ئێلی گێرانمایە: راپەڕینی کورد لە ئێراندا دەکرێت کارەساتهێن بێت
نووسینی: ئێلی گێرانمایە
سەرچاوە: نیویۆرک تایمز
وەرگێرانی: وێستگەنیوز
ڕەنگە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە ئامادە بێت بۆ ئەوەی کورد بکاتە سەربازی پیادەی خۆی لە شەڕێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمجارەیان لە ناوخۆی ئێراندا. گۆڕینی ڕژێم وەک یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا لە دوایین هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەردەکەوێت. بەڵام هەڵمەتی ئاسمانی ، هەرچەندە وێرانکەریش بێت، بە تەنیا ناتوانێت ئەوە بەدی بهێنێت، بۆیە واشنتۆن وا دەردەکەوێت کە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات ئایا دەبێت شەڕڤانانی کورد لە ئێران بەکاربهێنێت یان نا.
ئەمە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەنجامی پێچەوانەی زۆر خراپی دەبێت، هەم بۆ کورد و هەم بۆ هاوپەیمانەکانی تری ئەمریکا لە ناوچەکەدا. هەروەها دەکرێت سیناریۆیەکی کابوساوی شەڕی ناوخۆ بخاتە گەڕ.
هەرچەندە سەرۆک ترەمپ هەڵوێستی گۆڕاوە سەبارەت بە پشتگیریکردنی بڵاوکردنەوەی کوردە چەکدارەکانی ئێران، ڕۆژی شەممە وتی کە نایەوێت ئەوان بچنە ناوەوە، بەڵام چەند پێشهاتێک ئاماژە بەوە دەکەن کە پلانێکی لەو شێوەیەی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونی هەیە.
ناوچە کوردییەکانی وڵاتەکە لە ڕۆژئاوای ئیڕان لە کاتی کەمپەینی بۆردومانەکەدا بە چڕی کراونەتە ئامانج، ئەمەش هەوڵێکی دیارە بۆ لاوازکردنی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەوێ. هەروەها وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشارێکی سیاسی کردووە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە کوردییەکان. لە دووەم ڕۆژی شەڕەکەدا، بەڕێز ترەمپ لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی کورد لە ناوچەی نیمچە سەربەخۆی کوردستانی عێراق قسەی کرد، کە بە هاوپەیمانی ئەمریکا دادەنرێن. بەپێی ڕاپۆرتەکان، فشاری لێکردوون کە ڕێگە بدەن کوردە چەکدارەکانی ئێران(کە مێژوویەکی درێژە لە کوردستانی عێراقەوە کار دەکەن)لە سنوورەوە بپەڕنەوە بۆ ناو ئێران. هەروەها دزەپێکردنی زانیاری بۆ میدیاکان هەبووە کە سی ئای ئەی (C.I.A) و ئیسرائیل لە مانگەکانی ڕابردوودا پڕچەککردنی کوردانی ئێرانیان ئەنجامداوە.
وەک ئەو کوردانەی کە دژی سەدام حسێن لە عێراق و بەشار ئەسەد لە سوریا جەنگان، کەمینەی کوردی ئێران بە درێژایی مێژوو بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و مێژوویەکی درێژە بەدوای خۆبەڕێوەبەریدا دەگەڕێن. لە دوای سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەرانی ئێران لە مانگی یەکدا، شەش گرووپی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە لە کوردستانی عێراقەوە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەڕێوەدەبەن، بۆ یەکەمجار کۆبوونەتەوە. بەپێی وتەی گروپەکان، ئەوان خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیاری بەشداریکردن بوون لە شەڕەکەدا بەو مەرجەی ناوچەی دژەفڕین لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بسەپێنرێت و جێبەجێ بکرێت بۆ پاراستنی هێزە کوردییەکان. بێگومان کوردانی ئێران داوای گەرەنتی سیاسی بەهێزتری ئەمریکاش دەکەن دوای ڕووخانی ڕژێم خاوەن ئۆتۆنۆمی بن.
لە نیگای یەکەمدا، وادیارە کە بڵاوکردنەوەی کوردانی ئێران دەتوانێت یارمەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بدات بۆ لاوازکردنی ڕژێم و ڕەنگە ببێتە هۆی ڕووخانی. لە سوریا، کوردانی ناوخۆ بە پاڵپشتی ئەمریکا یارمەتیدەر بوون لە سستکردنی دەسەڵاتی بەڕێز ئەسەد، هاوکاری شەڕی ئەمریکایان کرد دژی داعش و کۆنترۆڵی ناوچە دەوڵەمەندەکانی نەوتیان کرد. ڕەنگە کوردانی ئێران نەخشەیەکی هاوشێوە سەبارەت بە ناوچە دەوڵەمەندەکانی کانزاکانی ئێران بگرنەبەر و خاکەکەیان وەک پەناگەیەکی ئارام بەکاربهێنن بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەمینی دژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە دوورەکاندا. ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێزی زەمینی خۆیان بڵاو بکەنەوە (وەک ئەوەی باسی لێوە کراوە )دەتوانن پێگەکانی کورد وەک ناوچەیەکی پارێزەر بۆ کارکردن بەکاربهێنن.
بەڵام دەستکەوتە کورتخایەنەکان بۆ کوردانی ئێران مەترسی ناپاکییان لەسەرە. ئەوان هیچ گەرەنتییەکیان نییە کە بەڕێز ترەمپ، وەک ئەوەی لە سوریا نیشانی دا، کاتێک بە کردەیی پشتگیری لە کوردانی ئەوێ کشاندەوە، ئاواتەکانیان بۆ خۆبەڕێوەبەری پشتگوێ نەخات. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی ڕاپەڕینی کوردی دا دژی سەدام حسێن لە عێراق دوای شەڕی کەنداوی ساڵی ١٩٩١، بەڵام نەیتوانی یارمەتییان بدات کاتێک سەدام حسێن ڕاپەڕینەکەی تێکشکاند.
وەک تورکیا، ئێرانیش مێژوویەکی درێژە وەک تیرۆریست مامەڵە لەگەڵ گروپە چەکدارە کوردییەکان دەکات. لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی یەکدا، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە پێکدادانە خوێناوییەکان لە ناوچە کوردییەکانی ئێران وایکردووە ناوچەکە وەک گۆڕەپانی شەڕ دەربکەوێت. ئەگەر تاران کۆنترۆڵی ناوخۆیی بەسەر ئەو بەشەی وڵاتەدا لەدەست بدات، ئەوا ئەگەری زۆرە تەقەمەنی قورس لە دوورەوە بەکاربهێنێت، ڕەنگە مووشەک و درۆن، بۆ بە ئامانجگرتنی کوردەکان.
هەروەها ئەگەری زۆرە چەکداریی کورد ڕووبەڕووی بەرگری گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە و دانیشتوانی فراوانتری ئێران ببێتەوە. لە ماوەی مێژووی ئێراندا، دەسەڵاتە ناوەندییەکان بە توندی دژی پێدانی سەربەخۆیی یان کۆنترۆڵی ناوخۆیی بەرفراوان بوون بە کورد و کەمینە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێران.
وەک هەموو ئێرانییەکانی تر، کوردەکان بە شایستەییەوە شایەنی شوێنێکن لە داهاتووی وڵاتەکەدا. بەڵام هەنگاوی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پشتگیریکردنیان بێگومان زیان بە هەلی دروستکردنی یەکگرتوویی لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی پەرتەوازەی تاراوگە دەگەیەنێت. تەنانەت لە ئەگەری پشتگیریکردنی بەڕێز ترەمپ لە چەکدارە کوردەکان ئەگەری زۆرە هەندێک ئێرانی ئاسایی پاڵ بنێت بۆ ئەوەی لە دەوری ئاڵای وڵاتەکەیان کۆببنەوە و دژایەتییان بۆ ڕژێم لە شەقامەکانی ئێراندا کەم بکەنەوە.
لە خراپترین حاڵەتدا، ئەم داینامیکییە نوێیە مەترسی نوقمکردنی وڵاتەکە لە شەڕێکی ناوخۆیی نەتەوەییدا دروست دەکات، بەتایبەتی ئەگەر کەمینەکانی دیکەی ئێران، وەک تورکە ئازەرییەکان لە هاوسنووری ئازەربایجان یان بەلوچەکان لە تەنیشت پاکستان، دەست بە بەرگری چەکداری بکەن. ئەمە ڕەنگە ڕووخانی دەوڵەتی ئێران خێراتر بکات، کە دەکرێت ئامانجێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، بە حوکمی بۆردومانەکانی ئەم دواییەی ژێرخانە گرنگەکانی وەک دامەزراوەکانی نەوت و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا.
هەروەها بەڕێز ترەمپ بەرژەوەندییەکانی دوو هاوپەیمانی ناوچەیی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە. ئەو ناوچەیەی عێراق کە کوردەکان تێیدا باڵادەستن و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی تێدا نیشتەجێن، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن ئێران و گروپە عێراقییەکانی هاوپەیمانییەوە کراوەتە ئامانج. ئەم جۆرە هێرشانە هەندێک بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کوردستانی عێراق ڕاگرتووە، لەوانەش ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بەڕێوەدەبرێن.
ڕاپەڕینی کوردی ئێران دەتوانێت دەستی تورکیاش ناچار بکات کە هاوسنووری ئێرانە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کە پڕچەکترین گرووپی کوردی ئێرانە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەیە کە بنکەکەی لە تورکیایە و تورکیا وەک دوژمنێکی سەرسەخت دەیبینێت. سەرهەڵدانی چەکداری لە دراوسێیەکەی بێگومان پرۆسەی ئاشتی فشەڵ تێک دەدات کە لە نێوان ئەنقەرە و دانیشتوانە کوردەکەیدا لە ئارادایە.
تورکیا بێگومان فشارێکی زۆر دەخاتە سەر کۆشکی سپی دژی هەنگاونان بۆ پشتگیریکردنی هێرشی زەمینی کورد لە ئێران. ئەگەر بارودۆخی ناوخۆی ئێران بەرەو خراپی بڕوات، تورکیا ڕەنگە هەست بە ناچاری بکات سوپاکەی خۆی دژی ئەو کوردانەی لە ئێران دەجەنگن بجوڵێنێت وەک بابەتێکی ئاسایشی نەتەوەیی. ئەمەش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا، کە دوو هاوپەیمانی ناتۆن، دەخاتە دوو بەرەی دژبەیەکی شەڕەکەوە.
ئەم تێچووە گەورانە دەبێت لە بەرامبەر پاداشتە ئەگەرکراوەکاندا هەڵبسەنگێنرێن. بەکارهێنانی کورد ڕەنگە هاندەرێکی سەرەتایی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دابین بکات، بەڵام ئەوە هاندەرێکی کاتی و سنووردار دەبێت. ئەنجامی کۆتایی زیاتر ئەگەری هەیە شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن بێت نەک ڕاپەڕینێکی نیشتمانی بە سەرکردایەتی کورد یان بە ئیلهام وەرگرتن لە کورد.
بەڕێز ترەمپ هەوڵیداوە بازاڕەکان و ڕای گشتی ئەمریکا دڵنیا بکاتەوە کە ئەم ململانێیە ڕەنگە بەم زووانە کۆتایی بێت. بەڵام مەترسییەکە هەر دەمێنێتەوە کە دوای ئەوەی بۆمبەکان لە بارین دەوەستن، ئەمریکا و ئیسرائیل ڕەنگە بچنە قۆناغێکی نوێوە، بە پشتگیریکردن و پڕچەککردنی گروپە نەتەوەییەکان بۆ ئەوەی دژی کۆمارێکی ئیسلامی لاوازبوو ڕاپەڕن.
وا دەردەکەوێت بەڕێز ترەمپ لەم مەترسییە گەورانە تێبگات: ئەو لەم دواییانەدا دانی بەوەدا نا کە نەخشەی ئێران "پێدەچێت" دوای شەڕەکە وەک خۆی نەمێنێتەوە. بەڵام ئەنجامێکی لەو شێوەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ناوبانگی ئەمریکا لای نەوەکانی ئێران لەکەدار دەکات.
سەرۆک ترەمپ دەبێت لەم قومارە سەرکێشانەیە پاشەکشە بکات و لەبری ئەوە سەرنج بخاتە سەر گەیشتن بە ڕێگەیەکی سیاسی پێش ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم شەڕەدا لەدەست بدات.
*خاتوون گێرانمایە جێگری سەرۆکی پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە لە ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە.
AM:11:58:12/03/2026
ئهم بابهته 528
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت