دەتوانرێت هەموار بکرێتەوە؟،،، بەبێ هەمواکردنەوەی دەستوور دان بە مافی کورد لە تورکیا نانرێت


وێستگەنیوز -

کورد لە تورکیا دەیەوێت دەستبەرداری خەباتی چەکداری بێت و لە ڕێگەی ئاشتییەوە مافەکانی بە دەست بهێنێت. دەستوور نکۆڵی لە بوونی کورد لە وڵاتەکەدا دەکات و بەبێ هەموارکردنەوەشی ناتوانرێت دان بە مافی کوردا بنرێت، لە دەستوورەکەشدا هاتووە، تورکیا تەنها بۆ تورکەکانە و هیچ کەس ناتوانێت دەستوور هەموار بکاتەوە و یان پێشنیازی هەموارکردنەوەی ئەو خاڵانە بکات.


سەرەتاکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیان پێکردووە، کورد و تورک پێکەوە پێشوازی لە پرۆسەکە دەکەن و هەوڵی بەرەو پێشچوونی دەدەن، کورد لە پێناو دانان بە بەشێک لە مافەکانی و پێشخستنی دیموکراسی ئامادەیی دەربریووە دەست لە خەباتی چەکداری هەڵبگرێت.

عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای کردووە، جوڵانەوە چەکدارییەکەی واز لە خەباتی چەکداری بهێنن و خۆیان هەڵوەشێننەوە.

پەکەکە ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان دەربڕیووە، بەڵام مەرجی خۆ هەڵوەشاندنەوەی ئامادەبوونی ئۆجالانە لە کۆنگرەکەدا.

عەبدوڵڵا ئۆجالان لەسەر شێوازی بەدەستهێنانی مافی کورد لە تورکیا لە کۆتا پەیامیدا رایگەیاندووە، "داواکاریی دەوڵەتی نەتەوەیی جودا، کە ئەنجامی حەتمیی سەرلێشێواویی نەتەوەگەرایی پەڕگرانەیە، لەگەڵ داخوازیی بۆ فیدراڵییەت و خۆسەریی کارگێڕی و چارەسەرە کولتوورییەکان هیچیان ناتوانن ببن بە وەڵامێک بۆ سۆسیۆلۆژیای مێژوویی کۆمەڵگە".

ئۆجالان بڕوای وایە، " تەنها لە رێگەی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و هەبوونی بواری کاری سیاسییەوە دەتوانرێت ئەو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە بهێنرێنە کایەوە بۆ هەموو لایەن و پێکهاتەکان کە تێیدا رێز لە ناسنامەکان بگیرێت، ئازادیی رادەربڕین و رێکخستنی دیموکراتیک فەراهەم بکرێت”.

دەستوور چۆن ڕێگرە لە دانان بە مافی کورد؟

لە مادەی یەکەمی دەستووری تورکیادا هاتووە تورکیا دەوڵەتێکی کۆمارییە.
لە مادەی دووەمدا ئاماژە بەوە دراوە کە کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی یاسایی، کۆمەڵایەتی، عەلمانی، دیموکراسییە و پشت بەو بنەما سەرەکییانە دەبەستێت لە دیباجەی دەستووردا ئاماژەیان پێ دراوە و پابەندە بە هرزی نەتەوایەتی (تورکایەتی) ئەتاتورک، ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانی تورکیا دابیندەکات.

لە مادەی سێیەمی دەستووردا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا بەشێکی دانەبراوە لە وڵات و گەلی تورک و زمانەکەیشی تورکییە، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە رەنگی ئاڵای تورکیا سورە و مانگ و ئەستێرە لەخۆ دەگرێت. سرودی نیشتمانیی "سرودی ئیستیقلال"ە و پایتەختی تورکیایش ئەنقەرەیە.

لە مادەی چوارەمی دەستووردا جەخت لەسەر مادەی یەکەم و دووەم و سێیەم کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە ناتواندرێت ئەو سێ مادەیە گۆڕانکارییان تیادا بکرێت و تەنانەت ناتواندرێت داوای هەموارکردنەوەی ئەو مادانەیش بکرێت.

لە هیچ شوێنێکی دەستوورەکەدا ئاماژە بە گەلی کورد و زمانی کوردی نەدراوە و تەنانەت کوردیش وەک "نەتەوەی تورک" پێناسە کراوە.


تا ئێستا 21 جار دەستووری تورکیا هەموارکراوەتەوە

‎دەستووری کۆماری تورکیا کە لە دوای کودەتای سەربازی 12ی ئەیلوولی 1980ەوە لە 9ی تشرینی دووەمی 1982ەوە کاری پێدەکرێت، تا ئێستا 21 جار هەموار کراوەتەوە. 

‎دوای پەسەندکردنی دەستوورەکە بە فەرمانی ئیدارەی سەربازی لە لایەن ئەنجومەنی راوێژکاری لە 23ی ئەیلولی 1982 و لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە 18ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ پەسەند کرا. 

‎دواتر لەسەر پێشنیازی سەرۆکی ئەوکاتی تورکیا، کەنعان ئێڤرەن کە گەورە بەرپرسێکی سوپا بوو و دوای کودەتاکە بوو بە سەرۆکی تورکیا، مادەی چوارەم بۆ دەستورەکە زیاد کرا و ئاماژە بەوە درا "ناتواندرێت گۆڕانکاری لە سێ مادەی یەکەمدا بکرێت و داوای هەموارکردنەوەیشیان بکرێت"، دواتر گشتپرسی بۆ دەستورەکە کرا و بانگەشەی ئەوە کرا لە سەدا 91.37ی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان بە دەستورەکە داوە. 

‎شێوازی حوکمڕانی بەپێی دەستوورەکە تاوەکو هەموارکردنەوەی دەستورەکە لە 2018، کۆماری دەستووری یەکگرتووی پەرلەمانی بوو و لە دوای ئەو رێککەوتەیشەوە گۆڕا بۆ کۆماری دەستووری یەکگرتووی سیستەمی سەرۆکایەتیی کۆمار. 

‎دەستوورەکە لە حەوت بەش، 177 مادە و 16 مادەی کاتی پێکهاتووە.

‎ئەو دەستوورە کە دوای کودەتای سەربازی لە تورکیا داندرا، بە دەستوورێکی ئێجگار داپڵۆسێنەر دادەندرێت بۆ سەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە تورکیا و باکووری کوردستان.

‎ چالاکوانانی سیاسیی باکووری کوردستان و داکۆکیکارانی ئازادییەکان لە تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە تاوەکو کار بەو دەستوورە بکرێت، مافەکانی کورد و عەلەوییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە لە تورکیا و باکوری کوردستان دەستەبەر ناکرێت.

‎سێ مادەی یەکەمی دەستووری تورکیا زۆرترین مشتومڕیان لەسەرە و جەخت لەوە دەکرێتەوە تا ئەو مادانە نەگۆڕدرێن، هەر گۆڕانکارییەکی دیکە لە دەستووری تورکیا بە سوودی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان تەواو نابێت.

لە سەردەمی ئاکپارتیدا سێ جار دەستوورەکە هەموار کراوەتەوە

‎هەرچەند هەوڵەکانی ئاکپارتیی دەسەڵاتدار بەردەوامن بۆ هەموارکردنەوەی دەستوورەکە، بەڵام لە میانی 21 ساڵ حوکمڕانی ئاکپارتیدا تاوەکو ئێستا سێ جار دەستووری تورکیا هەموار کراوەتەوە و هیچ مادەیەک لە مادەکانی دەستوور هەموار نەکراوەتەوە کە تیایدا کورد و پێکهاتەکانی دیکە هەست بکەن مافەکانیان دەپارێزێن و پەراوێز ناخرێن.

‎بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن ئاماژە بەوە دەدەن هەوڵەکانی ئاکپارتی و هاوپەیمانەکانی بەو ئاراستەدایە جارێکی دیکە دەستوور بۆ دوورکەوتنەوە لە سیستەمی عەلمانی بەکاربهێنن بەمەش هەست و سۆزی کەسانی ئایینپەروەر و نەریتخواز بۆ خۆیان رابکێشن کە بە هۆی ئەو هەڵاوسانە و گرانییەی تورکیای گرتووەتەوە لە ئاک پارتی دوور کەوتوونەتەوە.


PM:12:18:02/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو