حسێن تائیب ئەندازیاری جێنشینیی موجتەبا و سندوقە ڕەشهكهی ماڵی ڕابەر كێیه؟
وێستگەنیوز-
حسێن تائیب، کەسێکی نزیکی موجتەبا خامنەیییە، بە یەکێک لە کاریگەرترین و تەمومژاوییترین کەسایەتییە ئەمنییەکانی ناو پێکهاتەی ڕژێمی ئێران دادەنرێت.
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، جەخت لە بوونی لێکترازان لە ناو سیستەمی ئێراندا دەکاتەوە و دەڵێت "ئێران لە دیاریکردنی ڕێبەرەکەیدا، روبەڕووی سەختییەکی زۆر بووەتەوە"، ئا لهو كاتهدا، سەرچاوە ئێرانییەکان، ئاشکرای دەکەن دەستگەیشتن بە موجتەبا خامنەیی سنووردارە.
هەندێک سەرچاوە، تائیب وەک یەکێک لەو كهسه دهگمهن و كهمانه پۆلێن دەکەن کە کەناڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ موجتەبا پاراستووە و باس لەوەش دەکرێت، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان، لەژێر فشار و ئاڕاستەکردنی حسێن تائیب و ئەحمەد وەحیدیدا، دەنگیان بە موجتەبا خامنەیی داوە.
بەپێی گێڕانەوەی ئاژانسی "فارس"، تائیب ئەو کەسە بووە ئێوارەی شەممە 11ی نیسان، گەشتی بۆ پاکستان کردووە، لە هەنگاوێکدا کە وترا ڕێگری لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریكا کردووە.
پێگە و مێژووی ئەمنیی تائیب حسێن
تائیب پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران بووە و ئێستا وەک ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپا کار دەکات. ئەو پێشتر ڕایگەیاندبوو پاراستنی سوریا، لە پێش پاراستنی ئەهوازەوەیە.
لە سەردەمی سەرۆکایەتیکردنی ئهو بۆ دەزگای هەواڵگری، لێکۆڵەرەکانی ئەو دەزگایە، دەسەڵاتێکیان هەبوو زۆر جار لە دەسەڵاتی دادوەرەکان زیاتر بوو؛ سەدان کەس بە تۆمەتی "بێ بنەما" دەستگیرکران و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ بوونەوە.
لەسەر ئاستی دەرەوەش، ڕۆڵی تائیب لەو ئۆپراسیۆنانەدا دەردەکەوێت کە هاوڵاتیانی ئیسرائیلییان، لە وڵاتانی تر وەک تورکیا دەکردە ئامانج. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەرکی سەرەکی ئەو لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، خۆشکردنی ڕێگە بووە بۆ گەیشتنی موجتەبا خامنەیی به لوتکەی دەسەڵات.
ژیاننامە و سەرهەڵدان لە ناو سوپای پاسداران
ناوی ڕاستەقینەی حەسەنە، بەڵام دوای ئهوهی (حسێن)ی برای، لە جەنگی ئێران-عێراق دهكوژرێت، ناوی ئەوی هەڵگرت و لە ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکاندا، بە حسێن تائیب یان "مەیسەم تائیب" ناسرا.
لە ساڵی 1963 لە تاران لەدایکبووە و خوێندنی ئایینی لە حەوزەکانی تاران، قوم و مەشهەد تەواو کردووە، ئهمه پێش ئەوەی لە تەمەنی 19 ساڵیدا بچێتە ناو سوپای پاسداران.
لە ساڵانی جەنگدا، لە لقەکانی تاران و قومی سوپای پاسداران کاری کردووە و لەوێوە پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی دروست کردووه، ئەمەش لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە "کەتیبەی حەبیب"، ئهم كهتیبهیه بازنەیەکی نزیک بوو لە دەسەڵاتی ئەو کاتی ئێران.
دوای جەنگی ئیران عێراق، تائیب چووە ناو وەزارەتی ئیتلاعات. لەو قۆناغەدا، دۆسیەیەکی ئەمنیی بۆ مەهدی هاشمی، کوڕی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی کردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە بڕیارێکی ڕەفسەنجانی لە وەزارەت دووربخرێتەوە.
بەڵام نزیکیی لە موجتەبا خامنەیی، ڕێگەی نەدا لە بازنەی نفووز و دهسهڵات بچێتە دەرەوە، تائیب له ناو سوپای پاسداراندا، ڕۆڵی ههبوو لە دامەزراندنی دەزگایەکی ئەمنی "هاوتەریب" بە وەزارەتی ئیتلاعات، له پێناو بەهێزکردنی پێگەی عەلی خامنەیی، بەتایبەت دوای سەرکەوتنی محەمەد خاتمی و ڕیفۆرمخوازەکان.
ململانێ سیاسییەکان و سەرکوتکردنی 2009
تائیب و موجتەبا خامنەیی، سەرەتا لە ساڵی 2005 پاڵپشتییان لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد کرد، بەڵام دواتر پەیوەندییەکانیان گرژی و ئاڵۆزی بهخۆیهوه بینیو. لهم رووهوه، ئەحمەدی نەژاد لەبارەی تائیبەوە دهڵێت ئەو "هاوسەنگیی تێدا نییە" و لە وەزارەتی ئیتلاعات بەهۆی دروستکردنی کێشەوە دوورخراوەتەوە.
کاتێک لە ساڵی 2009دا، خۆپیشاندانەکان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەستی پێکرد، تائیب فەرماندەیی هێزەکانی بەسیجی دەکرد و ئەرکی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی پێسپێردرا.
حسێن هەمەدانی، جێگری ئەو کاتەی تائیب، دانی بەوەدا نا، نزیکەی چوار بۆ پێنج هەزار كهسانی"تاوانبار/ الاجرامی"یان لە تاران ڕێکخستبوو، بۆ سهركوتكردنی خۆپیشاندانهكان و هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران لە ڕۆژی عاشوورادا.
لە پایزی هەمان ساڵدا، ڕێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسداران دامەزرا و له یهكهم ساتی دامهزراندنهوه، تائیب بووە سەرۆکی رێكخراوهكه و دواتر لەژێر سەرپەرشتی ئەودا، هەڵمەتێکی فراوانی گرتنی چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی ههڵگری دوو رەگەزنامە دەستی پێکرد.
لە ساڵی 2018دا، ناوی تائیب لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، لە دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی ئابووریدا هات، بەڵام عەلی خامنەیی نەک هەر لای نەبرد، بەڵکو لە ساڵی 2019 لە پۆستەکەی داینایهوه. سەرەنجام لە ساڵی 2022، دوای ئاشکرابوونی دزەکردنی سیخوڕیی "مووساد" بۆ ناو جەرگەی سیستمی ئەمنیی ئێران، تائیب لە پۆستەکەی لادرا، بەڵام هەر بە کاریگەری مایەوە.
جێنشینیی موجتەبا و دۆخی دوای هێرشەکان
پرسی جێنشینیی موجتەبا خامنەیی و چوونه شوێنی باوكی، ساڵانێکە لە ئارادایە. لە کاتێکدا هەندێک ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان دەڵێن عەلی خامنەیی، دژی "تەوریسی دەسەڵات" بووە، بەڵام ڕووداوەکان بە ئاڕاستەی ئامادەکردنی موجتەبا ڕۆیشتن.
بەپێی ئەوەی میدیا فەرمییەکان ڕایانگەیاند، لە هەمان ئهو هێرشهی عهلی خامنهیی تیا كوژرا، کچەکەی، زاواکەی، بووکەکەی و نەوەیەکی کوژران.
سەبارەت بە هاوسەرەکەی، دوای ئەوەی سەرەتا هەواڵی کوژرانی بڵاوکرایەوە، ڕاپۆرتەکان گەڕانەوە بۆ جەختکردنەوە لەوەی کە ئەو لە ژیاندا ماوە. هەروەها سەرچاوە فەرمییەکان ئاماژەیان بەوە کرد موجتەبا خامنەیی زیانی پێنەگەیشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی سێ لە کوڕەکانی تری خامنەیی یان ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی نووسینگەکەی بڵاونەکراوەتەوە، لە نێویاندا محەمەدی گوڵپایەگانی.
گومانێکی بەرفراوانیش لە دەوری دۆخی موجتەبا خامنەیی و تەنانەت لە مانەوەی لە ژیاندا هەیە. خەمڵاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاماژە بەوە دەکەن ئەو بە سەختی بریندار بووە، بەڵام هێشتا لە ژیاندا ماوە. تەنانەت وەزیری بەرگری ئەمریکا، پیت هیگسێس ڕایگەیاند روخساری بەهۆی برینداربوونییهوه شێواوه.
لە لایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دووبارە جەختی لهوه کردەوە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەرایەتی لە قوم، کە بۆ هەڵبژاردنی جێنشینێک بەڕێوەچوو، کراوەتە ئامانج و ژمارەیەک لە ئەندامانی کوژراون.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە بارودۆخێکی پڕ له ئاڵۆزیی و تەمومژاوی، دەستبەکاربوونی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری سێیەمی ڕژێمی ئێران ڕاگەیەندرا.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم هەڵبژاردنە لەژێر فشاری ئەحمەد وەحیدی و حسێن تائیبدا بووە، بە جۆرێک داوا لە هەموو 88 ئەندامەکەی ئەنجومەنی شارەزایان کراوە، دەنگ بۆ بەرژەوەندی ئەو بدەن. هەروەها دەنگدانەکە بە شێوازێکی نائاسایی بەڕێوەچووه، بە جۆرێک ئەندامەکان دەنگەکانیان لەسەر کاغەز نووسیوە و لە ڕێگەی نێردراوەکانەوە ڕەوانە کراون.
لە ئەنجامدا، دەسەڵاتداران بە فەرمی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەییان بە 59 دەنگ ڕاگەیاند. لەو کاتەوە، هیچ تۆمارێکی دەنگی یان بینراوی پشتڕاستکراوەی ئەو بڵاونەکراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو بەیاننامانەی بە ناوی ئەوەوە دەردەچن، لە ڕووی زمان و گوتارەوە، لە ئەدەبیاتی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە نزیکه.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەستگەیشتن به موجتهبا، ئەگەر لە ژیاندا بێت، بە پاساوی هۆکاری ئەمنی، تەنها بۆ ژمارەیەکی زۆر سنووردار، لە بەرپرسە باڵاکان کورتکراوەتەوە.
بە پشتبەستن بەم زانیارییانە، دەکرێت وا دابنرێت کەسایەتییەکانی وەک حسێن تائیب، ئەحمەد وەحیدی و محەمەد باقر زولقەدر، ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، لەو كهسه دهگمهن و كهمانهن، ئەگەری دەستگەیشتنیان بە موجتەبا خامنەیی هەیە، ئهمه ئەگەر هێشتا لە ژیاندا بێت.
هەروەها ئەمانە وەک دیارترین نەیارانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریكا و پاڵپشتیکاری ڕێبازی پەرەسەندن و ڕووبەڕووبوونەوە دەبینرێن. یەکێک لە گێڕانەوەکان دەڵێت بڕیاری گەڕاندنەوەی شاندی دانوستانکاری ئێرانی، لە دەرەوە و لە ئێوارەی شەممە 11ی نیسانی ئەم مانگە، لەلایەن حسێن تائیبەوە دەرچووە.
ئاژانسی "فارس"ی سەر بە سوپای پاسداران، لە 14ی نیسانی ئەم مانگەدا، ئەم بابەتەی پشتڕاستکردەوە، لە ڕێگەی کۆمێنتێکی کورت و توندەوە کە تێیدا ستایشی تائیبی کرد و بە ئازا و دەستپاک بۆ موجتەبا وەسفی کرد.
لە سایەی زیادبوونی گومانەکاندا، تەنانەت لە ناو لایەنگرانی ڕژێمیشدا، سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی و تەنانەت ئەگەری مردنی موجتەبا خامنەیی، چاوەکان لەسەر ئەو کەسایەتییانەن کە پێدەچێت، ساڵانێکه ئهندازیاری پرۆژهی جێنشینیان بهڕێوهبردووه، لە پێش هەموویانەوە حسێن تائیب.
پێدەچێت ئەمڕۆ تائیب ئەو سیناریۆیە جێبەجێ بکات کە پێشوەختە ئامادەکراوە و ڕەنگە خۆی ئامادە بکات بۆ دەرکەوتن لەناو ڕای گشتیدا، جا موجتەبا خامنەیی لەوپەڕی تەندروستیدا بێت، یان بریندار بێت، یان تەنانەت کۆچی دوایی کردبێت.
لەم چوارچێوەیەدا، پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە وەسیەتنامە سیاسییەکەی عەلی خامنەیی سەر هەڵدەدات کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، لە کاتێکدا ڕژێم وەسیەتنامەی ڕووحوڵڵا خومەینی، کردووەتە بابەتێکی خوێندنی ناچاری لە زانکۆکاندا، بەڵام نەبوونی ڕاگەیاندنی وەسیەتنامەی خامنەیی، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ بەسەر کوژرانیدا، وەک جێگەی پرسیار و تەمومژێکی گەورە دەمێنێتەوە.
PM:12:17:24/04/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت