20 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی رەفیق حەریریدا تێدەپەرێت


وێستگەنیوز- شوان عەباس بەدری

لە 14ی شوباتی 2005، رەفیق حەریری 43یەمین سەرۆك وەزیرانی لوبنان و گەورە بازرگان و سیاسی ئەو وڵاتە و سەرۆكی رەوتی موستەقبەل، بە هەزار و 800 كیلۆگرام تی ئین تی لە كاتی تێپەرینی كەژاوەی ئۆتۆمبیلەكانی لە نزیك ئوتێل سانت جۆرج لە بەیروتی پایەتەختی ئەو وڵاتە، لە رێی بارهەڵگرێكی بۆمبرێژكراوەوە تیرۆركرا و لە دوای تیرۆركردنەكەشی شەقامی لوبنانی دژ بە سوریا و لێپرسراوە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەكانی ئەو وڵاتە كە لەو سەردەمەدا لە لوبنان باڵا دەست بوون هاتە خرۆش، هەروەك چۆن نەتەوەیەكگرتووەكان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بە سەرۆكایەتی دیتلیف میلیس پێكهێنا و لیژنەكە تێوەگلانی ژمارەیەك لە لێپرسراوە هەواڵگری و ئەمنییەكانی سوریا و لوبنانی لە رووداوەكە بە دوور نەزانی.


رەفیق حەریری كە بە نەیارێكی سەرسەختی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی سوریا بە سەرۆكایەتی حافز ئەسەد و لە دوای ئەسەدی باوكیش، بەشار ئەسەدی كوری دادەنرا و داوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی سوریای لە لوبنان و كۆتایی هێنان بە هەژموون و دەسەڵات و چەپۆكی ئەمنی و سەربازی و هەواڵگری ئەو وڵاتەی دەكرد لە لوبنان، لە ساڵی 1992 بۆ یەكەمین جار وەك سەرۆك وەزیرانی لوبنان هەڵبژێردرا و پاڵپشتییەكی گەرمی جەماوەری هەبوو و هەر لە دوای هەڵبژاردنیشی لەو ساڵەدا نرخی لیرەی لوبنانی بە رێژەی لە %15 بەرزبووەوە و هەر وەك چۆن لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەی كە تا ساڵی 1998 درێژەی كێشا، رێژەی هەڵاوسان لە سەدا 131 بۆ لە سەدا 29 دابەزی، لە ساڵی 2000 جارێكی تر وەك سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە دەستنیشان كرا، بەڵام بە هۆی كێشە سیاسی و ئابوورییەكانی ئەو سەردەمەی لوبنان لەلایەك و باڵادەستی سوریا لەلایەكی تر و كێشە سیاسییەكانی تری ناوخۆی لوبنان، لە ساڵی 2004 نامەی دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەش بە ئیمیل لەحود سەرۆك كۆماری ئەو سەردەمەی لوبنان كرد.

گەشانەوەی ئەستێرەی سیاسی رەفیق حەریری دەگەرێتەوە بۆ دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو، واتە ئەو دەمەی وەك كەسایەتییەكی سیاسی و بازرگانی دەگەرێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی و لە ساڵی 1983 وەك ڕاوێژكاری ئەمیر بەندەر بن سوڵتان دەستی بە كاركرد و دوای ماوەیەك لە بەر نەبوونی ڕەوتێكی سوننەی بەهێز لە لوبنان و داڕمانی رێكخراوی ئازادی فەڵەستین و بەهیزبوونی میلیشیا شیعەكانی لوبنان و بە تایبەتیش ڕەوتی ئەمەل، رەفیق حەریری وەك نوێنەرێكی بەهێز و بەدەسەڵاتی سعودییە لە مەیدانی سیاسی لوبنان جێ پێی خۆی قایم كرد.

هەوەك چۆن لە ڕێككەوتننامەی تائیفی ساڵی 1990 و كۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆیی 16 ساڵەی لوبنان رۆڵێكی كارای گێرا و لە ساڵی 1992 وەك یەكەمین سەرۆك وەزیرانی لوبنانی دوای جەنگی ناوخۆ دەستنیشانكرا و لە هەمان كاتیشدا پۆستی وەزیری ئابووریشی وەرگرت، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی ئیمیل لەحود بە پۆستی سەرۆكی ئەو وڵاتە كێشەكانی هەردوولا گەیشتنە لووتكە و حەریری لە ساڵی 1998 دەستی لە كار كێشایەوە.

لە دوای هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆك وەزیران لە ساڵی2000، رەفیق حەریری لە 20ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2004 پشتگیری خۆی بۆ بڕیارنامەكەی هەزار و 559ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە كشانەوەی هەموو هێزە دەرەكی و بیانییەكانی ناو لوبنان دەربڕی كە ئەمەش وایكرد، كێشەكانی لەگەڵ سوریا بگاتە لووتكە و دواجار لە ساڵی 2005 تیرۆركرا و تیرۆركردنەكەشی بووە هۆكاری بەدیهاتنی كۆمەڵێك گۆرانكاری گەورە لە لوبنان كە گرنگترینیان بریتیە لە هەڵگیرسانی شۆرشی ئۆرز كە بە شۆرشی سەربەخۆییش ناسراوە و بە هۆیەوە، گشت دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەكانی سوریا لەو وڵاتە كشانەوە.

لە دوای تیرۆكردنیشی، چوار كەس لە ئەندامەكانی حزبوڵای لوبنان بە غیابی لەلایەن دادگای تایبەتی لوبنان سزا دران، هەروەك چۆن لە دوای 15 ساڵ لێكۆڵینەوە، ژمارەیەك لە ئەندامانی تری حزبوڵا و دەزگا ئەمنییەكانی سوریا بە تێوەگلان لە تیرۆركردنی ڕەفیق حەریری تۆمەتبار كران.

نابێ‌ ئەوەش لە یاد بكەین، لە دوای تیرۆر و نەمانی رەفیق حەریری لە مەیدانە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكەی لوبناندا، حزبوڵای لوبنان توانی بە تەواوی زاڵ بێت بەسەر مەیدانە سیاسییەكەی ئەو وڵاتە و هەتا كۆتاییەكانی ساڵی 2024یشدا، واتە تا کاتی هێرشە بەربڵاوەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو حزبە و كووشتنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبۆڵا و لێپرسراوە پلە یەك و دوو و سێیە باڵا سەربازی و سیاسییەكانی ئەو حزبە، حزبەكە باڵا دەستی خۆی بەسەر لوبناندا پاراستبوو.



PM:07:49:14/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو