چۆن له‌ كاتی جه‌نگه‌كه‌دا چین و ڕووسیا له‌ ئاسمان بوونه‌ته‌ چاوی ئێران؟


وێستگەنیوز-

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، مانگە دەستکردەکانی ڕووسیا و چین، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووی جەنگه‌كه‌دا، یارمەتی تارانیان داوە و بۆ بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، زانیاریی نهێنییان پێشکەش کردووە.

پەکین و مۆسکۆ، لە ماوەی ئەو جەنگەی 40ڕۆژی خایاند، به‌ ئاشكرا وا خۆیان ده‌رده‌خست بێلایه‌نن و له‌ په‌راوێزی جه‌نگه‌كه‌دان. بەڵام دوای ئەوەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران، بە وردی ئامانجە ئەمریکییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ده‌پێكا، شرۆڤەکاران خێرا درکیان بەوە کرد ئێران پشت بە زانیاریی هەواڵگریی سەرچاوە دەرەکییەکان دەبەستێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، مانگە دەستکردەکانی ڕووسیا و چین، وێنەی ئامانجەکانی ناو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان، داوە بە ئێران و بەرپرسێکی ئێرانیش ئەمەی پشتڕاستکردووەتەوە.

له‌م باره‌یه‌وه‌، بەرپرسێکی ئێرانی بە ڕۆژنامەی "تێلێگراف"ی ڕاگەیاندووە، له‌ كاتی جه‌نگه‌كه‌دا، تەکنەلۆژیای ڕووسی و چینی، بەکارهێنراون و ده‌ڵێت: "زۆر سوودبەخش بوون و ئێستاش لە دوای ئاگربەستەکەوە، گفتوگۆ لەگەڵ چین هه‌یه‌ بۆ بەدەستهێنانی هەندێک تەکنەلۆژیای بەرگری، بەڵام هێشتا هیچمان پێ نەگەیشتووە".

لایێت سووپ، کە پێشتر لە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی "CIA" کاری کردووە و ئێستا بەڕێوەبەری ئاسایشی بۆشایی ئاسمانە لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، ده‌ڵێت: "ئێران خاوەنی بەرنامەیەکی نوێی بۆشایی ئاسمانه‌. بەڵام ئەمە لە تواناکانی تەکنیکیی مانگە دەستکردەکانی ئێران بەدەرە. چین و ڕووسیا، بەبێ ڕیزبەندییەکی دیاریکراو، لە سەرووی لیستەکەدا بوون".

ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە هەواڵگرییە دزەپێکراوەکان، بڵاویکرده‌وه‌ ئێران، بۆ بەئامانجگرتنی بنه‌كه‌ و باره‌گای سەربازانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە نهێنی مانگێکی دەستکردی سیخوڕیی چینیی بەکارهێناوە.

سەرەڕای خەمڵاندنە هەواڵگرییەکان، بەڵام پەکین و مۆسکۆ، پێشکەشکردنی هەر جۆرە یارمەتییەکی هەواڵگری بە ئێران ڕەتدەکەنەوە.

پێشتر و بۆ ماوه‌ی چەندین ساڵ، ڕووسیا و ئێران، چەکیان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئێران لە کاتی جەنگی ئۆکراینادا، شارەزایی خۆی لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، پێشکەش به‌ روسیا کردووە.

هەروەها کۆمپانیا چینییەکان، تەکنەلۆژیای دوو سه‌ره‌- ته‌كنه‌لۆژیای بەکارهێنانی سەربازی و مەدەنی-یان بە تاران فرۆشتووە، بۆ بنیاتنانی جبەخانە مووشەکییەکەی.

لە هەفتەکانی ڕابردوودا، هەواڵگریی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد چین خۆی ئامادە دەکرد بۆ ڕادەستکردنی سیستەمی نوێی بەرگریی ئاسمانی بە ئێران.

دوای چەند ڕۆژێک، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگه‌یاند لەگەڵ شی جینپینگ، هاوتا چینییەکەی قسەی کردووە، ئەویش ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر نەناردنی هیچ چەکێک بۆ ئێران.

چین لە کۆتایی ساڵی 2024دا، مانگێکی دەستکردی سیخوڕیی بە ناوی "TAA-01B" داوە بە ئێران، پێدەچێت ئه‌و مانگه‌ ده‌ستكرده‌، لە جەنگی ئەمدواییەدا بەکارهێنرابێت.

هەروەها گومان ده‌كرێت له‌وه‌ی پەکین ڕێگەی بە تاران دابێت، مانگە دەستکردەکانی لە بۆشایی ئاسمان بەکاربهێنێت، کە ژمارەیان زیاتر لە 1600 مانگی دەستکردە.


PM:05:20:17/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت