پێنج مانگا لە قوتابخانەدا


نووسینی: ئینعام كه‌چه‌چی

وه‌رگێڕانی: وێستگه‌ نیوز

ئەماندین، ئابای، ئارلێت، ئەباندانس و ئەمسیل؛ پێنج قوتابیی نوێ بوون، ناویان لە قوتابخانەی گوندەکەدا تۆمار کرا، بەو ئومێدەی ساڵی خوێندنی داهاتوو، دەست بە دەوام بکەن. هەموو شتێک بەپێی یاسا و ڕێکارەکان بەڕێوە چوو: پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ناونووسین، ناوی سیانی قوتابی، ڕێکەوتی لەدایکبوون، ناونیشان و وێنەی کەسی. بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش، ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکە دەربڕی و بە مۆری قوتابخانە و واژۆی خۆی، فۆڕمەکانی جوانتر و ڕازاوه‌تر كرد.

لێره‌دا ته‌نها یه‌ك سه‌رپێچی كرابوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو ئه‌م قوتابییانه‌، له‌ ڕه‌گه‌زی مرۆڤ نه‌بوون، بەڵکو مانگا بوون! ئەمە فێڵێك بوو، سەرۆکی شارەوانیی ئەو گوندە بچووکەی هەرێمی "ئالزاس"ی فەرەنسا، پەنای بۆ بردبوو، له‌ پێناو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر یاساكاندا سه‌ركه‌وێت و خۆی له‌و رێنماییه‌ به‌ركارانه‌ بدزێته‌وه‌.

له‌و هه‌رێمه‌دا، یاسا و ڕێنماییەکانی پەروەردە، بڕیاریان دابوو هەر پۆلێکی خوێندن، ژمارەی قوتابییەکانی نەگاتە ئاستێکی دیاریکراو، پێویسته‌ دابخرێت. کێشەکە ئەوە بوو، ژمارەی قوتابیانی گوندی "موش" تەنها ٩٦ قوتابی بوو، لەکاتێکدا یاسا مەرجی دانابوو دەبێت ژماره‌ی قوتابیان بگاته‌١٠٠قوتابی؛ واتە قوتابخانەکە پێویستی بە تەنها ٤ منداڵی تر بوو، تا پۆلەکانی وەک خۆی بمێننەوە. ئەگەر نا، قوتابخانه‌كه‌ دادەخرا و قوتابییەکانی بەسەر قوتابخانه‌كانی تردا دابەش دەکران، ئەمەش قەرەباڵغیی دروست دەکرد و ده‌بوووه‌ هۆی شێواندنی پرۆسەی خوێندن.

میستەر شرۆڤنگەر، سەرۆکی شارەوانی، ڕاوێژی بە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی کرد و ئەوانیش کێشەکەیان خستە بەردەم خەڵکی گوندەکە، دانیشتوانی گونده‌كه‌ ژماره‌یان١٦٠٠ هاووڵاتی بوو، زۆربەیان لە کێڵگە و ئاژەڵداری و پیشەسازیی پەنیریدا، کاریان ده‌كرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌.

جاران ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كی له‌و جۆره‌یان هه‌بوایه‌، وا باو بوو، مامۆستایان و دایکان و باوکان، بڕژێنە سەر شەقام و لەبەردەم دامه‌زراوه‌ی پەروەردەدا، دژی داخستنی قوتابخانه‌كه‌ و پۆلەکان خۆپیشاندان بکەن. بەڵام سەرۆکی شارەوانی، بۆ ئه‌م جاره‌، شێوازێکی داهێنەرانەی بۆ ده‌ربڕینی ناڕەزایەتی هەڵبژارد؛ شێوازێک سەرنجی میدیاکان و ڕای گشتی ڕابکێشێت. ئەویش وەرگرتنی ٥ مانگا بوو لە قوتابخانە، له‌ پێناو تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی. بیرۆکەیەک کە "تەنز و گاڵتەجاڕی" کردە، پردێک بۆ گەیشتن بە ئامانج؛ به‌و هیوایه‌ی قۆشمەیی و تەنز بتوانێت، بەسەر ڕەقی و توندیی یاسا و رێنماییه‌كاندا سەربکەوێت.

لە ڕۆژێکی دیاریکراودا، کامێرای میدیا و تەلەفزیۆنەکان، لەوێ ئامادە بوون. یەکێک لە ئاژەڵدارانی گوندەکە، ئەرکی هێنانی "قوتابییە نوێیەکانی" گرتبووه‌ ئەستۆ. پێنج مانگای قه‌شه‌نگ، به‌ له‌نجه‌ولار و له‌سه‌ر چوار په‌لی خۆیان، له‌ نێو چه‌پڵه‌ڕێزان و هه‌لهه‌له‌ و پیرۆزبایی ده‌یان دایك و باوك، ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و قوتابخانه‌كه‌ ده‌هاتن.

له‌و كاته‌دا، هەر یەک لەو دایک و باوکانە، بیریان لە رۆژانی رابردوو ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و رۆژانه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان، ده‌ستی منداڵه‌كه‌ی خۆی، چ كوڕ چ كچ، گرتبوو، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكردنی ده‌وامدا، ده‌یانهێنان بۆ قوتابخانه‌. له‌ بەردەم ئەم نمایشەدا، لایەنی پەروەردەی هه‌رێمه‌كه‌، ناچار بوو کۆببێتەوە و پێداچوونەوە بە بڕیار و رێنماییه‌كانیدا بکات؛ چونکە ئەگەر وا نەکات، وەک لایەنێکی ره‌زا قورس و مۆن و بێ خەیاڵ دەردەکەوێت کە لە نوکتە و ته‌نز تێناگات.

خەیاڵ! ئەمەیە هەندێک جار مێشکم سەرقاڵ دەکات و خۆشی و شادییه‌كانم لێ تێكده‌دات. ئاخر من سه‌ر به‌و نەتەوەیەم، لە هەموو خۆشی و زەماوەندێکدا، بەدوای غەمدا دەگەڕێین؛ ئاشقی گۆرانیی حەسرەت و فرمێسکین. ئەگەر دڵخۆش بین و پێبکەنین، زوو دەست دەکەین بە دڵەڕاوکێ و نزا دەکەین و ده‌ڵێین "خودایه‌ ئەم پێکەنینە بە خێر بگێڕیتەوە".

کاتێک سەیری ڕاپۆرتە تەلەفزیۆنییەکەی ئەو مانگایانە دەکەم کە دەچنە قوتابخانە فەرەنسییەکە، خه‌یاڵم ده‌ڕوات بۆ لای پارادۆكسییه‌كی زمانه‌وانی خەمناک؛ ئاخر لە وڵاتانی ئێمەشدا، قوتابخانەیەکی قه‌شه‌نگ و هێمن و ئارام هەبوو ناوی «بحر البقر» بوو.

لە مانگێکی وەک ئەم مانگەی ساڵی ١٩٧٠دا، فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل له‌ جۆری "فانتۆم"، قوتابخانەی (بحر البقر)یان لە پارێزگای شەرقییەی میسر بۆردومان کرد. له‌و بۆردومانه‌دا٣٠ قوتابی گیانیان له‌ده‌ستدا و ٥٠ی تریشی بریندار بوون.

ئێستا و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە، هێشتا قوتابخانەکان بە موشەک بۆردومان دەکرێن و خۆشەویستانی خودا (منداڵەکان) دەمرن.



سه‌رچاوه‌:

به‌شی بیروڕا، رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، یه‌ك شه‌ممه‌، 12ی نیسانی 2026


PM:04:31:12/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو