100 فڕۆكه و 15 هەزار سەرباز؛ وردەکاریی پلانی ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی گەشتیاریی دەریایی لە هورمز
وێستگەنیوز-
دوای نزیکەی دوو مانگ لە داخستنی گەرووی هورمز، لەلایەن ئێرانەوە،
واشنتۆن ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی
گەشتیاریی دەریایی دەستپێکردووه، ئەمە لە کاتێکدایە سەدان کەشتی و تانکەری
بازرگانی پەکخراون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئهمڕۆ دوو شهممه 4ی ئایاری
2026، ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەست دەکات بە هاوکاریکردنی ئەو
کەشتیانەی، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، گیریان خواردووە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە
کرد: "بەو وڵاتانەمان ڕاگەیاندووە، ئێمە ڕێنمایی کەشتییەکانیان دەکەین، بۆ ئەوەی
بە سەلامەتی لەم ڕێڕەوە ئاوییە سنووردارانە بچنە دەرەوە، تاوەکو بتوانن بە ئازادی
و کارایی بەردەوام بن لە کارەکانیان".
لهلایهكی دیكهوه، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی ئاماژەی
بەوە کردووە سەدان کەشتی و نزیکەی 20 هەزار دەریاوان، لە کاتی ململانێکاندا نەیانتوانیوە
لە گەرووەکە بپەڕنەوە.
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند پشتگیریی
هەوڵەکانی هاوکاریکردنی ئهو كهشتیانه دهكات كه گیریانخواردووه، ئهمهش له
رێگهی نزیکەی 15 هەزار سەرباز و زیاتر لە 100 فڕۆکە، لەگەڵ کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی
بێفڕۆکەوان
سێنتكۆم
لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە "گەڕاندنەوەی
ئازادیی گەشتیاریی دەریایییە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان" لە گەرووەکەدا.
ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا،
لە بەیاننامەیەکدا دهڵێت: "پشتیوانیکردنی ئێمە بۆ ئەم ئەرکە بەرگرییە، پێویستییەکی
حەتمییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری جیهان، لە کاتێکدا ئێمه بەردەوامیشین لە گەمارۆ دەریاییهكه".
بەگوێرەی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، کەشتییەکانی هێزی دەریایی
ئەمریکا "لەو دەوروبەرەدا" دەبن بۆ ڕێگریکردن لە سوپای ئێران، لە هێرشکردنە
سەر ئەو کەشتییە بازرگانیانەی کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.
ماوەیەکی کەم دوای لێدوانەکانی ترەمپ، دەستەی ئۆپەراسیۆنە
بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند، كهشتییهكی نهوتههڵگر، رایگهیاندووه
له گهرووهكهدا، بههۆی هێرشێكی سهرچاوه نهزانراوهوه، پێكراوه و پهكیكهوتووه.
ئێران زیاتر لە دوو مانگە ڕێگری لە تێپەڕبوونی نزیکەی سەرجەم
کەشتییەکان دەکات، جگە لە کەشتییەکانی خۆی، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی توندی
نرخی وزە.
هەندێک لەو کەشتیانەی هەوڵیانداوە لە گەرووی هورمز بپەڕنەوە،
ڕایانگەیاندووە تەقەیان لێکراوە، هەروەها ئێران دهستی بهسهر چهند كهشتییهكی
دیكهدا گرتووه. مانگی ڕابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەمارۆی خستە سەر
ئەو کەشتیانەی کە لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دێن.
ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات هاوکاری لە وڵاتانی دیکە وەربگرێت،
بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی
لە گەرووەکەدا.
لهم بارهیهوه، سێنتکۆم ڕایگەیاندووە کە دوایین هەوڵەکان
"جووڵەی دیپلۆماسی و هەماهەنگی سەربازی" لەخۆدەگرن.
تا ئێستا ڕوون نییە کام دەوڵەتانە، لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا
سوودمەند دەبن یان ڕێگاکانی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە چۆن دەبن؟ کۆشکی سپیش هێشتا
وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەداوەتەوە.
ترەمپ هۆشداریی داوە لهوهی هەر دەستێوەردانێک لە ئۆپەراسیۆنەکەی
ئەمریکا "دەبێت بە توندی وەڵام بدرێتەوە".
ڕۆژی یەک شەممە، 3ی ئایاری 2026 ئێران ڕایگەیاند وەڵامی ئەمریکای پێگەیشتووە، سەبارەت
بە دوایین پێشنیاری بۆ ئەنجامدانی وتووێژی ئاشتی، ئەمەش یەک ڕۆژ دوای ئەوە هات کە
ترەمپ وتی ئەگەری زۆرە پێشنیارەکەی ئێران ڕەت بکاتەوە "چونکە ئەوان باجێکی پێویستیان
نەداوە".
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا لە ڕۆژی یەک شەممە، ترەمپ
وتی گفتوگۆکان "زۆر بە باشی" بەڕێوەدەچن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر
بخاتە ڕوو.
ئێران لێکۆڵینەوە لە وەڵامەکەی ئەمریکا دەکات
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، واشنتۆن لە ڕێگەی
پاکستانەوە وەڵامی پێشنیارە 14 خاڵییەکەی ئێرانی داوەتەوە و تاران ئێستا لێکۆڵینەوەی
تێدا دەکات.
تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک لە واشنتۆن یان ئیسلام
ئابادەوە سەبارەت بە وەڵامەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەرنەچووە.
میدیا فەرمییەکان لە زاری ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی
دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویانکردەوە: "لەم قۆناغەدا هیچ دانوستانێکی ئەتۆمی لە
ئارادا نییە".
ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پێشنیارەکەی ئێران بۆ دواخستنی
وتووێژەکان لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان، بۆ دوای کۆتایی هاتنی جەنگ و ڕێککەوتنی هەردوولا
لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی سەر گەشتیاریی دەریایی لە گەرووی هورمز.
ترەمپ ڕۆژی شەممە ئاماژەی بەوە کرد هێشتا دەقی وردی پێشنیارە
نوێیەکەی ئێرانی بۆ ئاشتی نەبینیوە، بەڵام ئەگەری قبوڵکردنی دوورخستەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، چوار هەفتە لەمەوبەر،
هەڵمەتی بۆردومانکردنی ئێرانیان ڕاگرت، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە بەرپرسانی ئەمریکا
و ئێران، یەک خولی وتووێژیان ئەنجامدا، بەڵام هەوڵەکان بۆ بەستنی کۆبوونەوەی دیکە
تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
پێشنیارەکەی ئێران و داواکارییەکانی واشنتۆن
پێشنیارەکەی ئێران بۆ دواخستنی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بۆ کاتێکی
دیکە، وەک دەردەکەوێت پێچەوانەی داواکارییە بەردەوامەکانی واشنتۆنە کە داوا دەکات
ئێران پێش کۆتایی هاتنی جەنگ، سنووردارکردنی توند لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی قبوڵ
بکات.
واشنتۆن دەیەوێت ئێران دەستبەرداری کۆگای یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی
ببێت کە بڕەکەی زیاترە لە 400 کیلۆگرامه و دەتوانرێت بۆ دروستکردنی بۆمب بەکاربهێنرێت.
ئێران جەخت لهوه دەکاتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییانەیە،
بەڵام ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سەپاندنی سنووربەندی لە بەرامبەر هەڵگرتنی
سزاکان، وەک چۆن لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 قبوڵی کردبوو، کە ترەمپ لێی کشایەوە.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ چەندین جار وتوویەتی پەلەی نییە، بەڵام
لە ناوخۆدا لەژێر فشارێکی زۆردایە، بۆ شکاندنی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی
هورمزدا، کە داخستنی بووەتە هۆی پەکخستنی 20%ی دابینکردنی نەوت و گازی جیهانی و بەرزبوونەوەی
نرخی بەنزین لە ئەمریکا.
ڕەنگە پارتی کۆمارییەکەی ترەمپ لە کاتی هەڵبژاردنەکانی نیوەی
خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان، ڕووبەڕووی توڕەیی
دەنگدەران ببێتەوە.
AM:11:25:04/05/2026
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت