چیرۆكه مێژووییه‌كان
وێستگەنیوز-
(چیرۆكی ده‌یه‌م)
لە جەنگی یه‌كه‌می جیهانیدا٥٠
ملیۆن گوله تۆپ به‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌دا خراوه‌ته خواره‌وه
تەنیا مانگێک دوای تیرۆرکردنی
"فرانتس فێردیناند"ی جێنشینی نەمسا، لە سارایێڤۆی پایتەختی بۆسنە، لەسەر
دەستی توندڕەوێکی سڕبی، کیشوەری ئەوروپا لە ٢٨ی تەممووزی ١٩١٤، کەوتە نێو گێژاوی جەنگی
یه‌كه‌می جیهانییه‌وه؛ ئەوەش دوای ئەوەی نەمسا-هەنگاریا، جەنگی دژی سڕبیا ڕاگەیاند
و سیستەمی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان، لە کیشوەرە پیرەکەدا، چالاككرا و کەوتە
گەڕ.
لە سەرەتای شەڕەکەدا،
زۆرینە پێیان وابوو، پێکدادانەکان تەنیا چەند مانگێک دەخایەنێت و تا کانوونی یەکەمی
هەمان ساڵ کۆتایی دێت. بەڵام ئەم پێشبینییانە ڕاست دەرنەچوون. هەوڵەکانی ئاشتی
شکستیان هێنا و جەنگ زیاتر لە ٤ ساڵی خایاند و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان
ملیۆن کەس. لە نێو ئەم جەنگەدا، "تۆپخانە" بە چڕی لە هەموو بەرەکاندا بەکارهێنرا
و ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی ده‌بینی. بەڵام جەنگی "ڤێردان" (Verdun) لە ساڵی ١٩١٦، بە یەکێک لە گەورەترین ئەو شەڕانە دادەنرێت کە تۆپخانەی تێدا
بەکارهێنراوە.
سەردەمی جەنگی سەنگەرەکان
دوای چەند هەفتەیەک لە
هێرشی بەردەوام، جەنگەکە چووە قۆناغێکی نوێوە کە بە "جەنگی سەنگەرەکان"
ناسراوە. لایەنە شەڕکەرەکان لە بەرەی ڕۆژئاوا، لە دەریای باکوورەوە تا سنوورەکانی
سویسرا، بۆ پاراستنی پێگەکانیان، سەنگەری درێژیان هەڵکەند. لەو سەردەمەدا پلانە سەربازییەکان،
زۆر خراپ بوون؛ فەرماندەکان سەربازەکانیان ناچار دەکرد، لە سەنگەرەکان بێنە دەرەوە
و بەرەو سەنگەرەکانی دوژمن هه‌ڵمه‌تبه‌رن، ئەمەش وای کردبوو سەربازەکان ببنە نێچیرێکی
ئاسانی بەر دەستی چەکە ڕەشاشەکان و ژمارەیەکی بێ‌شومار مرۆڤ ببێتە قوربانی.
پلانی فۆن فاڵکنهایین
ژه‌نەڕاڵی ئەڵمانی
"ئێریش فۆن فاڵکنهایین/ Erich von Falkenhayn" بەدوای پلانێکدا دەگەڕا بۆ لەناوبردنی فەرەنسییەکان و ته‌فروتووناكردنی
ئەو هێزەی بۆیان مابووەوە. ئەو پێی وابوو فەرەنسا لە لێواری هەرەسهێنان و خۆبەدەستەوەداندایە.
بۆیە بڕیاریدا هێرشێکی چڕ بکاتە سەر شوێنێکی ستراتیژی کە فەرەنسییەکان ناچار بن، هێزی
زیاتری خۆیان بۆ ئه‌و شوێنه بنێرن و ئه‌ویش لەوێدا کۆتایی‌یان پێ بهێنێت. بۆ ئەم مەبەستە،
ژه‌نه‌ڕاڵه ئه‌ڵمانییه‌كه ناوچەی "ڤێردان/ Verdun"ی هەڵبژارد، چونکە دەیزانی فەرەنسییەکان، بۆ پاراستنی ئەم
ناوچە مێژووییە، ئامادەن قوربانییەکی زۆر بدەن.
توندترین ڕۆژی تۆپباران
لە ٢١ی شوباتی ١٩١٦، ئەڵمانەکان
نزیکەی هەزار تۆپیان کۆکردەوە. لە ماوەی ١٠ کاتژمێری بەردەوامدا، نزیکەی "یەک
ملیۆن" گوله تۆپیان بەسەر ڤێرداندا داباراند، ئه‌م تۆپبارانكردنه، بە یەکێک
لە توندترین تۆپبارانە داده‌نرێت كه له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا و له ماوه‌ی
ته‌نها یه‌ك رۆژدا، ئه‌نجامدرابێت. دوای تۆپبارانەکە، سوپای ئەڵمانیا پێشڕه‌وی كرد
و توانی چەندین ناوچەی ستراتیژی داگیر بکات. له لایه‌كی دیكه‌وه، بۆ ڕێگری‌کردن لە
کەوتنی شارەکە، ژه‌نەراڵی فەرەنسی "فیلیپ پێتان/ Philippe Pétain"، له پێناو گواستنەوەی جبه‌خانه و کۆمەک و سەرباز بۆ بەرەکانی جەنگ،
فەرمانی دروستکردنی ڕێگەیەکی ده‌ركرد کە بە "ڕێگەی پیرۆز" ناسراوه، بەمەش
فەرەنسییەکان توانییان دۆخەکە جێگیر بکەن.
بارینی ٥٠ بۆ ٦٠ ملیۆن
گولە تۆپ
بۆ ماوەی ١٠ مانگ، ڤێردان
بووە مەیدانی تۆپبارانی ڕۆژانەی نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا. بەپێی خەمڵاندنەکان، لەو
ماوەیەدا لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ ملیۆن گوله تۆپ، لەو ناوچەیەدا کەوتووەتە خوارەوە.
دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، زەویی ناوچەکە بەهۆی شوێنی گوله تۆپەکانەوە به راده‌یه‌ك
تێک‌چووبوو، پڕ ببوو له چاڵ و چۆڵی، ئه‌مه وایكرد مێژوونووسان به "ڕووی
مانگ" بیچوێنن و وه‌ك شوێنێكی كاول و بێفه‌ڕ وه‌سفی بكه‌ن، به‌تایبه‌ت دوای وێرانبوون
و له‌ناوچوونی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی دارستانه‌كان.
لە کانوونی یەکەمی
١٩١٦، جەنگی ڤێردان کۆتایی هات. فەرەنسییەکان سەرکەوتنێکی سەختیان بەدەستهێنا و
توانییان ناوچەکە بپارێزن و ئه‌ڵمانه‌كان له‌و ده‌وربه‌ره ده‌ربكه‌ن. بەپێی ئامارەکان،
لەم جەنگەدا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
سه‌رچاوه
العربییه نێت، نووسینی
ته‌ها عه‌بدولناسر ره‌مه‌زان، 19ی ئازاری 2026.
PM:01:58:23/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 64
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت