ژمارەی كوژراوانی لوبنان گەیشتە 1150 کەس


وێستگەنیوز-

لە ماوەی 26 ڕۆژی هێرشه‌ بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ژمارەی كوژراوان بۆ نزیکەی 1150 کەس بەرزبووەوە.

هاوکات حزبوڵڵای لوبنانی، بەردەوامە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە زەمینییەکانی سوپای ئیسرائیل و لە چەندین به‌ره‌دا، شەڕی قورس لە ئارادایە، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ شارۆچکەکانی باشوور، بە درێژایی شەو و ڕۆژ، لەژێر بۆردوومانی چڕ و بێپچڕاندان.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ڕۆژی هەینی، حزبوڵڵا 58 ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆری ئەنجامداوه‌، لەوانە مووشەکبارانکردنی نیشتەجێگا سنوورییەکان و بە ئامانجگرتنی کۆبوونەوەی سەربازان و تانکەکانی سوپای ئیسرائیل. هەروەها سوپای ئیسرائیل جارێکی تر، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت (زاحیەی بێروت) ده‌ست پێكرده‌وه‌. ئەوەش دوای دەرکردنی ئاگادارینامە، بۆ چۆڵکردنی چەندین ناوچە، لەوانە گه‌ڕه‌كه‌كانی حرێك، غوبەیری و برج بەراجنە.

ئەمڕۆ شەممە، 28ی ئازاری 2026، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە دوێنێ هەینی، لە ئەنجامی هاویشتنی مووشەکێکی دژەتانک، لە کاتی پێکدادانەکاندا لە باشووری لوبنان، دوو ئەفسەریان بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە.

لە ڕووداوێکی تریشدا، لە شەوی هەینی لەسەر شەممە، ئەفسەرێکی تر بە سەختی و شەش سەربازیش بە برینی مامناوەند بریندار بوون.

لەلایەکی تریشەوە، حزبوڵا ڕایگەیاند ئه‌ندامه‌كانی "کەمینێکی ئاگرینی توندوتۆڵیان" بۆ هێزەکانی داگیرکەر لە ناوچەی (بیدەر ئەلفەقعانی) لە شارۆچکەی تەیبە دانابوو".

حزبوڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "دوای چاودێریکردنی جووڵەی هێزێکی سوپای دوژمن کە بەرەو ڕووباری لیتانی دەهاتنە خوارەوە، موجاهیدانی بەرگریی ئیسلامی، لە کاتژمێرسێی شەودا، کێشیان کردنە ناو کەمینێکی ورد و بە چەکی مووشەک، تۆپهاوێژ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هێرشیان کردنە سەر و ناوچەی کەمینەکە، بوو بە مەیدانی کوشتار و زیانێکی زۆر بەر دوژمن کەوت؛ ئێستاش دوژمن لەژێر پەردەیەک لە دووکەڵ و تەقەی چڕدا، خەریکی کێشانەوەی کوژراو و بریندارەکانیەتی و هێلیکۆپتەرەکان گواستنەوەی بریندارەکان ئەنجام دەدەن."

لە بەردەوامیی بەئامانجگرتنی تیمە تەندروستییەکاندا، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، شەهیدبوونی کارمەندێکی فریاگوزاری و برینداربوونی چوار کەسی تری ڕاگەیاند.

ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل، بنکەیەکی بەرگریی شارستانیی لە شارۆچکەی کەفەرتبنێت بۆردوومان کرد. وەزارەتەکە ئەمەی بە "تاوانێکی جەنگی نوێ" و پێشێلکارییەکی توندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکەوتننامەکانی جنێف ناوبرد.

لەسەر ئاستی مرۆییش، مارکۆلویجی کۆرسی، نوێنەری ڕێکخراوی یونیسێف ڕایگەیاند بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە. زیاتر لە 370 هەزار منداڵ لە لوبنان ئاوارە بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا، تا ئێستا لانیکەم 121 منداڵ شەهید بوون و 399 منداڵی دیكه‌ برینداربوون.


PM:02:41:28/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت