ئایا دۆلفینەکان به‌شداری له‌ جه‌نگی هورمز ده‌كه‌ن؟


وێستگەنیوز-

كۆمه‌ڵیك زانیاری دەربارەی ئەم ئاژەڵە قه‌شه‌نگه‌ کاتێک دەچێتە خزمەتی سەربازییەوە

وەزیری جەنگی ئەمریکا، پێیت هیگسێس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی جەنگ "پێنتاگۆن"، له‌ وەڵامی پرسیارێكدا رایگه‌یاند ناتوانێت هەبوونی "دۆلفینی خۆکوژ" لای وڵاتەکەی، پشتڕاست بکاتەوە یان ڕەتی بکاتەوە، بەڵام دەتوانێت ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئێرانییەکان خاوەنی دۆلفینی خۆكوژ نین.

چ شتێک لەم بابەتەدا جێی سەرنجە؟

لێدوانەکانی وەزیری جه‌نگی ئەمریکا، دوای ئه‌و راپۆرتانه‌ی ئێران هات كه‌ تێیدا تاران هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چەکگەلێک ده‌كات، پێشتر دژی هێزه‌كانی ئەمریکا لە گه‌روی هورمز بەکارنەهێنراون، ئەمە پرسیاری ئه‌وه‌ی هێنایه‌ ئاراوه‌ ئایا ئێران هاوشێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، خاوه‌نی دۆلفینی راهێنراوه‌؟

له‌م باره‌یه‌وه‌، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئێرانییەوە بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئەگەری هەیە تاران ژێردەریایی یان دۆلفینی خۆکوژ، له‌ گه‌روی هورمز دژ به‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌كاربهێنێت.

ئایا ئەمریکا خاوەنی دۆلفینی سەربازییە؟

بەڵێ، ئه‌مریكا بەرنامەیەکی فه‌رمی سه‌ربازی به‌ ناوی "بەرنامەی شیردەرەکانی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا" هه‌یه‌، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ تایبەتە بە ڕاهێنانی دۆلفین و شێری دەریا، بۆ ئەنجامدانی ئەرکی سەربازی، وەک پاراستنی کەشتییەکان و بەندەرەکان، دۆزینەوەی مینەکان و گەڕاندنەوەی کەلوپەلەکان.

کەی ڕاهێنانی سەربازی بە دۆلفینەکان دەستی پێکرد؟

بەرنامەکە ساڵی 1960 دەستی پێکرد، بەڵام بۆ مەبەستی سەربازی نەبوو، بەڵکو بۆ توێژینەوە بوو لەسەر دۆلفینە سپییەکان، بە مەبەستی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای مرۆیی.

دوو ساڵ دوای ئه‌وه‌، زیرەکیی و كارامه‌یی دۆلفینەکان، بووە هۆی دامەزراندنی بەرنامەیەک بۆ سوودوەرگرتن لە تواناکانیان، لە پێناو گەڕان بەدوای شتومەکی ناو ده‌ریا و زه‌ریاكان.

لە ساڵی 1965، دۆلفینێک بە ناوی "تافی" بەشداری کرد لە پڕۆژەیەکی هێزی دەریایی ئەمریکا، بۆ گواستنەوەی ئامراز و نامەکان لە قووڵایی 60 مەتردا، هەروەها گەڕان بەدوای مەلەوانەکان و ڕێنماییکردنیان بۆ شوێنی سەلامەت.

لە ساڵی 1967، بەرنامەکە بوو بە نهێنی و راده‌ستی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی سیستمەکانی بۆشایی ئاسمان و جەنگی دەریایی كرا.

تیپە سەربازییەکانی شیردەرەکان کامانەن؟

پێنج تیپی سەربازی لە شیردەرە دەریاییەکان هەن كه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ MK 4", "MK 5" "MK 6", "MK 7", "MK 8 هەندێکیان تەنها لە دۆلفین پێکهاتوون و هەندێکی تریشیان لە دۆلفین و شێری دەریا.

-تیپی "MK 4" (دۆلفین): بۆ دۆزینەوەی مینە دەریاییە سەرئاوکەوتووەکان.

-تیپی "MK 7" (دۆلفین): بۆ دۆزینەوەی ئەو مینانەی لە بنی دەریادان.

-تیپی "MK 8" (دۆلفین): دەستنیشانکردنی ڕێڕەوە سەلامەتەکان پێش دابەزینی هێزە سەربازییەکان بۆ سەر کەناراوەکان.

-تیپی "MK 6" (دۆلفین و شێری دەریا): پاراستنی دامەزراوەکانی بەندەر و کەشتییەکان لەو مەلەوانانەی مۆڵەتی نزیکبوونەوەیان نییە.

-تیپی "MK 5" (شێری دەریا): گەڕاندنەوەی ئەو کەلوپەلانەی لە کەشتی یان فڕۆکەکانەوە بۆ مەبەستی تاقیکردنەوە فڕێ دەدرێنە ناو زەریاوە.

ئایا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکارهێنراون؟

هێزه‌كانی ئه‌مریكا، تیپی "MK 6"یان لە کاتی جەنگی ڤێتنامدا لە ساڵی 1970 بەکارهێنا، بۆ پاراستنی بەندەر و کەشتی و دامەزراوەکان، لەوانە سەکۆی تەقەمەنی سەر بە سوپای ئەمریکا، له‌و مه‌له‌وانانه‌ی به‌ بێ بوونی مۆڵه‌تی فه‌رمی، نزیكده‌بوونه‌وه‌.

هەروەها لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و لە کاتی جەنگی عێراق-ئێراندا، هێزە ئەمریکییەکان هەمان تیپیان لە بەحرەین بەکارهێنا، بۆ پاراستنی دامەزراوە و کەشتیگه‌لی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداو، بەتایبەتی کەشتیگەلی پێنجه‌می ده‌ریایی.

لە ساڵی 2003دا، هێزە ئەمریکییەکان دۆلفینەکانی تایبەت بە پاککردنەوەی مینیان، لە کەنداوی عەرەبی بەکارهێنا و سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی دەیان مینی دەریایی.

ئایا ئێران خاوەنی تەکنەلۆژیای هاوشێوەیە؟

کەس بە وردی نازانێت، بەڵام دەزگای پەخشی بەریتانی "BBC"لە ڕاپۆرتێکیدا لە ساڵی 2000 ڕایگەیاند ئێران کۆمەڵێک دۆلفینی کڕیوە کە لە ساڵانی شەستەکان، بۆ هێزی دەریایی سۆڤیەت، ڕاهێنانی سەربازییان پێکرابوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕاهێنەرێک بە ناوی "بۆریس جورید"، تەواوی کۆمەڵە دۆلفینه‌ ڕاهێنراوەکەی بە ئێران فرۆشتووە، چونكه‌ خۆی نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست چاودێریان بكات.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌تەواوی نازانرێت چەند دۆلفینی ڕاهێنراو گەیشتوونەتە ئێران، چونکە جورید جگە لەوان، خاوەنی چەند ئاژەڵێکی تری دەریایی بووە، وەک شێری دەریا و سه‌گی ده‌ریا (فوقمه‌).


PM:01:28:06/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت