنەوەی شەبابی هاوپەیمانی قاعیدە لە سۆماڵ دەهێنێت، وەک هەڕەشەیەکی سه‌ره‌كی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا.

لە دەقەکەدا هاتووە واشنتۆن چاودێری پەرەسەندنی هاوپەیمانێتی نێوان بزووتنەوەی شەبابی سوننە و حوسییەکانی یەمەن دەکات، کە گروپێکی شیعەی دڵسۆزی ئێرانن.

ستراتیژییەکە بەردەوامبوونی فشار لەسەر گرووپە جیهادییەکان، دەخاتە سەرووی کارە لەپێشینەکانی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئەو کاتەی لەناودەبرێن و چیتر مەترسی بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا دروست نەکەن.

لە ئەفریقاش، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە شەراکەت، لەگەڵ ئەو حکومەتانەی لەلایەن قاعیدە و داعش و گرووپەكانی سەر به‌وانه‌وه‌، هەڕەشەیان لێ دەکرێت.

ڕاپۆرتەکە جەختی له‌وه‌ کردووەتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، بە زانیاری هەواڵگریی و کردارەکی و بە پەرەپێدانی هێزی هاوبەش لە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆردا، یارمەتییان دەدات، تا ئەو کاتەی دوژمنە هاوبەشەکانمان چیتر مەترسییەکی جیدی بۆ سەر ئەوان یان بۆ سەر ئێمە دروست ناکەن.

کۆلین کلارک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی "سۆفان" کە ناوەندێکی توێژینەوەیە و باره‌گاكه‌ی لە نیویۆرکە، ڕایگەیاند لەم ستراتیژییەدا، تیشک خستنە سەر گرووپە جیهادییەکان، یەکێکە له‌ خاڵه‌ ده‌گمه‌ن و باشه‌كانی ستراتیژه‌كه‌.

ناوبراو بە (MBN)ی ڕاگەیاندووە: "گرووپە جیهادییەکان هێشتا وەک پرسێکی سەرەکی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ماونه‌ته‌وه‌".

هەروەها ده‌ڵێت: "ستراتیژییەکە نەچووەتە ناو ئەو قووڵایی و وردەکارییانەی من دەمویست بیبینم، بەتایبەت سەبارەت بە گرووپەکانی وەک داعشی خۆراسان یان ڕێکخراوی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی".

ستراتیژییەکە بەڵێنی ئەوەش دەدات، هەوڵەکان بخاتە گەڕ بۆ ڕێگریکردن له‌وه‌ی ئەم گرووپانە، چەکی کۆمەڵکوژیان ده‌ستنه‌كه‌وێت. چونكه‌ ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە قاعیدە، پێش هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر، باسی لە ئەگەری دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی کردووە. هەروەها داعش پێشتر بیری لە دەستکەوتنی چەکی کیمیایی کردبووەوە، کاتێک دە ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتی بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی سوریا و عێراقدا هەبوو.

لە پێشهاتێکدا کە ڕەنگە مشتومڕێکی زۆر لە جیهانی ئیسلامیدا بنێتەوە، ستراتیژییەکە بەرگری لە پۆلێنکردنی گروپی (ئیخوان موسلمین) دەکات وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بیانی.

ئەم هەنگاوە ئامانج لێی پەکخستنی تواناکانی ئیخوان موسلمینه‌ لە "کۆکردنەوەی لایەنگر و دابینکردنی دارایی تێرۆر، دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا".

سەرۆک ترەمپ، دوای دەستبەکاربوونی لە ساڵی ڕابردوودا، فەرمانێکی جێبەجێکردنی دەرکرد و تێیدا لقەکانی میسر، ئوردن و لوبنانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمینی، وەک ڕێکخراوی تێرۆریستی بیانی ڕاگەیاند.

ستراتیژییەکە بەڵێنیداوە بەردەوام بێت لە پۆلێنکردنی لقەکانی ئیخوان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی، وەک ڕێکخراوی تێرۆریستی بیانی، ئه‌مه‌ش "لەپێناو تێکشکاندنی ڕێکخراوەکە لە هەر شوێنێکدا بێت کە کاری تێدا دەکات".

ئەوەی جێی سەرنجە، ستراتیژییەکە باس لەو هەڕەشانە ناکات کە گروپە چەکدارە زۆرەکانی ناو ئەفغانستان و پاکستان دروستی دەکەن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر ئەو گروپانە، ئامانجی سەرەکی جەنگی جیهانی دژی تێرۆر بوون، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەرەوە، سەرکردایەتی دەکات.

لە نوێترین نوسخه‌ی "پێوەرەکانی تێرۆری جیهانی" کە لەلایەن پەیمانگای ئابووری و ئاشتییەوە دەرچووە، ( ئه‌م په‌یمانگایه‌، ناوەندێکی توێژینەوەیە لە سیدنی لە ئوسترالیا)، ژمارەی مردن بەهۆی تێرۆرەوە، لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

بەڵام پاکستان شایه‌دی بەرزبوونەوەیەکی توندی هێرشە تێرۆریستییەکان بووە و وەک ئەو وڵاتە دەرکەوتووە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەهۆی ئەو توندوتیژییەی گرووپە چەکدارە ئیسلامی و جوداخوازەکان پەرەی پێ دەدەن.


AM:11:06:09/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت