چیرۆكه‌ مێژووییه‌كان؛ کاتێک پەتایەک جەنگێکی زیاد له‌ 116 ساڵەی ڕاگرت


چیرۆكی (حه‌ڤده‌)

نووسینی: ته‌ها عه‌بدولناسر ره‌مه‌زان

وه‌رگێڕانی: وێستگه‌ نیوز

له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، سەدەی چواردە، بەهۆی ئەو ڕووداوانەی تێیدا ڕوویانداوه‌، به‌خراپترین سه‌ده‌ داده‌نرێت. لەم سەدەیەدا ئەوروپا جه‌نگی سه‌د ساڵه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و تێیدا چەندین دەوڵەت بەشدار بوون و ناوچەیەکی فراوانی کیشوەری ئه‌وروپای گرتەوە.

لە ناوەڕاستی ئەم سەدەیەدا، جیهان بڵاوبوونەوەی پەتای "مەرگی ڕەش/ تاعون"ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی. ئه‌م په‌تایه‌، تەنها لە ئەوروپا، بووه‌ هۆی گیان لەدەستدانی زیاد لە سێیەکی دانیشتووانی كیشوه‌ره‌كه‌، هەروەها چەرخی ئابووری پەکخست و جەنگەکانی ڕاگرت.

هەڵگیرسانی جەنگی سەد ساڵە

لە ساڵی 1328دا، پاشای فەرەنسا "چارڵزی چوارەم/ Charles IV"، بێ ئەوەی دوای خۆی، میراتگرێک بۆ عه‌رشی پاشایه‌تی جێبهێڵێت، کۆچی دوایی کرد. بەو هۆیەوە، ململانێ لەسەر تەختی فەرەنسا دروست بوو. لە کاتێکدا " فیلیپی شەشەم/ Philip VI" کە ئامۆزای پاشای کۆچکردوو بوو، داوای كرد تاجی فەرەنسا بۆ ئه‌و بێت ئه‌و ببێت به‌ پاشای وڵاته‌كه‌. به‌ڵام پاشای ئینگلته‌ره‌ "ئێدواردی سێیەم/ Edward III"، به‌هۆی ئه‌و خزمایه‌تییه‌ی له‌گه‌ڵ پاشای پێشوی فه‌ره‌نسا هه‌یبوو، به‌ مافی خۆی زانی داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی عه‌رشی پاشایه‌تی فه‌ره‌نسا بكات.

له‌م باره‌یه‌وه‌، چینی ئه‌رستۆكرات و خانەدانەکانی فەرەنسا، پشتگیرییان له‌و بیرۆكه‌یه‌ كرد كه‌ "فیلیپی شەشەم" بێته‌ سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی فه‌ره‌نسا. چونکە ئه‌وان رازینه‌بوون و ره‌تیانكرده‌وه‌ کەسێکی ئینگلیز، بێت و له‌ وڵاته‌كه‌یان ئەو پۆستە وەربگرێت. بەمەش له‌ لایه‌كه‌وه‌، گرژیی نێوان فەرەنسییەکان و ئینگلیزەکان زیادی کرد. لە لایەکی ترەوە، به‌ درێژایی ساڵانی رابردوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان فه‌ره‌نسا و ئینگلته‌ره‌، به‌هۆی کێبڕکێی ئابووری له‌سه‌ر ناوچەی "فلاندەرز/ Flanders "، گرژی و ئاڵۆزی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینی بوو، مردنی پاشای فه‌ره‌نسا و جێگرتنه‌وه‌ی، وایكرد پەیوەندییەکانی هەردوو لا، تا ده‌هات خراپتر ده‌بوو.

لە ساڵی 1337دا، چارلزی چواره‌م، پاشای فەرەنسا، دەستی بەسەر ناوچەی "گویێن/ Guyenne" دا گرت، ئه‌م ناوچه‌یه‌ لەژێر دەسەڵاتی ئێدواردی سێیەم، پاشای ئینگلتەرادا بوو. بەو هۆیەوە جەنگێک لە نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ هەڵگیرسا کە بە "جەنگی سەد ساڵە" ناسراوه‌، لە ڕاستیدا ئه‌م جه‌نگه‌، زیاد لە 116 ساڵی خایاند، 1337 دەستی پێکرد و لە 1453 كۆتایی پێهات. لەو ماوەیەدا جەنگ چەندین جار بەهۆكاری جیاجیا ڕاگیراوه‌، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ پەتای مەرگی ڕەش بوو.

ڕاوەستانی جەنگ بەهۆی تاعونەوە

ساڵی 1346، لە کاتی گەمارۆدانی مه‌غۆله‌كان بۆ شاری "کافا/Caffa" لە دورگه‌ی قرم/ کریما، کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری جەنەوادا بوو، پەتای تاعون لە نێو ڕیزەکانی سوپای مەغۆلدا بڵاوبووەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێوان ریزه‌كانی سوپای مه‌غول، سەرچاوە مێژووییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن، مەغۆلەکان به‌ مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی تاعون له‌ ریزی سوپای دوژمندا، له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی "مەنجەنیق"ه‌وه‌، ته‌رمی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی په‌تاكه‌وه‌ مردبوون، هه‌ڵده‌دایه‌ ناوه‌وه‌ی شاره‌كه‌ "كافا"، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی قوربانیان له‌ ریزی مه‌غۆله‌كاندا، بڕیاریاندا گه‌مارۆی شاره‌كه‌‌ هه‌ڵبگرن و پاشه‌كشه‌ بكه‌ن. به‌م هه‌نگاوه‌، بازرگانانی جه‌نه‌وا، توانییان ناوچه‌كه‌ جێبێڵن و له‌ نێوان به‌نده‌ره‌كانی ئه‌وروپادا، ده‌ست بكه‌ن به‌ هاتوچۆ، به‌م شێوه‌یه‌ په‌تاكی تاعون-یان له‌گه‌ڵ خۆیان گواسته‌وه‌ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.

لەنێوان ساڵانی 1347 بۆ 1351، پەتای تاعون کە وه‌ك وتمان بە "مەرگی ڕەش" ناسراوه‌، لە هەموو شوێنێكی ئەوروپا بڵاوبووەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاد لە سێیەکی دانیشتووانی کیشوەرەکە. لەم ماوەیەدا، بڵاوبوونه‌وه‌ی تاعون، وایكرد توندیی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی جەنگی سەد ساڵە، کەم ببێته‌وه‌ و جه‌نگه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك راوه‌ستا. چونکە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە سەربازانی هەردوو لا، بەهۆی پەتاکەوە مردن. هەروەها کەمیی سەرباز و نەتوانینی دەوڵەتەکان بۆ هێنانی سەربازی نوێ، بووە ڕێگر لەبەردەم بەردەوامیی جەنگه‌كه‌.

لەلایەکی ترەوە، ژمارەی ئه‌و جووتیارانه‌ی له‌ كه‌رتی كشتوكاڵدا كاریان ده‌كرد، كه‌م ببووه‌وه‌، به‌م هۆیه‌وه‌، ئەو دەوڵەتانەی به‌شداربوون له‌ جه‌نگی سه‌د ساڵه‌، دوچاری قه‌یرانی كه‌می خۆراک و سه‌ختی و قورسی کۆکردنەوەی باج بوونەوە، کە پێویست بوو بۆ دابینکردنی خەرجیی سوپا. هەروەها خەڵکێکی زۆر لە ترسی تووشبوون بە پەتاکە، تا ده‌هات لە سوپا دوور دەکەوتنەوە.

ساڵی 1351، لەگەڵ کەمبوونەوەی کاریگەرییه‌ توونده‌كانی په‌تای تاعون له‌ ئه‌وروپا، له‌ چوارچێوه‌ی جه‌نگی سه‌د ساڵه‌، شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان وردە وردە دەستیان پێکردەوە. جه‌نگه‌كه‌ و ململانێکان لە نێوان ساڵانی 1351 بۆ 1360 توندتر بوونەوە و لە ساڵی 1356دا، جەنگی بەناوبانگی "پواتییە/ Poitiers"ڕوویدا، له‌م جه‌نگه‌دا پاشای فەرەنسا به‌ دیل گیرا و کەوتە دەست هێزەکانی ئینگلتەرا.

سه‌رچاوه‌

ئه‌لعه‌ربییه‌ نیت، یه‌ك شه‌ممه‌، 12ی نیسانی 2026


PM:06:16:12/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو