کام وڵاته یەکەمین بۆمبی هێشوویی ناسراو بە "پەپوولە"ی دروستكرد؟
نووسینی: ته‌ها عه‌بدولناسر ره‌مه‌زان
سەرچاوە: العربیه نیت
وه‌رگێڕانی: وێستگه‌نیوز
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پرسی بەکارهێنانی "بۆمبی هێشوویی/ Cluster Bombs "، جارێکی تر، هاتووه‌ته‌وه به‌ر باس و خواسی میدیاکان، ئەمە سەرەڕای بوونی ڕێکەوتنامەی ساڵی 2008، کە به‌كارهێنانی ئه‌و جۆره بۆمبه‌ی قەدەغە كردووه.
لەم نێوەندەدا، ئێران وڵاتێكه واژۆی لەسەر ئەو ڕێکەوتنامەیە نەکردووە و له‌م شه‌ڕه‌ی دواییدا، پەنای بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە بردووە؛ ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری دروست کردووە، چونکە ئەم تەقەمەنییانە، تەحەدایەکی گەورەن بۆ سیستمە بەرگرییەکان و لە ڕووبەرێکی زۆر فراواندا بڵاودەبنەوە و له دوای خۆیانه‌وه، وێرانکارییەکی گەورە بەجێدەهێڵن.
مێژووی سەرهەڵدانی بۆمبی هێشوویی، بۆ سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەڵمانەکان، بۆ یەکەمجار پەرەیان پێدا و دواتر وڵاتانی تریش کۆپیی جیاوازیان لێ دروست کرد. ئەم چەکە، بۆمبی هێشوویی، له به‌شێكی زۆری جه‌نگه‌كاندا بەکارهێنراوە، لە جەنگی دووه‌می جیهانییه‌وه، تا دەگاتە جەنگی ئەم دواییەی ئه‌مریكا و ئیسرائیل دژ به ئێران.
بیرۆكه‌ی بۆمبی هێشوویی
یەکەمین نموونەی چالاكی بۆمبی هێشوویی، لە کۆتایی ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ئەڵمانیا دەرکەوت. لەو سەردەمەدا، چەندین دامەزراوەی پیشەسازیی سەربازیی ئەڵمانی، کاریان لەسەر پەرەپێدانی جۆرە بۆمبێک دەکرد کە بتوانێت، ڕووبەرێکی فراوان بگرێته‌وه، زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه ئه‌نجامبدات، هه‌مو ئه‌وه‌ش له پێناو وەشاندنی گورزی کوشندە، لە هێزەکانی پیادە، ئۆتۆمبێلە سەربازییە سووکەکان و تەنانەت کەسانی سڤیل. لەو نێوەندەدا، کۆمپانیای "ڕاینمیتال/Rheinmetall "، دیارترین دەزگا بوو کە ئەم پڕۆژەیەی، بۆ بەرژەوەندیی هێزی ئاسمانیی ئەڵمانیا جێبەجێ کرد.
بۆمبی پەپوولە (Butterfly Bomb)
لە کۆتایی سییەکاندا، له وڵاتای ئه‌ڵمانیا، بۆمبێک بە ناوی"SD-2"، دەرکەوت و نازناوی "بۆمبی پەپوولە"ی لێ‌نرا؛ ئەمەش له مێژوودا، وەک یەکەمین بۆمبی هێشوویی مۆدێرن و چالاك، پۆلێن دەکرێت. کێشی ئەم بۆمبە نزیکەی 2 کیلۆگرام بوو، بە کۆمەڵ دەخرانە نێو کانتێنەر یان "حاوییە"ی تایبەت و بە فڕۆکە هەڵدەگیران. دوای فڕێدانیان لە ئاسمانەوە، دەرگای کانتێنەرەکە دەکرایەوە و بە دەیان لەو بۆمبە بچووکانە، بەسەر ناوچەکەدا بڵاودەبوونەوە.
ئەم بۆمبە، "SD-2"، خاوەنی بەرگێکی/ قه‌پاغێكی کانزایی بوو، لە کاتی خستنه خواره‌وه‌ی له ئاسمانه‌وه، به‌رگه‌كه‌ی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیكی دەکرایەوە و شێوەیەکی وه‌ك باڵی په‌پووله‌ی به بۆمبه‌كه ده‌به‌خشی، هه‌ر بۆیه، بۆمبی "SD-2"، نازناوی بۆمبی په‌پوله‌ی لێ‌نرا. له‌و ڕۆژگاره‌دا، ئەم تەکنیکە، بۆ ئەوە بەکاردەهێنرا، خێرایی کەوتنەخوارەوەی بۆمبەکە، خاو بکاتەوە و یارمەتی پرۆسه‌ی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی له ناوچه دوور و جیاواز و په‌رشوبڵاوه‌كاندا بدات.
بەکارهێنانی بۆمبی پەپوولە لە لایەن ئەڵمانەکانەوە
لە کاتی جەنگی دووه‌می جیهانیدا، بۆ یەکەمجار بۆمبیSD-2 ، بۆ بۆردومانکردنی شارەکانی بەریتانیا بەکارهێنرا، بە تایبەت لەو هەڵمەتە ئاسمانییەی ئه‌ڵمانیا له ساڵی 1940، بۆ سه‌ر به‌ریتانیا ئه‌نجامیدا. له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا، شاری "ئیپسوویچ/Ipswich " یەکەم شار بوو، بەم جۆرە بۆمبە هێشووییە بۆردومانكرا. هێزی ئاسمانیی ئەڵمانیا، به مه‌به‌ست ئه‌م چه‌كه‌ی له بۆردومانه‌كاندا به‌كارده‌هێنا، مه‌به‌ستی ئه‌ڵمانیا ئه‌وه بوو، قه‌باره‌ی زیانه مرۆییه‌كان، له ریزی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی، زیاد بكات. دواتر چەندین شاری دیكه‌ی بەریتانیا، به هه‌مان بۆمبی "SD-2" بۆردومانكران.
ئه‌ڵمانیا به درێژایی ساڵانی جه‌نگه‌كه، جۆری تری بۆمبی هێشوویی پەرەپێدا و بڕی زیاتری تەقەمەنییان له‌خۆگرتبوو. لێره‌وه و لەگەڵ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر خاکی یەکێتیی سۆڤیەت، لە 22ی حوزەیرانی 1941، ئەڵمانەکان بەرهەمهێنانی ئەم بۆمبەیان چڕتر کردەوە. بەپێی ئامارەکان، ئەڵمانیا لە هاوینی 1941دا، 289 هەزار بۆمبی هێشوویی بەکارهێناوە. ئه‌مه له كاتێكدایه، به‌كارهێنانی ئه‌م بۆمبه، لە تەموزی 1943دا، زیادیكردووه و گەیشتووەتە 436 هەزار بۆمب و لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، بووەتە 520 هەزار بۆمب.
له‌و رۆژگاره‌دا، به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی هێشوویی، تەنها تایبه‌ت نه‌بوو به ئەڵمانیا؛ لە هەمان ماوەدا، لایەنە شەڕکەرەکانی دیكه‌ش، بە تایبەت ئەمریکا و سۆڤییەت، کۆپیی تایبەتی خۆیان لە بۆمبی هێشوویی پەرەپێدا و لە بەرەکانی جەنگ و ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندا بەکاریان هێنا.
*وێستگەنیوز ئەم بابەتەی وەک خۆی وەرگێڕاوە.
PM:02:19:02/04/2026
ئه‌م بابه‌ته 288
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت