تووڕەیی، خەم، دڵەڕاوکێ کەشوهەوای نوێ لە ئێران
سەرچاوە:نیویۆرک تایمز
وەرگێرانی:وێستگەنیوز
لە دوای شەپۆلێکی تری نائارامییەکانی دژی حکومەت، ئێران کەوتووەتە ژێر کاریگەریی کەشێکی خەمی بەکۆمەڵ و نادیاریی سەبارەت بە پاشەڕۆژ.
مامۆستاکان باس لە قوتابییە کوژراوەکانیان دەکەن و لە کاتی پشوودا دەگریێن، قوتابیانی زانکۆ بایکۆتی تاقیکردنەوە کۆتاییەکانیان کردووە وەک ڕێزێک بۆ هاوپۆلە گیانبەختکردووەکانیان، گەنجان، چ کوڕ و چ کچ، دەڵێن کە دەستەوێخەی هەستی "تاوانباریی ڕزگاربووان"ن (survivor’s guilt).
مریەم، دیزاینەرێکی تەمەن ٥٤ ساڵ، وتی هەر کاتێک کوڕە هەرزەکارەکەی لە ماڵ دەچێتە دەرەوە تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت، چونکە هاوڕێ و هاوپۆلەکانی لە خۆپیشاندانەکاندا تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
مریەم وتی، "ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە هەست بە ناتەندروستییەکی زۆر دەکەین. هەرگیز ئەزموونی ئەم جۆرە خەمە بەکۆمەڵ و ناسەقامگیرییەم نەکردووە. نازانین لە کاتژمێری داهاتوودا چی ڕوودەدات"، وەک زۆرێک لەو کەسانەی بۆ ئەم بابەتە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، مریەم داوای کرد تەنها بە ناوی یەکەمی بناسرێتەوە لەبەر ترسی تۆڵەسەندنەوە.
خۆپیشاندانەکان کە داوای لادانی دەسەڵاتدارانی ئایینیی دیکتاتۆری ئێرانیان دەکرد، کۆتاییان هاتووە، بەڵام زۆرێک لە ئێرانییەکان دەڵێن هەستی تووڕەیی دژی حکومەت و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە پاشەڕۆژ هەموو لایەنەکانی ژیانی تەنیوە، و هیچ شتێک چیتر هەستی ئاساییبوونی پێوە دیار نییە.
سەرکوتکردنی بەردەوامی حکومەت و دەستگیرکردنی نەیاران، لەوانەش کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی باڵی چاکسازیخواز، بەشدارە لەو هەستەی کە هێشتا ئەم کێشمەکێشە کۆتایی نەهاتووە.
لەکاتێکدا سەرکردەکانی ئێران هەوڵ دەدەن ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆ کپ بکەنەوە، لە دەرەوەی سنوورەکانیش ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکای لە ئاوەکانی نزیک ئێران کۆکردووەتەوە و ئامادەیە بۆ هێرشکردن ئەگەر وتووێژە بەردەوامەکانی نێوان واشنتۆن و تاران نەگەنە ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی تواناکانی ئەتۆمی و سەربازیی ئێران.
مامۆستاکان دەڵێن، خۆیان و قوتابییەکانیشیان تووشی تراوما بوون، نەفیسە، مامۆستایەکی ئامادەیی تەمەن ٣٥ ساڵ لە تاران، وتی لە کاتی پشوودا، ئەو و مامۆستاکانی تر باس لە ڕاپەڕینەکە دەکەن و دەگریێن.
ئەو وتی، "قوتابییەکان زۆر سەرقاڵ و ترساون"، وتیشی، "بە بچووکترین دەنگی سێرینی ئەمبوڵانس یان فڕۆکە، لە ترسدا دەلەرزن."
حکومەتی ئێران کوشتنەکانی خستووەتە ئەستۆی شانە تیرۆریستییەکانی سەر بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پروپاگەندە ئەوە دەکات کە چەکدارەکان دزەیان کردووەتە ناو خۆپیشاندانەکان، ئەمەش وایکردووە حکوومەت وەڵامێکی سەربازییانەی هەبێت، و تیرۆریستەکان زۆرێک لە خۆپیشاندەرانیان کوشتووە.
بەڵام زیاتر لە سەد ڤیدیۆ و وێنە، کە لەلایەن ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزەوە پشتڕاستکراونەتەوە، ئاستی توندوتیژیی حکومەت نیشان دەدەن، لەوانەش ڤیدیۆی هێزە ئەمنییەکان بە جلی فەرمی و بە ماتۆڕسکیلەوە کە ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەرانی بێچەک دەکەن.
حکومەت ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٣٤٠٠ کەس کوژراون، لەنێویاندا ٢٠٠ منداڵ و مێردمنداڵ و ١٠٠ قوتابی زانکۆ، و لانی کەم ٥٠٠ ئەفسەری ئەمنی.
گرووپەکانی مافی مرۆڤ وەک "هرانا" (HRANA) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، دەڵێن لانی کەم ٧٠٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بەرزبێتەوە کاتێک مردنی زیاتر پشتڕاست دەکرێتەوە.
ئەم ژمارە زۆرەی مردن — کە زۆربەیان لە ماوەی سێ شەودا لە سەرەتای مانگی یەکدا بووە — بە کوشندەترین نائارامی لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا دادەنرێت بەپێی گرووپەکانی مافی مرۆڤ و مێژوونووسێک، و زۆرێک لە ئێرانییەکانی تووشی شۆک کردووە.
هەندێک لە دەروونناسان دەڵێن، وۆرک شۆپی ئۆنلاینی بێبەرامبەر پێشکەش دەکەن بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ خۆگونجاندن.
دەروونناسان دەڵێن، نەخۆشەکانیان نیشانەکانی دڵەڕاوکێی درێژخایەن، و تووڕەیی و بێمتمانەیی قووڵ نیشان دەدەن.
دکتۆر بیتا باوەدی، دەروونناس لە تاران، لە ئیمەیڵێکدا رایگەیاند، "لە هەفتەکانی ڕابردوودا، کەشوهەوای سۆزداری لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە. لە کارە کلینیکییەکانمدا، تێکەڵەیەکی چڕ لە تووڕەیی، ترس، بێدەسەڵاتی و خەمی بەکۆمەڵی چارەسەرنەکراو دەبینم."
هەڕەشەی شەڕ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە کەشتییە جەنگییەکانی لە نزیک ئاوە هەرێمییەکانی ئێران جێگیر کردووە، چینێکی تری نادیاریی بۆ دۆخەکە زیاد کردووە.
ترەمپ وت، "ئەگەر ئێران ڕازی نەبێت بە ڕێککەوتنێک کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت و مەودای مووشەکەکانی سنووردار بکات، ئەوا بیر لە هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە دەکاتەوە"، هەروەها وتیشی، "گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا سوودبەخش دەبێت".
ئێرانییەکان، چ لایەنگران و چ نەیارانی حکومەت، بە ئاشکرا بیر لە شەڕێک دەکەنەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە بەرپا بکرێت و ئایا ڕژێمەکە و ڕێبەری باڵای، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕزگاریان دەبێت یان نا.
محەمەد ڕێنانی، پیاوێکی ئایینی کە دژی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن حکومەتەوە قسەی کردووە، لە سۆشیاڵ میدیا وتی، "پێشینەکانی گەل جیاوازن لە پێشینەییەکانی فەرمانڕەواکانیان."
ئەو وتیشی: "کاتێک پێشینەیی خەڵک نانە، و پێشینەیی ڕژێم ئایدۆلۆژیای سیاسی و لێکدانەوەی توندڕەوانەی بیروباوەڕەکانی خۆیەتی، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەقینە لە نێوان گەل و ڕژێمدا دروست دەبێت".
هەندێک لە ئێرانییەکان دەڵێن. ئەوەندە تووڕە و بێهیوان لە گۆڕانکاری لە ناوخۆوە، کە لایەنگری دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکان بۆ ڕزگارکردنیان لەم ڕژێمە.
هەندێکی تر دەڵێن، دژی شەڕن چونکە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری، ئاوارەبوون و توندوتیژیی زیاتر.
کامەران، بازرگانێکی تەمەن ٤٩ ساڵ، وتی ئەو توندوتیژییەی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بینیویەتی، تێڕوانینی بۆ شەڕ گۆڕیوە.
ئەو وتی، "دوای کۆمەڵکوژییەکە، زۆرێک لە ئێمە هەست دەکەین نێچیرین لە دەستی نێچیرگرێکدا، نەک خەڵکێک کە لە ژێر سایەی حکومەتێکدا بژین، بۆیە چاومان لە ئاسمانە، بەو هیوایەی بۆمبەکان ئەوان بکوژن و ئێران ئازاد بێت".
ئیلاهە، تەمەن ٥٢ ساڵ لە تاران، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەدا، "هەرچەندە دژی دەسەڵاتدارانی ئایینییە، بەڵام دژی دەستێوەردانی سەربازیی بیانییە و پێی وانییە دیموکراسی بە بۆمب بێتە دی".
ئەو دەڵێت، "کێشەی پێویستمان هەیە. ناتوانین بەرگەی شەڕێک بگرین کە ڕەنگە ژێرخانەکەمان تێکبدات، وڵاتەکەمان دابەش بکات و خەڵکی زیاتر بکوژێت."
ئابووریی ئێران، کە پێشتر بەهۆی سزای نێودەوڵەتی و گەندەڵییەوە لە دۆخێکی خراپدا بوو، لە دوای دەستپێکردنی ڕاپەڕینەکە لە کۆتایی مانگی ١٢دا، گورزی زیاتری بەرکەوتووە، بەهای دراوەکە بە خێرایی دابەزیوە و بڕینی ئینتەرنێت لەلایەن حکوومەتەوە زیانی بە بازرگانی گەیاندووە.
ڕەزا ئەلەفناسب، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بازرگانی ئەلیکترۆنی، بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەوانەی بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوەیە، داهاتیان بە ڕێژەی ٨٠ لەسەد کەمی کردووە، هەروەها وتی، تێکەڵبوونی پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت و نادیاریی سەبارەت بە شەڕ وایکردووە ئێرانییەکان کەمتر پارە بۆ شتە ناپێویستەکان خەرج بکەن.
سەتار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان، هەفتەی ڕابردوو بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاند کە زیانەکانی بازرگانی دیجیتاڵی گەیشتووەتە ٣ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا و ئابووریی وڵاتەکە بە گشتی لە دوای ڕاپەڕینەکەوە ڕۆژانە ٣٥ ملیۆن دۆلار زیان دەبینێت.
زۆرێک لە خاوەنکارە بچووکەکان کە پسپۆڕن لە کاری دەستی، نانەوایی، مۆدێل و مۆسیقا، هەفتەی ڕابردوو لە سۆشیاڵ میدیا داوایان لە خەڵک کرد شتومەکیان لێ بکڕن تا بتوانن بەردەوام بن، هەندێکیان وتیان کە کارەکانیان ڕاگرتووە وەک ڕێزێک بۆ خۆپیشاندەرە کوژراوەکان، بەڵام وتیشیان ئەمە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابێت.
ڕەزا بەدری وەک ژمێریار لە فرۆشگایەکی مۆبیلیات کار دەکات لە چاوپێکەوتنێکدا وتی، کە فرۆشتن لە مانگی ڕابردوودا نزیک بووەتەوە لە وەستان و خاوەنکارەکان کرێکاران دەردەکەن و بەرهەمهێنان کەمدەکەنەوە، لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیا، پرسیاری کردووە ئایا کەس دەتوانێت پەیوەندی بە هەناردەکارانی دەرەوەی ئێرانەوە بکات.
بەدری لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی، "کوشتنی ئەو هەموو هاونیشتمانییەم، کە زۆربەیان تەمەنی خۆمن، و نرخە زۆر بەرزەکان، لە ڕووی دەروونی، سۆزداری و جەستەییەوە ماندووی کردووین."
سپێدە، تەمەن ٣٥ ساڵ، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە تاران، لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کە وانە ئۆنلاینەکانی بە تەواوی هەڵوەشاونەتەوە بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و زیاتر لە مانگێکە هیچ داهاتێکی نەبووە.
ئەو دەشڵێت، "نزیکەی هەموو ڕۆژێک دەگریێم و هەست دەکەم لە لاوازترین دۆخی خۆمدام. لە هەمان کاتدا، هەست بە تووڕەییش دەکەم."
فەرناز فەسیحی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕۆژنامەی تایمزە و سەرپەرشتی ڕووماڵکردنی ئەو ڕێکخراوە دەکات، هەروەها ڕووماڵی ئێران دەکات و ماوەی ١٥ ساڵە لەسەر ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنووسێت.
*نووسینی: فەرناز فەسیحی و لەیلی نیکوونەزەر
سەرچاوە:نیویۆرک تایمز
وەرگێرانی:وێستگەنیوز
PM:12:37:19/02/2026
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت