عێراق به‌ناوی ته‌مێكردنه‌وه، دایكان منداڵه‌كانیان ده‌كوژن و باوكان ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه سه‌ر پاكیزه‌یی كچه‌كانیان
وێستگەنیوز-
له به‌یانییه‌كی ساردی زستان، ئامبوڵانسێك ده‌گاته یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غداد و منداڵێكی ته‌مه‌ن 7 ساڵانی هه‌ڵگرتووه.
دایكی منداڵه‌كه، به شڵه‌ژاوی ده‌ڵێت منداڵه‌كه‌ی له كاتی یاریكردن: "به هه‌ڵه خنكاوه" و هه‌وڵیداوه چاره‌سه‌ری بكات، به‌ڵام نه‌یتوانیوه. وه‌لێ جه‌سته‌ی منداڵه‌كه شتێكی تر ده‌ڵێت: په‌ڵه‌ی شین و مۆر، نیشانه‌ی لێدانی كۆن و نوێ، به جه‌سته‌یه‌وه دیار بوون. روخسارێكی بچووك زیاتر گوزارشتی له ترس و تۆقاندن ده‌كرد تا خه‌نده و پێكه‌نین.
دوای چه‌ند كاتژمێرێك، پوخته‌ی چیرۆكی منداڵه‌كه، كورتكرایه‌وه بۆ هه‌واڵێكی بچووك: "مردنی منداڵێك له‌سه‌ر ده‌ستی دایكی به‌هۆی تووندوتیژی خێزانییه‌وه"، هه‌واڵه‌كه ته‌واو بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ته‌واو نه‌بووه، ئه‌م پرسیاره گرنگه‌یه: ئه‌وه چییه له ناوه‌وه‌ی ماڵه‌كان رووده‌دات و وا ده‌كات دایكێك، كۆنترۆڵی خۆی له‌ده‌ست بدات و منداڵه‌كه‌ی بكات به قوربانی؟
له شارێكی دی و له دووری سه‌دان كیلۆمه‌تر له به‌غداده‌وه، كچێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ، بۆ یه‌كه‌مجار ده‌ڕواته یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌وه، وه‌ك مشته‌ری نا، وه‌ك كرێكارێك.
ئه‌م كچه پێش چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، ماڵی باوكی به‌جێهێشتووه، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه، ببوه رووبه‌رێكی ته‌نگه‌لان بۆ ئیهانه‌كردن و لێدان و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن. بۆچی؟ چونكه رازی نه‌بووه به زۆر هاوسه‌رگیری بكات و بیده‌نه پیاوێك 30 ساڵ له خۆی گه‌وره‌تره.
"شه‌قام دڵڕه‌قه و شه‌و له شه‌قام دڵڕه‌قتره"، ئه‌مه وته‌ی ئه‌و كچه‌یه كه قسه‌ی بۆ یه‌كێك له هاوڕێكانی كردووه و ده‌ڵێت: "به‌ڵام لانی كه‌م، لێره، له یانه شه‌وانه‌كه، كه‌سێك نییه هه‌مو شه‌وێك لێمبدات".
له نێوان ئه‌و منداڵه‌ی له نه‌خۆشخانه مردووه و ئه‌و كچه‌ی له ماڵه‌وه هه‌ڵهاتووه و رووبه‌رێكی دیكه‌ی دڵڕه‌قتری هه‌ڵبژاردووه. تاڵه داوێك هه‌یه هه‌ردوو چیرۆكه‌كه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه: ماڵێك وه‌زیفه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی وه‌ك شوێنێكی ئارام و سه‌لامه‌ت له‌ده‌ستداوه و گۆڕاوه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی ترس و تۆقاند".
له نێوان ئه‌و منداڵه‌ی ژیانی له نه‌خۆشخانه كۆتایی پێهات و ئه‌و كچه‌ی له‌ماڵه‌وه هه‌ڵهاتووه و له شه‌قامدا گیرساوه‌ته‌وه، تاڵه داوێك هه‌ردووكیان پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه: تووندووتیژی خێزانی كه به هێمنی په‌ره‌ده‌سێنێت، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی چه‌ترێكی یاسایی و دامه‌زراوه‌یه‌ك، بتوانێت پێش ئه‌وه‌ی كێشه‌كان بگاته ئه‌و كۆتاییه كاره‌ساتبارنه، ده‌ستوه‌ردان بكات.
عه‌لی ئه‌لعبادی، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری عێراق بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ده‌ڵێت نیگه‌رانی و ئاستی جیاواز له تووندووتیژی، له ناو خێزانه‌كاندا هه‌یه، ئه‌م واقیعه چیتر كرده‌یه‌كی تاكه كه‌سی نییه و ده‌ڵێت: "خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تیانه بۆ واقعی تووندووتیژی لای خێزانی عێراقی، به‌تایبه‌ت له‌م پێنج ساڵه‌ی دواییدا، ده‌ریده‌خات هه‌ڵكشان و په‌ره‌سه‌ندنێكی مه‌ترسیداری به‌خۆیه‌وه بینیوه و جێگای نیگه‌رانییه و ئاماره‌كان نیشانه‌ی پرسیاری زۆر له‌خۆده‌گرن".
ئه‌لعبادی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات: "سه‌نته‌ری عێراق بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ساڵانێكه فشار ده‌كات بۆ ده‌ركردن و جێبه‌جێكردنی یاسای تووندووتیژی خێزانی. به‌ڵام هه‌ندێك هێزی سیاسیكه كه مۆركێكی ئیسلامی‌یان هه‌یه، هێشتا به‌م یاسایه رازی نه‌بوون، به پاساوی ئه‌وه‌ی یاساكه دژ به سه‌وابته‌كانی ئیسلامه.
ئه‌مه له كاتێكدایه عێراق پابه‌سته به رێكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به مافه‌كانی منداڵ. له سایه‌ی هه‌ڵكشانی ئه‌م تووندوتیژییه‌دا، چیتر كاتی به‌رده‌وام بوون نییه له‌م مشتومڕه‌ی له‌سه‌ر یاساكه هه‌یه. ئه‌ڵبه‌ته ده‌ركردنی یاسای تووندووتیژی خێزانی، رووبه‌رێكی یاسایی روون و ئاشكرا، ده‌به‌خشێت به پارێزگاریكردن له منداڵ و ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزان و چاره‌سه‌ری كرده‌یی بۆ زۆرێك له كێشه‌كان داده‌نێت".
ئاماره ناوخۆییه‌كان قه‌باره‌ی كێشه‌ی پشت دیواره‌كان ئاشكرا ده‌كات
له پشت ئه‌و چیرۆك و لێدوانانه‌وه، ئاماری فه‌رمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه كه وێنه‌یه‌كی رۆشنتر و روونتر، له‌سه‌ر بڕ و راده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی تووندوتیژی له ناو خێزانه عێراقییه‌كاندا ده‌خاته‌ڕوو.
-راپۆرتێكی هاوبه‌شی شاندنی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق (یۆنامی) له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای مافه‌كانی مرۆڤ، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن دادگاكانی لێكۆڵینه‌وه له عێراق، له ماوه‌ی هه‌ردوو ساڵی 2021 و 2022، تێكڕای 27 هه‌زار و 42 سكاڵای به‌ده‌ست گه‌یشتووه كه په‌یوه‌ستن به تووندووتیژی خێزانییه‌وه. له‌وانه 12 هه‌زار و 738 سكاڵایان هی ساڵی 2021 بووه و 14 هه‌زار و 304 سكاڵایان هی ساڵی 2022 بووه.
-راپۆرتێكی دیكه‌ی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی، باس له‌وه ده‌كات حاڵه‌تی تووندووتیژی خێزانی كه له ساڵی 2022 به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، له‌سه‌رانسه‌ری عێراقدا تۆمار كراون، زیاد له 33 هه‌زار حاڵه‌ته. له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه له‌وه‌ی ئاماره راسته‌قینه‌كه زۆر له‌وه زیاتره، چونكه هه‌ندێك حاڵه‌ت له‌به‌ر ترس له ناموس و فشاری خێزانی و خێڵه‌كی، باس ناكرێن و راناگه‌یه‌نرێن.
-به گوێره‌ی راپۆرتێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌یوه‌ندییه‌كان و میدیا له وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئاماره‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له ماوه‌ی ساڵی 2023، زیاد له 10 هه‌زار حاڵه‌تی تووندووتیژی خێزانی و هه‌راسانكردنی ئه‌لیكترۆنی روویانداوه.
ساڵی 2024، میدیاكان له زاری ئاماره فه‌رمییه‌كانه‌وه، بڵاویانكرده‌وه نزیكه‌ی 14 هه‌زار حاڵه‌تی تووندووتیژی خێزانی تۆمار كراون، له‌و ژماره‌یه له‌سه‌دا 73% قوربانییه‌كان ژنان و له سه‌دا 27% پیاوان بوون. ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی بازنه‌ی زیانلێكه‌وتووه‌كان ده‌رده‌خات، به تایبه‌ت بۆ ئه‌و توێژه‌ی كه لاواز و بێده‌سه‌ڵاتن.
ئه‌م ئامارانه نوێنه‌رایه‌تی "كه‌یسی تاكه كه‌سی" ناكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی باو ده‌گوترێ. به‌ڵكو ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌خشه‌یه‌كه كه چه‌ندینجار دووباره ده‌بێته‌وه: خێزانێك ورده ورده له پانتایی به‌خێوكردن و گه‌وره‌كردنه‌وه، ده‌گۆڕێت بۆ شوێنی لێدان، زه‌لیلكردن، گۆشه‌گیری و بێبه‌شبوون، هه‌مو ئه‌وه‌ش به مانای "كه‌ره‌سته‌ی په‌روه‌رده‌یی" یان "مافی ته‌مێكردن" وه‌سف ده‌كرێت.
عێراق له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان به‌شێكه له تووندووتیژی دژ به ژنان و منداڵ
له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، وێنه‌كه باشتر نییه. ئاماره نوێیه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ده‌ریده‌خه‌ن نزیكه‌ی 840 ملیۆن ئافره‌ت له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، واته نزیكه‌ی هه‌ر ئافره‌تێك له سێ ئافره‌ت، له ماوه‌ی ژیانیاندا، تووشی تووندووتیژی جه‌سته‌یی یان سێكسی بوونه‌ته‌وه.
له ماوه‌ی ته‌نها 12 مانگدا، نزیكه‌ی 316 ملیۆن ژن، واته له سه‌دا 11%ی ئه‌و ژنانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌سه‌رو 15 ساڵه، له‌لایه‌ن كه‌سێكی زۆر نزیكی خۆیانه‌وه، روبه‌ڕووی تووندووتیژی بوونه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به منداڵ، توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ده‌رباره‌ی سزای جه‌سته‌یی، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات نزیكه‌ی ملیارێك و 200 هه‌زار منداڵ له جیهاندا، ساڵانه تووشی شێوه‌ی جیاوازی تووندووتیژی ده‌بنه‌وه، له نمونه‌ی لێدان و سزای قورس.
ئه‌و منداڵانه‌ی دووچاری ئه‌م جۆره له تووندووتیژی ده‌بنه‌وه، ئاستی گه‌شه‌كردنیان، به رێژه‌ی 24% كه‌متره له‌و مناڵانه‌ی كه دووچاری تووندووتیژی له‌و جۆره نه‌بوونه‌ته‌وه.
ئامار و پێدراوه‌كانی سه‌ره‌وه، عێراق ده‌خاته ناو چوارچێوه‌یه‌كی فراوانتره‌وه: تووندووتیژی خێزانی، دیارده‌یه‌ك نییه تایبه‌ت بێت به وڵاتێك، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی جیهانییه. به‌ڵام لاوازی و فشۆڵی ژێرخانی یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی، دوای چه‌ندین ده‌یه‌ی سه‌خت له جه‌نگ، وا ده‌كات كاریگه‌ری تووندووتیژی خێزانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای عێراقی، قووڵ وقورستر بێت.
راكردن له ماڵه‌وه بۆ شه‌قام
راكردنی كچان له ماڵه‌وه بۆ پانتاییه‌كی فشه‌ڵ و ناجێگیر، یه‌كێكه له‌مه‌ترسیدارترین ده‌رئه‌نجامه‌كانی تووندوتیژی خێزانی. ئه‌م دیارده‌یه له چیرۆكی ئه‌و كچانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێك له ماڵه‌وه راده‌كه‌ن و روو ده‌كه‌نه شه‌قامه‌كان. ئه‌ڵبه‌ته سه‌روه‌ختێك ماڵ ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام، راكردن- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پڕه له مه‌ترسی- لای هه‌ندێك له‌و كچانه، باشتره تا مانه‌وه له ماڵه‌وه.
له‌م ساڵانه‌ی دوایدا، چالاكوانان و چاودێران، باس له‌وه ده‌كه‌ن تابێت ژماره‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه زیاد ده‌كات كه تێیدا كچان له ماڵه‌وه، به‌هۆی هاوسه‌ره توونده‌كانیانه‌وه یان به‌هۆی به‌شودانی زۆره‌ملی یاخود به‌هۆی چاودێری تووند و خنكێنه‌ره‌وه، راده‌كه‌ن و وه‌ك كرێكار خۆیان له ناو یانه شه‌وانه‌كان یان له ناو شوێنه داخراوه‌كاندا ده‌بیننه‌وه.
ئه‌م راكردنه و گواستنه‌وه له ماڵه‌وه بۆ یانه شه‌وانه‌كان، هیچ پارێزگارییه‌كی راسته‌قینه بۆ ئه‌و كچانه دابین ناكات. بگره له بازنه‌ی تووندووتیژی خێزانییه‌وه، ده‌یانگوێزێته‌وه بۆ بازنه‌ی قۆستنه‌وه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی كه مه‌ترسییه‌كه‌ی هیچی له مه‌ترسی تووندووتیژی خێزانی كه‌متر نییه.
له نێوان چیرۆكی منداڵه‌كه و كچه‌كه، كۆمه‌ڵێك پرسیاری كراوه، له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تدا هه‌یه. چیرۆكی ئه‌و منداڵه‌ی به‌هۆی تووندووتیژی خێزانییه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا و چیرۆكی ئه‌و كچه‌ی هه‌ڵهاتنی له‌ماڵه‌وه و رۆشتنی بۆ یانه شه‌وانه‌كانی هه‌ڵبژارد، رووداوی ده‌گمه‌ن و تاك و ته‌را نین. به‌ڵكو به‌شێكه له تابلۆیه‌كی گه‌وره‌تری تووندووتیژی كه له پشت ده‌رگاكانه‌وه دزه ده‌كات و دێته ناو فه‌زای گشتییه‌وه.
له به‌رده‌م ئه‌م تابلۆ ته‌ماوییه‌دا، ده‌كرێت ئه‌م پرسیارانه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه‌ڕوو كه ناكرێت له‌وه زیاتر دوابخرێن:
-چۆن ده‌بێت سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی، رازییه به‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌زموونی تووندووتیژی له‌ژیانی مرۆڤدا، له ناوه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یه‌وه بێت؟
-تاكه‌ی تووندوووتیژی خێزانی وه‌ك "شتێكی تایبه‌ت به خێزان" ده‌مێنێته‌وه، له كاتێكدا گۆڕاوه بۆ تاوانێكی روون و ئاشكرا.
-چ سودێك له‌وه‌دا هه‌یه، له گوتاری سیاسی و ئاینی، باس له "پاراستنی خێزان" بكرێت، كه‌چی منداڵ و ژنان هیچ چه‌ترێكی یاسایی روون و راشكاویان نییه، له كاتی مه‌ترسییه‌كاندا پارێزگاریان لێ بكات.
لێره‌وه تووندووتیژی خێزانی، دۆسێیه‌كی لاوه‌كی نییه، ده‌كرێت دوایبخه‌ین بۆ دوای چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه سیاسی و ئابورییه‌كان. به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كه په‌یوه‌سته به فۆرم و سه‌قامگیری خودی كۆمه‌ڵگاوه. په‌یوه‌سته به‌و نه‌وه‌یه‌ی دوای ده‌یه‌یه‌ك یان دوو ده‌یه، به‌رپرسیاره‌تی ئه‌م وڵاته هه‌ڵده‌گرێت، ئایا ده‌بێته نه‌وه‌ی ترس و تووندووتیژی و مادده هۆشبه‌ره‌كان، یان ده‌بێته نه‌وه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت و توانای دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندورستی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا ده‌بێت.
PM:12:36:25/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 116
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت