پێگەی هەرێمی کوردستان لە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل


وێستگەنیوز-

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە راپۆرتێکدا باس لە پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات لەماوەی 12 رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل.


وەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لە ماوەی جەنگەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوو پەیامی جیادا ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران و کرد و داوای کرد سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بپارێزرێن.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، هەڵوێستەکانی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەرخەری ئەو راستییەن کە دەیەوێت زیاتر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە هەموو بوارەکاندا پتەوتر و فراوانتر بکات، بە تایبەت دوای دیداری ساڵی رابردوو لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران کرایەوە.

هەر لەگەڵ دەستپێکی شەڕەکەدا نێچیرڤان بارزانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان شەرمەزار دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم رووداوانە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکەن و مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچە و نێودەوڵەتی دروست دەکەن، رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و چارەسەری دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، لەم ساتە گرنگانەشدا ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کاردانەوەی خێرا و دەستبەجێی هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و بە زووترین کات ڕێگەچارە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان بکات".

هەروەها لە پەیامی دووەمیدا نێچیرڤان بارزانی سەرجەم حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە پشت بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران ببەستن و نابێت هیچ جوڵە و چالاکییەکی سەربازی لە سنوورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، هەروەها نێچیرڤان بارزانی لە سێهەمین هەنگاویدا هێزی سەربازی و ئەمنیشی نارد بۆ بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە ماوەی شەڕەکەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و باسیان لە دوایین رووداوەکان و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و وەڵامدانەوەی تۆڵەسەندنەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرامبەر هێرشەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران کرد و سەبارەت بە کاریگەرییەکان و دەرئەنجامەکانی لەسەر ناوچەکە گفتوگۆیان کرد و بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد.

هەروەها دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، میدیاکانی هەرێمی کوردستا باسیان لە داخستنی فڕۆکەخانەی هەریر کرد کە بنکەی سەرەکی هێزەکانی ئەمریکایە لە هەولێر ئاماژەیان بەوەدا رێوشوێنی ئەمنی تووند گیراوەتەبەر.

دواتر لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و راوەستانی شەڕەکە نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێشوازی لە راگەیاندنەکەی سەرۆک ترەمپ دەکەم سەبارەت بە ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل".

هەروەها سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و سەرجەم ئەو سەرۆک و سەرکردانەی کرد کە پابەندبوون بە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکییەکان.


PM:03:38:30/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو