"بە ڕێکەوت ڕزگاری بوو".. موشەکێکی ئیسرائیلی نەعیم قاسم دەکاتە ئامانج و بەیروت دەسووتێت!


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، کەناڵی 12ی عیبری، ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل، هەوڵێکی تیرۆرکردنیان دژی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، نەعیم قاسم، ئەنجامداوە؛ ئەوەش لە ڕێگەی هێرشێکی مووشەکیی ورد، بۆ سەر بارەگایەکی نھێنیی فریاگوزاری.


بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە ڕزگاربوونی قاسم دەکەن، بەهۆی ئه‌وه‌ی لە ساتەوەختی ئه‌نجامدانی هێرشەکەدا، له‌ ناو باره‌گه‌كه‌دا نه‌بووه‌.

ئەم هەوڵە لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشێکدایە، به‌ گوێره‌ی سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە مانگی ڕابردوو "بەهێزترین هێرش بووه‌ لە مێژووی شه‌ڕه‌كه‌دا" و تێیدا تەقینەوە بەهێزەکان، دەوروبەری بەیروتی پایتەختیان هەژاندووه‌ و وێرانکارییەکی گەورەیان بەجێهێشتووه‌.

لە ناو جەرگەی گەڕەکە قەرەباڵغەکاندا، یەکێک لە هێرشەکان بووه‌تە هۆی کوژرانی لانی کەم 12 کەس، لە کاتێکدا دووکەڵی ڕەش ئاسمانی شارەکەی داپۆشیوە.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل کۆتایی بە مشتومڕەکانی سەبارەت بە "ئاگربەستی دوو هەفتەیی" هێنا کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئێران ڕایگەیاندبوو.

له‌م باره‌یه‌وه‌، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختی له‌وه‌ کردەوە "جەنگ لە لوبنان بەردەوامە و دۆخی ڕاگرتنی تەقە لوبنان ناگرێتەوە".

لە ڕووی مەیدانییەوە، ماشێنه‌ سەربازییەکانی ئیسرائیل، تەنها لە سنووری پایتەخت نەوەستان؛ سوپا هۆشداریی بە پەلەی بۆ دانیشتووانی چەند باڵەخانەیەک لە شاری صور و ناوچەکانی باشووری ڕووباری زەهرانی دەرکردووە کە پێویستە دەستبەجێ چۆڵی بکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی وێرانکەر.

ئەم پێداگرییە مەیدانییە، ڕەنگدانەوەی خواستی تەل ئەبیبە بۆ قۆستنەوەی راگرتنی کاتیی بەرەی ئێران، تاوەکو به‌ ته‌واوی خۆی بۆ ڕووبەڕووی "حیزبوڵڵا" ته‌رخان بكات و پێکهاتە سەرکردایەتی و سەربازییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.

ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئیسرائیل، به‌ لەناوبردنی سەرکردە باڵاکان دەست پێ دەکات، تا دەگات به‌ سڕینەوەی تەواوی ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌ك، لەژێر پەردەی "ئامانجە سەربازییەکان".


PM:06:12:08/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو