گومان لە کۆچی دوایی سری سوریا هەیە
وێستگەنیوز-
نەخۆشکەوتنی دوابەدوای یەکی سێ کارەکتەری بەهێزی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا گومان و دڵەڕاوکێ دروستکردووە، کۆچی دوایی ئەمڕۆی سری سوریا ئەوەندەی تر گومانەکەی زیاتر کرد.
لەماوەی سێ مانگدا نەخۆشی دڵ بووە مۆتوکە بۆسەر ژیانی هەریەک لە دەوڵەت باخچەلی و ئەحمەد تورک و سری سورەیا ئۆندەر، کە ئەم نەخۆشییە هۆکار بوو بۆ کۆچی دوایی سرەی سورەیا ئۆندەر.
لە 6ی شوباتی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی، رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کرا و نەشتەرگەریی دڵی بۆ ئەنجام درا و دواتر پارەتەکەی رایگەیاند، "دۆخی تەندروستی جێگیرە".
دواتر لە شەوی 15ی نیسانی 2025 سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی توشی جەڵتەی دڵ بو، بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانە و لە ئەستەنبوڵ نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجام درا، بەڵام دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ شەممە 3ی ئایاری 2025 کۆچی دواییکرد.
هەروەها لە رۆژی 21ی نیسانی 2025، ئەحمەد تورک، سەرۆک شارەوانی ماردین و ئەندامی شاندی ئیمراڵی تووشی جەڵتەی دڵ بوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدار و خرایە ژێر چاودێرییەوە.
کۆچی دوایی و نەخۆشی ئەم سیاسەتمەدارانە لەکاتێکدایە لەئێستادا پرسی گەرم لە تورکیا و باکووری کوردستان پرۆسەی ئاشتییە، بەڵام یەک لە کارئەکتەرە گرنگەکانی پرۆسەی ئاشتی کە سرەی سورەیا ئۆندەر بوو کۆچی دواییکرد، هەروەها دوو کارئەکتەرە گرنگەکەی دیکەش کە دەوڵەت باخچەلی و ئەحمەد تورکە لەژێر چاودێری وردی پزیشکدان، ئەم ڕووداوانە گومان و دڵەڕاوکێی لەنێو سیاسییەکان و چاودێرانی پرۆسەکە دروستکردووەو بۆتە باسی گەرمی میدیاکانیش .
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەمجارە بە پێچەوانەی قۆناغەکانی دیکە، لەبری پارتە نەتەوەیی و ئۆپۆزسیۆنە کاریگەرەکان، بەربەرستی سەرەکی بەردەم ئەم قۆناغە نەخۆشکەوتنی باخچەلی و ئەحمەد تورک و کۆچی دوایی سرەی سورەیا ئۆندەرە، هەروەها جگە لە ئیی پارتی کە پارتێکی جیابوەوەیە لە مەهەپە، تەواوی پارتە کاریگەرەکانی دیکەی پەرلەمان بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە پشتیوانی لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەکەن.
هەروەها ئەوەی جێگەی گومانە ئەوەیە بۆچی هەرسێ کەسە گرنگەکەی پرۆسەی ئاشتی تووشی نەخۆشی دڵبوون، ئەم نەخۆشکەوتنەش راستەوخۆ لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی بووە لە تورکیا و باکووری کوردستان.
رۆژى 28ی مانگی کانونی یەکەمی 2024، شاندی دەم پارتی كە پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکەیان لە زیندانى ئیمراڵى کرد و پاش کۆبوونەوەکە پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە، لە پەیامەکەدا هاتووە کە " ئۆجەلان جەختی لە برایەتی نیوان کورد و تورک کردووەتەوە".
لە دوای ئەم کۆبوونەوەیە شاندی ئیمراڵی چەند جارێکی دیکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیداریان ئەنجامدا، هەروەها کۆبوونەوەیان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی تورکیا و باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و کە زۆرینەیان هاوڕابوون لە ئەنجامدانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.
PM:09:47:03/05/2025
ئهم بابهته 1588
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت