لە عێراق نەخۆشییەکی مەترسیدار لەنێو ئاژەڵان بڵاوبووەتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش هۆشداری دەدرێت


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

نەخۆشییەکی مەترسیدار لەنێو ئاژەڵانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بڵاوبووتەوە کە بە هۆکارێک دادەنرێت بۆ لەناوبردنی سامانی ئاژەڵ لە وڵاتدا، پزیشکێکی پسپۆڕیش لە شاری سلێمانی هۆشداری دەدات و دەڵێت، "پێویستە ئەو ئاژەڵانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت، تاوەکو نەخۆشییەکەش لە هەرێم بڵاونەبێتەوە".


لەبارەی ئەو جۆرە نەخۆشییەوە کە لە ئێستادا لەنێو ئاژەڵانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بڵاوە د. هەوار مەحمود، پزیشکی ڤێتێرنەری بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "نەخۆشی تەبەق نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە حەوت جۆری سەرەکی هەیە، ئەم نەخۆشییە نەخۆشییەکی مرۆژەڵییە تووشی ئاژەڵە دووسمە کاوێژکەرەکان دەبێت، تووشبوونی ئاژەڵە کێڵگەییە گەورەکان زیاترە لە ئاژەڵی وردەدا، دەرکەوتنی نیشانەکانی 2 تا 14 رۆژی دەوێت، بڵاوبوونەوەی خێرایە کە لە رێگەی هەوا و بەرکەوتنی راستەوخۆ و لە رێگەی شیری ئاژەڵەکە بۆ بێچووەکەی دەگوازرێتەوە، ئەم نەخۆشییە نامۆ نییە لە کوردستان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1937 دا بڵاوبووەوە".

لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەم نەخۆشییە د. هەوار مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم نەخۆشییە کاریگەری بۆسەر تەندروستی مرۆڤ نییە، بەڵکو زیانی گەورەی بۆ سامانی ئاژەڵی وڵات دەبێت کە زیانی ئابووری بۆ خاوەن کێڵگە ئاژەڵییەکان دەبێت".

ئەوەشی وت، "بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە پێویستە پشکنینی پێشوەختەی تاقیگەی بۆ ئاژەڵەکە ئەنجامبدرێت، ئێمەش وەک تاقیگەی کوالێتی جۆری ڤێتێرنەری هامسا هەتا ئێستا پشکنینمان بۆ ئەو ئاژەڵانە کردووە کە هاوردەی هەرێم و سنووری سلێمانی کراوە بە مەبەستی رێگریکرد لە بڵاو بوونەوەی نەخۆشییە".

وتیشی، "پێویستە گرنگی زیاتر بە خاڵە سنوورییەکان و کەرەنتینی بازگەکان و کوشتارگە هاوچەرخەکان بدرێت، هەروەها گرنگی بە بەخێوکردنی ئاژەڵی ناوخۆ بدرێت، چونکە بەرگرییان بۆ نەخۆشی لە ناوچەکەدا زیاترە، هۆکاری قورسی نەخۆشییەکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش هاوردەکردنی ئاژەڵی دیکەیە کە راستەوخۆ تێکەڵکردنیان بەبێ کەرەنتینەکردن و پشکنینکردن بۆیان کە ڤایرۆسە جۆرەکەی بەهێزتربووە بووەتە هۆی زیانێکی گەورە".

لەبارەی هەبوونی ئەو نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان ئەو پزیشکە وتی، "وەکو نەخۆشییەکە هەر هەبووە لە کوردستاندا و ئیستاش هەیە، بەڵام ئەو جۆرەیەتی کە خاوتر بڵاودەبێتەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسانتر لەچاو ئەو جۆرەی ئێستا بڵاوبووەتەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەکارهێنانی کوتان بۆ ئاژەڵەکان ڕێگایەکی ترە بۆ کەمکردنەوەی تووشبوون، ترسەکە لەوەدایە کە پەڕینەوەی ئەو جۆرە سیرۆتایپەیە و بڵاوبوونەوەی لە هەرێمدا کوتانیش دەورنابینێت لە دوو حاڵەتدا یەکەم لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ناوچەی تووشبوونەکە، دووەم بەهۆی جۆری سیرۆتایپی ڤایرۆسەکە".


AM:08:31:25/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو