پارە بلۆککراوەکانی رووسیا و هەڕەشەی سڕینەوەی بەلجیکا
وێستگەنیوز- شوان عەباس بەدری
لە دوای چوارساڵ لە دەستپێکی رەسمی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا، ئێستا لە ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی کیشوەری ئەوروپا لە بەرزترین ئاستەکان باس لە خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری جەنگێکی گشتگیر و تێوەگلانی راستەوخۆی کیشوەری پیر لەو جەنگە دەکرێت، بەتایبەتیش کە سەرۆکی هەنگاریا بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئەگەری پێکدادانی روسیا و ئەوروپای لە کۆتاییەکانی ساڵی 2029 و سەرەتای ساڵی 2030 خستەڕوو، بە تایبەتیش کە لە ئێستادا بەکارهێنانی دارایی و پارە بلۆککراوەکانی رووسیا بەمەبەستی یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە کیشوەری ئەوروپا و بە تایبەتیش داراییە بلۆککراوەکانی رووسیا لە بەلجیکا بۆتە جێی مشتوومڕێکی گەرم و تووندی وڵاتانی ئەوروپا و رووسیا بەگشتی و وڵاتی بەلجیکا بەتایبەتی.
1 / پارەبلۆککراوەکانی رووسیا لە بەلجیکا
بە گشتی پارە بلۆککراوەکانی رووسیا کە لەلایەن کۆمپانیای یۆرۆکلێری بەلجیکییەوە بلۆککراوە زیاتر لە 185 ملیار یۆرۆیە و وڵاتانی ئەوروپا بە مەبەستی یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە جەنگی دژ بە رووسیا فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر بەلجیکا تا لەو بڕە پارەیە، 145 ملیار یۆرۆ ببەخشێت بە ئۆکرانیا، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە بارت دی ڤیفەری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا نەچۆتە ژێرباری فشار و داواکارییەکانی وڵاتانی ناو یەکێتیی ئەوروپا و لە ئەگەری بەخشینی ئەو پارەیە و مەترسی کاردانەوەی تووندی روسیا داوای گرەنتی لە وڵاتانی ئەوروپی دەکات.
لای خۆیەوە ڤالیری ئۆربان بەرێوەبەری کارگێری کۆمپانیای یۆرۆکلێر هۆشداری تووندی دایە حکومەتی بەلجیکا و ئەو وڵاتەی لە مەترسییەکانی ئەگەری بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی رووسیا وەک قەرز بۆ وڵاتی ئۆکرانیا ئاگادار کردووەتەوە.
(( پێشنیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا بە بێ دەستکاری کردن و جێبەجێکردنی وەک خۆی کارێکی مەترسیدارە و لە رووی یاساییشەوە مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر سەقامگیری دامەزراوە و سیستمی ئابووری جیهان))، ڤالێری ئۆربان وا دەڵێت.
هەروەها ئۆربان پێی وایە رووسیا لە رووی یاساییەوە مافی ئەوەی هەیە داوای پارەبلۆککراوەکانی بکاتەوەو جگە لەوەش ئەگەر بێتوو ئەو بڕە پارەیە لە هەیکەلی سیستمی دارایی کۆمپانیای یۆرۆکلێری بەلجیکی بهێنرێنە دەرەوە ئەوا دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ توانای بەردەوامی ئەو کۆمپانیایە لە کاروبارەکانیدا.
2 / هەڵوێستی سیاسی پارتەسیاسییەکانی بەلجیکا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە
لە دوای باسکردنی پێشنیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی رووسیا، مشتوومڕێکی تووند لەنێوان پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی بەلجیکا هەڵگیرسا و نوێنەری ژمارەیەک پارتی راستڕە و چەپی ئەو وڵاتە داوایان لە بارت ویفەر سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کرد لەکاتی گفتۆگۆ و دانووستاندنەکانی لەکەڵ سەرکردەی وڵاتانی ناو یەکێتیی ئەوروپا تووند بێت و پێداگری لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەلجیکا بکاتەوە.
هەر سەبارەت بە یارمەتییەکانی بەلجیکا بۆ ئۆکرانیا حزبی open vld بە تووندی رەخنەی لە لێدوانێکی سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا گرت کە تێیدا رایگەیاندبوو: شکستی سەربازی رووسیا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری گەورەترین وڵاتی ئەتۆمی.
حزبەکە ئەو لێدوانەی بە دووفاقی سەرۆک وەزیران خستبووە روو، بەڵام سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا لە روونکردنەوەیەکیدا سەبارەت بەو بابەتە رایگەیاند: قسەکانیان شێواندووە.
هەر سەبارەت بە یارمەتییە سەربازی و داراییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ وڵاتی ئۆکرانیا، جۆرج لۆوی سەرۆکی حزبی MR ی بەلجیکی لەناو پەرلەمانی وڵاتەکەی داوای تووندتر کردنی چاودێری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای کرد بۆ ئەو چەک و یارمەتیانەی کە لە جەنگی دژ بە رووسیا رەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن.
بە بروای سەرۆکی حزبی MR بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی رووسیا لەلایەن کۆمپانیای یۆرۆکلێر، دەبێتە هەرەشە و مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بەلجیکا.
(( دەبێت بە وردی چاودێری ئەو چەک و یارمەتیانە بکرێت کە دەنێردرێن بۆ وڵاتی ئۆکرانیا تا بەوجۆرە رێگە لە گەیشتنی ئەو چەکانە بە دەستی گروپە تاوانکارییەکانی ناو ئۆروپا بگرین.)) سەرۆکی حزبی MR وا دەڵێت.
هەروەها سەرۆکی حزبی MR پێشنیاری کردووە لە جیاتی بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی رووسیا، وڵاتانی ئەوروپا پێکەوە قەرزی هاوبەش ببەخشن بە وڵاتی ئۆکرانیا.
3 / رووسیا و بەلجیکا هەرەشەی سڕینەوەی یەکتر دەکەن
لە دوای لێدوانە تووندەکەی تیۆ فرانکن وەزیری بەرگری بەلجیکا سەبارەت بە سڕینەوەی مۆسکۆی پایەتەختی رووسیا لەسەر نەخشەی جیهان، لێپرسراوە باڵاکانی رووسیا لە بەرزترین ئاستی سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازی لە ئەگەری بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن بەلجیکاوە هەرەشەی سرینەوەی بەلجیکایان کرد.
لای خۆیەوە ڤلادیمیر پۆتین سەرۆکی روسیا هێرشی تووندی کردە سەر سەرکردەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ جەنگی دژ بە کیشوەری ئەوروپا راگەیاند و یەکێتیی ئەوروپای بە تێکدانی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر و چەسپاندنی ئاشتی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد.
(( ئێمە بە نیازی هەڵگیرساندنی جەنگ دژ بە کیشوەری ئەوروپا نین، لە ماوەکانی رابردوودا سەد جار ئەم قسەیەم دووبارە کردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوروپا بە نیازی جەنگە ئەوا ئێمە بەتەواوی ئامادەی ئەو جەنگەین)) ڤلادیمیر پۆتین سەرۆکی رووسیا وا دەڵێت.
هەروەها سەرۆکی رووسیا رایگەیاند: وڵاتانی ئەوروپا هیچ ئەجیندایەکی ئاشتییان پێ نییە و هەوڵ دەدەن چەند بڕگەیەکی ناو پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە راگرتنی جەنگ و چەسپاندنی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەستکاری بکەن.
((وڵاتانی ئەوروپا لەناو وەهمی شکستی سەربازی و ستراتیژی روسیادا دەژین و دەبێت لەو وەهمە بهێنرێنە دەرەوە)) سەرۆکی رووسیا وا دەڵێت.
لای خۆیەوە میدفیدیف سەرۆکی پێشووی رووسیا رایگەیاند: ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا پارە بلۆککراوەکانی رووسیا لە بەلجیکا بدزێت ئەوا وڵاتەکەی ئەو هەنگاوە بە راگەیاندنی جەنگ دەبینێت و بەلجیکا وێران دەکات.
(( بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی رووسیا واتە هەڵگیرساندنی جەنگ دژبە ئەوروپا و لەناوبردن و وێرانکردن و سڕینەوەی بەلجیکا بەتەواوی)) سەرۆکی پێشووی رووسیا بەو جۆرە هەرەشەیەکی تووندی ئاراستەی وڵاتی بەلجیکای کرد.
4 / فشارەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەر بەلجیکا بەردەوامە
لە دوای راگەیاندنی پێشنیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا و رەتکردنەوەی ئەو پێشنیارە لە لایەن بەلجیکاوە، فریدرێک میرز راوێژکاری ئەڵمانیا و ئۆرسۆلا فۆن دیرلاین سەرۆکی کۆمیساریای یەکێتیی ئەوروپا بە مەبەستی کۆبوونەوە و دانووستان و فشاری زیاتر سەردانی بروکسلی پایەتەختی بەلجیکایان کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
سەبارەت بەو سەردانە رۆژنامەی جیلی فرینکن ی بەلجیکی رایگەیاند، گەیشتنی ئەو دوو کەسایەتییە بەهێزەی ناو یەکێتیی ئەوروپا واتە فشاری زیاتر بۆ سەر بەلجیکا.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا لەناو پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، لە بەرامبەر فشارەکانی ئەڵمانیا و کۆمیساریای یەکێتیی ئەوروپا تەسلیم نابێت و تاکە بەرپرسیارێتی راستەقینەی لەو کۆبوونەوانەدا بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی بەلجیکا و بەرژەوەندی هاوڵاتییە باجدەرەکانی بەلجیکا.
جێی ئاماژەیە سەرکردەی وڵاتانی ناو یەکێتیی ئەوروپا هیوادارن تا پێش بەستنی لووتکەی یەکێتییەکە لە 18 و 19 ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، لەبارەی پارەبلۆککراوەکانی رووسیاوە بگەنە رێککەوتن و بە نیازن لە ئەگەری گەیشتن بەو رێککەوتنە ئەوا سەرجەم پارە بلۆککراوەکانی روسیا لە ئەوروپا کە 210 ملیار یۆرۆیە وەک قەرز ببەخشن بە ئۆکرانیا، بەڵام وڵاتی بەلجیکا بەو پێیەی کە زۆربەی بڕە پارەی بلۆککراوی رووسیا لەو وڵاتە دەستی بەسەرداگیراوە لە ئەگەری کاردانەوەی تووندی روسیا و هەڵگیرساندنی جەنگ و لە دەست دەرچوونی کۆنترۆڵی دۆخەکە دژ بەو پێشنیار و هەنگاوەی یەکێتیی ئەوروپا وستاوەتەوە بە تایبەتیش کە لەماوەکانی رابردوودا ژمارەیەک درون چاودێری شوێن و دامەزراوە سەربازی و هەستیار و ئەتۆمییەکانی وڵاتی بەلجیکایان دەکرد و ئەو وڵاتە رووسیای بەو کارە تۆمەتبار کرد.
AM:09:23:08/12/2025
ئهم بابهته 552
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت