واشنتۆن سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٦، میدیاکان بڵاویانکردەوە، گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش"، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، بەندەری نۆرفۆڵکی لە ویلایەتی ڤێرجینیا بەجێهێشتووە و بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتووە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بڵاوەپێکردنێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودایە و ژمارەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکان کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی پەیوەست بە ئێران تەرخانکراون، بۆ سێ کەشتی بەرز دەکاتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا کاتێکی دیاریکراویان بۆ گەیشتنی ئەم گرووپە هێرشبەرە بۆ ناوچەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەم جووڵەیە لە کاتێکدایە کە گرژییە هەرێمییەکان، ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.

میدیاکان لە زمانی بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویانكردووه‌نه‌وه‌: "هەر دوو گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (جێراڵد فۆرد) و (ئەبراهام لینکۆڵن) لە ئێستادا، بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنەکان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون.

هەرچەندە كه‌شتی (جێراڵد فۆرد) بۆ مەبەستی چاککردنەوە، لە دوورگەی کریتی یۆنانە، بەڵام كه‌شتی (ئه‌برا‌هام لینکۆڵن) بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی لە باکووری دەریای عەرەب و گەشتە ئاسمانییە جەنگییەکانی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام دەدات."

جێی باسە کەشتیی "جێراڵد فۆرد" لە حوزەیرانی ڕابردووەوە، به‌نده‌ری نۆرفۆڵکی جێهێشتووە و ماوەی مانەوەی تا مانگی ئایار درێژکراوەتەوە، ئەمەش بەو واتایەیە نزیکەی ١١ مانگ لە خزمەتی مەیدانیدا دەبێت.

گرووپی كه‌شتییه‌كانی "بوش" سێ کەشتیی جەنگی تێکشکێنەر لەگەڵ خۆی دەبات کە بریتین لە: یو ئێس ئێس ڕۆس، یو ئێس ئێس دۆناڵد کوک، یو ئێس ئێس مەیسۆن.


PM:12:16:28/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت