ڕاپۆرتێکی شۆکهێنەر پەردە لەسەر ململانێی نێوان پزیشکیان و سوپای پاسداران لادەبات


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌، 29ی ئازاری 2026، ڕاپۆرتە هەواڵگری و میدیاییەکان، قووڵبوونەوەی درزی ناكۆكی نێوان باڵە سیاسی و سەربازییەکانی تارانیان ئاشکرا کرد.

بەجۆرێک مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، چووەتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ، لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی جەنگ و لێکەوتە کارەساتبارەکانی.

بەگوێرەی ئەوەی کەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ" گواستوویەتیەوە، پزیشکیان ڕەخنەی توندی لە شێوازی سوپای پاسداران گرتووە کە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی گرژییەکان، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، کار دەکات و هۆشداریی داوە به‌وه‌ی بەردەوامبوون لەسەر ئەم شێوازه‌، دەبێتە هۆی داڕمانێکی ئابووریی هەمەلایەنە، داڕمانێك ڕەنگە له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ مانگێك رووبدات.

لەسەر ئاستی مەیدانیش، ئاسەوارەکانی جەنگ، خەریکە ژیانی ڕۆژانەی ئێرانییەکان وێران ده‌كات، چونکە وڵاتەکە تووشی پەککەوتنی توندی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بووە، لەوانە لەکارکەوتنی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و نەمان و وشکبوونی نەختینە.

ئەمە هاوکاتە لەگەڵ شکستی حکومەت، لە خەرجکردنی مووچەی بەشێکی زۆری فەرمانبەران و کرێکاران بۆ ماوەی سێ مانگ.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پزیشکیان هەوڵیداوە دەسەڵاتی جێبەجێکاری، لە دامەزراوە سەربازییەکان وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەی باشتر ئیدارەی قەیرانەکە بدات.

بەڵام ژەنەڕاڵ وەحیدی، ئەم پێشنیازەی بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە و حکومەتی بە بەرپرسیار داناوە، لە شکستخواردن لە جێبەجێکردنی چاکسازییە هه‌یكه‌لییه‌كان، پێش هەڵگیرسانی ململانێکان.

وەک ئاماژەیەک بۆ لەدەستدانی کۆنترۆڵی سەرۆکایەتی كۆمار، بەسەر "ماشێنی جەنگه‌كه‌"دا، دەرکەوتووە ئەو نامە ڤیدیۆییەی پزیشکیان بۆ داوای لێبووردن، لە 7ی ئازاردا، ئاراستەی وڵاتانی دراوسێی کردبوو، تێیدا فەرمانی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانی دابوو، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، پشتگوێ خراوە و تەنیا دوای چەند کاتژمێرێک هێرشەکانیان دەستپێکردووەتەوە.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە ئابووریی وڵات، لەژێر فشاری هەڵئاوسانێکی كوشنده‌دا ده‌ناڵێنێتە کە لە 115٪ی تێپەڕاندووە، لەگەڵ داڕمانێکی مێژوویی دراوی نیشتمانی کە تێیدا نرخی دۆلار، بەربەستی 41. ملیۆن ڕیاڵی بڕیوە، ئەمەش وایکردووە زیاتر لە 50٪ی دانیشتووانی پایتەخت، لەژێر هێڵی هەژاریی ڕەهاوە بژین و مەترسییەکی جددی لەسەر "تەقینەوەی کۆمەڵایەتی" لە ئارادایە.


PM:04:55:29/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت