به‌سه‌رهاتی وێنه‌كێشێك به‌ده‌ست نه‌خۆشی ده‌روونییه‌وه ده‌یناڵاند و تابلۆیه‌كی كێشا نرخه‌كه‌ی 120 ملیۆن دۆلار بوو
وێستگەنیوز-
به‌درێژایی مێژوو، چه‌ندین وێنه‌كێش/ ره‌سام، به‌هۆی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌یریان و وێنه‌كانیانه‌وه، به شێت وه‌سفكراون. وێنه‌كێشی هۆڵه‌ندی ڤنسنت ڤان كوخ (Vincent van Gogh) ، ناوی له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی لیسته‌كه‌دا دێت. ئاخر ئه‌م وێنه‌كێشه، له ماوه‌ی ژیانیدا، زیاد له جارێك داخڵی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی كراوه، گوێچكه‌یه‌كی خۆی لێكردووه‌ته‌وه، په‌نای بردووه بۆ خواردنی هه‌ندێك له تابلۆكانی و هه‌ندێك له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی له وێنه‌كێشاندا به‌كاریهێناوه، هه‌مو ئه‌وه پێش ئه‌وه‌ی بۆ دواجار ته‌قه له خۆی بكات و كۆتایی به ژیانی بهێنێت.
جگه له ڤنسنت ڤان كوخ، مێژوو باس له ناوی وێنه‌كێشی نه‌رویجی ئێدوارد مۆنش (Edvard Munch)ده‌كات، خاوه‌نی تابلۆی "هاوار/ الصرخة"، ئه‌م تابلۆیه ساڵی 2012 له زیادكردنێكی ئاشكرادا، نرخه‌كه‌ی گه‌شته 120 ملیۆن دۆلار. كه‌چی مۆنش تا له ژیاندا بوو، به‌ده‌ست چه‌ندین نیگه‌رانی و په‌شێوی ده‌روونییه‌وه ناڵاندوویه‌تی و ناچاربووه داخڵی چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی ببێت و هه‌مو ئه‌وه له تابلۆكانیدا ره‌نگیانداوه‌ته‌وه.
كاروانی ژیانی مۆنش
مۆنش ساڵی 1863 هاتووه‌ته دونیاوه، هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه، منداڵییه‌كی قورس و سه‌خت ژیاوه. ته‌مه‌نی ته‌نها 5 ساڵ بووه، دایكی به هۆی نه‌خۆشی سیله‌وه له‌ده‌ستده‌دات. چه‌ند ساڵێك دوای له‌ده‌ستدانی دایكی، سۆفیای خوشكی كه مۆنش زۆر هۆگری بووه، به هه‌مان نه‌خۆشی دایكی كۆچی دوایی ده‌كات. هه‌روه‌ها خوشكێكی دیكه‌ی هه‌بوو، به‌ده‌ست نه‌خۆشی شییزۆفیریناوه ناڵاندوویه‌تی و زۆربه‌ی كاته‌كانی له نه‌خۆشخانه‌كان به‌سه‌ربردووه.
له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 1889، ئه‌م وێنه‌كێشه نه‌رویجییه، باوكی له‌ده‌ستده‌دات، لێره‌وه هه‌مو ئه‌و رووداوانه، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر حاڵه‌تی ده‌روونی ئێدوارد مۆنش هه‌بووه. هه‌ر بۆیه دوای ئه‌وه، ته‌واوی ژیانی به خه‌مۆكی و ترس و نیگه‌رانییه‌وه بردووه‌ته‌سه‌ر. به‌ڵام مۆنش له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه سه‌خت و قورسه‌ی ژیانیدا، له ئۆسلۆ چووه‌ته قوتابخانه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی زۆرێك له شاره‌كانی ئه‌وروپا بكات.
مۆنش له‌سه‌ره‌تای كاروانی هونه‌ریدا، چاوی ده‌كه‌وێت به فه‌یله‌سوفی پوچگه‌رایی نه‌رویجی هانس جاگر (Hans Jæger)، ئه‌م فه‌یله‌سوفه له زیاد له بۆنه‌یه‌كدا، داوای لێكردووه وێنه‌ی هه‌ست و سۆزه ناوه‌كییه‌كانی خۆی بكێشێت. دواتر مۆنش ده‌ڕوات بۆ فه‌ره‌نسا، له‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره، سه‌رسام ده‌بێت به كاره هونه‌رییه‌كانی پۆل گۆگان (Paul Gauguin) و ڤان كوخ، دوای ئه‌وه رێچكه‌ی هونه‌ری ده‌ربرینگه‌رایی (التعبیریة/ Expressionism) و سیمبۆلیزم ده‌گرێته‌به‌ر.
ئێدوارد مۆنش له كاروانی هونه‌ری خۆیدا، زیاد له هه‌زار و 700 تابلۆی هونه‌ری دروستكردووه، ئه‌مه جگه له هه‌زاران وێنه و ڕه‌سمی دیكه. تابلۆكانی "هاوار، مادۆنا، منداڵه نه‌خۆشه‌كه"، له دیارترین كاره‌كانییه‌تی كه له زیادكردنه ئاشكراكانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا، نرخه‌كه‌یان خه‌یاڵییه.
تلانه‌وه‌ی به‌ده‌ست په‌شێوییه ده‌روونییه‌كانه‌وه
هه‌رچه‌نده مۆنش له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ری، سه‌ركه‌وتوو بوو. وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به درێژایی ژیانی به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه و په‌شێوی ده‌روونییه‌وه ناڵاندوویه‌تی، له‌وانه خه‌مۆكی، دڵته‌نگی، ترس و داچڵه‌كین و تۆقین، وڕێنه. هه‌مو ئه‌م په‌شێوییه ده‌روونیانه، به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر تابلۆكانی هه‌بووه، چونكه هه‌میشه هه‌وڵیداوه له كاره هونه‌رییه‌كانیدا، وێنه‌ی ئه‌وه بكێشێت كه له ناوه‌وه و قووڵایی ناخیدا رووده‌دات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌م په‌شێوییه ده‌روونیانه، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی ئاسایی مۆنش هه‌بووه و بووه‌ته هۆی دروستبوونی چه‌ندین كێشه له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌وروبه‌ری. له‌وانه ساڵی 1902، وێنه‌كێشه نه‌رویجییه‌كه، له‌گه‌ڵ تولا لارسۆن (Tulla Larsen)ی خۆشه‌ویستی، ده‌بێته شه‌ڕیان، له‌و كاته‌دا مۆنش له ده‌مانچه‌كه‌یه‌وه، به هه‌ڵه فیشه‌كێك ده‌ته‌قێنێت و به‌ر ده‌ستی چه‌پی خۆی ده‌كه‌وێت. ئه‌م رووداوه دواتر ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی توانای وێنه‌كێشانی نه‌مێنێت. به‌م جۆره ئه‌م هونه‌رمه‌نده، له جیهان داده‌بڕێت و خۆی گۆشه‌گیر ده‌كات و به ترسێكی زۆره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كات، تا وای لێ دێت له‌گه‌ڵ تابلۆ هونه‌رییه‌كانیدا قسه ده‌كات و پێده‌كه‌نێت. جگه له‌وه، مۆنش كۆمه‌ڵێك نامه ده‌نووسێت، له نامه‌كاندا ئاماژه به‌وه ده‌كات له‌لایه‌ن گروپێكی نه‌ناسراوه‌وه چاودێری ده‌كرێت.
مۆنش تا له ژیاندا بوو، رازی نه‌بوو زۆرێك له تابلۆ هونه‌رییه‌كانی بفرۆشێت و به منداڵه‌كانی خۆی وه‌سفی ده‌كردن. له‌به‌ر ئه‌وه، ژیانێكی ساده و هاكه‌زایی به‌سه‌ر برد و هیچ سه‌روه‌ت و سامانێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستنه‌هێنا. ساڵی 1908، به‌هۆی خه‌مۆكی و مه‌یخواردنه‌وه‌وه، تووشی شپرزه‌یی و تێكچوونی ده‌روونی ده‌بێت. دوای ئه‌وه، رازی بوو بڕواته یه‌كێك له نه‌خۆشخانه ده‌روونییه‌كان و نزیكه‌ی هه‌شت مانگ تێیدا بمێنێته‌وه. رۆژانی دواتری ژیانی، به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌ی ده‌روونییه‌وه ده‌یناڵاند، ئه‌مه وایكرد به ته‌واوی له خه‌ڵك دوور بكه‌وێته‌وه و گۆشه‌گیر ببێت، تا ئه‌و كاته‌ی له ساڵی 1944 بۆ هه‌تاهه‌تایه ماڵئاوایی له ژیان كرد.
له ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، سه‌ركرده‌ی نازییه‌كان، كاره هونه‌رییه‌كانی مۆنش و هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی مۆدرێنی به خراپ وه‌سفكرد و له مۆزه‌خه‌كانی ئه‌ڵمانیا لایبردن. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه ساڵی 1940، كاتێك ئه‌ڵمانیا نه‌رویج داگیر ده‌كات، مۆنش كه ئه‌و كات ته‌مه‌نی 76 ساڵ بوو، كه‌وته شاردنه‌وه‌ی تابلۆكانی، له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا بكه‌ونه ده‌ست نازییه‌كان.
سه‌رچاوه
ئه‌لعه‌ره‌بییه نێت، گۆشه‌ی چیرۆكه مێژووییه‌كان، نووسینی عه‌بدولناسر ته‌ها ره‌مه‌زان، 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2025.
PM:11:54:08/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 488
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت