ئایا په‌رله‌مانی عێراق ئاماده‌كاریی ده‌كات بۆ به‌ یاسایكردنی هاوسه‌رگیری منداڵ؟


وێستگەنیوز-

نور ناوێكی خواستراوی كچێكه‌‌، زیاد له‌ 23 ساڵی ته‌مه‌نی، بێ بوونی ناسنامه‌ی فه‌رمی به‌سه‌ربردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌ خوێندن بێبه‌ش بووه‌ و زۆرجار بۆ رایكردنی هه‌ندێك له‌ كاروباره‌كانی ژیانی، ناچار بووه‌ په‌نا بۆ ناسنامه‌ی زڕ خوشكه‌كه‌ی به‌رێت، بۆچی؟ چونكه‌ نور كچی دایك و باوكێك بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان و به‌ شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی هاوسه‌رگیرییان كردووه‌ و پاشان هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان، له‌یه‌كتر جیابوونه‌ته‌وه.

هه‌رچه‌نده‌ یاسای باری كه‌سی عێراقی كه‌ له‌ ئێستادا كاریپێده‌كرێت، سزای هه‌ر پیاوێك ده‌دات، له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان و به‌ شێوه‌یه‌كی نا فه‌رمی و بێ تۆماركردن، هاوسه‌رگیری بكات. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌زاران هاوسه‌رگیری هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان ئه‌نجامده‌درێن. 

مه‌روه‌ عه‌بد، چالاكوانێكی بواری مافه‌كان، هه‌وڵێكی زۆریداوه‌ یارمه‌تی نور بدات، تاكو ناسنامه‌ی فه‌رمی بۆ ده‌ربهێنێت، به‌ ئاژانسی بی بی سی راگه‌یاندووه‌، نور ته‌نها یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران قوربانییه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت: "ده‌توانیت بیهێنیته‌ به‌رچاوی خۆت، ئه‌و هه‌مواره‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌یه‌وێت تێیپه‌ڕێنێت، هاوسه‌رگیری له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان به‌ یاسایی ده‌كات. ئه‌مه‌ش مانای بوونی هه‌زاران قوربانی وه‌ك نور. ئاخر له‌ ئێستادا، هه‌رچه‌نده‌ یاساكه، سزای هه‌ر پیاوێك ده‌دات كاری له‌و شێوه‌یه‌ بكات، كه‌چی هاوسه‌رگرییه‌كی زۆری له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌نجامده‌درێت، باشه‌ دۆخه‌كه‌ چی لێدێت ئه‌گه‌ر یاساكه‌ هه‌مواركرایه‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هات؟"

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت ده‌سه‌ڵات له‌ دادوه‌ر وه‌ربگیرێته‌وه‌ و بدرێت به‌ پیاوانی ئاینی، ئه‌مه‌ش ته‌حه‌دایه‌كی مه‌ترسیداره‌ كه‌ روبه‌ڕووی هه‌ر
یاساناسێك ده‌بێته‌وه‌".

مه‌روه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات، ئه‌زمونه‌كانی پێشتر، له‌و وڵاتانه‌ی پیاوانی ئاین به‌ڕێوه‌یده‌بن و تێیدا باڵاده‌ستن، ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌ بوونه‌‌ته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی زۆرێك له‌ مافه‌كان، به‌ تایبه‌ت مافه‌كانی ژنان و منداڵ، چونكه‌ له‌و وڵاتانه‌دا یاسایه‌كی جێگیر و ڕوون نییه‌ و زیاتر پشت به‌ مه‌زهه‌به‌كان و بیروڕا جیاوازه‌كان ده‌به‌سترێت.

مه‌روه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌:"مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ دادوه‌ر وه‌ك پۆسته‌چی لێبێت، نووسراوێك ده‌كات بۆ خانه‌ی فه‌توا كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ردوو وه‌قفی سونی و شیعی، تاكو ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر هه‌ر كێشه‌یه‌ك بده‌ن".

ئه‌م خانمه‌ چالاكوانه‌، له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت دایكی نور، ناوی كچه‌كه‌ی تۆمار نه‌كردووه‌، چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان هاوسه‌رگیری كردووه‌ و هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانیش له‌ باوكی نور جیابووه‌ته‌وه‌. پاشان سه‌رله‌نوێ له‌ دادگا هاوسه‌رگیری كردووه‌ و منداڵی دیكه‌ی خستووه‌ته‌وه‌ و ژیانێكی ئاسایی ژیاوه‌، هه‌روه‌ها باوكه‌كه‌ش هه‌مان شتی ئه‌نجامداوه‌. به‌ڵام نور له‌م نێوانه‌دا به‌بێ بوونی ناسنامه‌ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ خوێندن و ژیانی سروشتی بێبه‌ش ببێت.

مه‌روه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات: "كاتێك ده‌ستمانكرد به‌ پێشكه‌شكردنی داواكارییه‌ك بۆ دادگا، تاكو به‌ ره‌زامه‌ندی دایكی، ناسنامه‌ بۆ نور ده‌ربهێنین، دایكی كۆچی دوایی ده‌كات، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی، دۆسێكه‌ رابگیرێت و دوای خه‌رجییه‌كی زۆر و بێنه‌وبه‌رده‌یه‌كی زۆرتر كه‌ سێ ساڵی خایاند، نور له‌ ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ژیانیدا، بڕوانامه‌ی له‌دایكبوون و ناسنامه‌ی باری كه‌سی به‌ده‌ستهێنا".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "نور دوای چه‌ندین ساڵ له‌ ناخۆشی و نه‌هامه‌تی، بارودۆخ یارمه‌تیدا و توانی ناسنامه‌ی فه‌رمی ده‌ربهێنێت. به‌ڵام هه‌زاران نمونه‌ی وه‌ك نور هه‌یه‌، به‌خت یاوه‌ریان نه‌بووه‌ كه‌سێك بدۆزنه‌وه‌ و یارمه‌ییان بدات. ئه‌و كچ و ژنانه‌، روبه‌ڕووی سوكایه‌تی و ونبوون بوونه‌ته‌وه‌. هه‌ندێكجار بیر له‌ خۆكوشتن ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ر هه‌مو ئه‌مه‌، له‌ كاتێكدا رووده‌دات كه‌ ئێمه‌ یاسایه‌كمان هه‌یه‌، سزای هه‌ر كه‌سێك ده‌دات له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان هاوسه‌رگیری بكه‌ن، باشه‌ دۆخه‌كه‌ چۆن ده‌بێت ئه‌گه‌ر یاساكه‌ هه‌مواركرایه‌وه‌؟".

پرۆژه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سیی عێراق ژماره‌ 188ی ساڵی 1959، مشتومڕێكی زۆری له‌ عێراق هێناوه‌ته‌ئارا، دیارترین ئه‌و خاڵانه‌ی جێگای ناكۆكین، تایبه‌تن به‌ ته‌مه‌نی شووكردنی كچان، به‌یاسایكردنی هاوسه‌رگیری له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان، به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی تۆماركردنی هاوسه‌رگیری به‌ پیاوانی ئاینی و ده‌زگا ئاینییه‌كانی وه‌قفی سونی و شیعی و لابردنی مادده‌ی ده‌ له‌ یاساكه‌دا كه‌ رێگه‌ به‌ هاوسه‌رگیری له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان نادات. زیادكردنی بڕگه‌یه‌ك بۆ مادده‌ی دووی یاساكه‌، به‌وه‌ی عێراقییه‌كان ده‌توانن له‌ كاتی
ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری، چ مه‌زهه‌بێكیان ده‌وێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌حكامه‌كانی، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌ی باری كه‌سێتییه‌كه‌ی، هه‌ڵیبژێرن.

ئه‌وانه‌ی به‌ هه‌مواركردنه‌ رازینین، ترسیان له‌وه‌یه‌ هه‌مواره‌كه‌: "هه‌ژمونی پیاو به‌سه‌ر ژناندا زیاتر و جێگیرتر ده‌كات، مافی ژنان وه‌ك هاوسه‌ر و وه‌ك دایك پێشێل ده‌كات، هانی به‌شوودانی كچانی منداڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان ده‌د‌ات". 

رێكخراوی هیوامان رایتش وۆچ له‌ راپۆرتێكیدا كه‌ مانگی ئازاری 2024 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ دادگاكانی عێراق، له‌ سه‌رتاپای وڵاتدا و له‌ نێوان كانونی دووه‌می 2023 بۆ تشرینی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵ، ته‌سدیقی له‌سه‌ر 37 هه‌زار و 727 هاوسه‌رگیری كردووه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان ئه‌نجامدراون، به‌رامبه‌ر به‌ 211 هه‌زار و
157 هاوسه‌رگیری كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی دادگاكاندا ئه‌نجامدراون.

پارێزگاكانی عێراق و له‌وانه‌ش پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، چه‌ندین ناڕه‌زایی و گردبوونه‌وه‌ی دژ به‌ هه‌مواره‌كه‌ به‌خۆیه‌وه‌بینی. به‌شێكی زۆری ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ بوو و داوای راگرتنی هه‌مواره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ "هاوپه‌یمانی 188" پێكهێنراوه‌ كه‌ چه‌ندین چالاكوانی مه‌ده‌نی و سیاسی و یاسایی و ئه‌ندام په‌رله‌مانی له‌خۆگرتووه‌‌، ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تییه‌، كارده‌كه‌ن بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ پێناو ئه‌وه‌ی هه‌مواره‌كه‌ رابگرێت و خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ نه‌كرێت و له‌ په‌رله‌مان تێنه‌په‌ڕێنرێت.


PM:02:45:21/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو