تارمایی داعش هێشتا باڵی بەسەر پارێزگای سەڵاحەدیندا کێشاوە

‌دیمەنێک لە سەنتەری پارێزگای سەلاحەدین. وێنە: AFP

وێستگه‌نیوزـ لووجەین سولتانی

بە هێزی چەک دەست بەسەر ماڵ و کێڵگەکان دەگیرێت و رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت، باخەکانیان دەسووتێنرێت و شوورایەکی خۆڵ درووستکراوە رێگری لەهەندێک لە گەڕاوەکان دەکات بگەن بەماڵەکانیان بۆ ئەوەی ژیانی لەدەستچوویان بگەڕێننەوە.


نزیکەی دە ساڵ تێپەڕیوە ومەیسەم تەمەن (50ساڵ)، فەرمانبەری حکومەتە. هێشتا دوور لەماڵەکەی خۆی لە شارەدێی یەسریب سەر بەقەزای (بەلەد) دەژی(85 کم لە باکوری بەغدا)، دوای ئەوەی داعش کۆنترۆڵی ناوچەکەی کرد لە حوزەیرانی 2014.

رێکخراوەکە نۆساڵ لەمەوبەر ناحییەکەی بەجێهێشت، بەڵام گروپە چەکدارە شیعەکان کە دەستیان بەسەر ناحییەکەدا گرتووە، رێگری لە گەڕانەوەی هەزاران عەرەبی سوننە بۆ سەر ماڵ و باخ و ژیانیان دەکەن.

قەزای (بەلەد) زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعەن و لە رووی ئیدارییەوە سەربە پارێزگای سەلاحەدینە، مەزارگەی پیرۆزی شیعەکانی تێدایە و دەکەوێتە ناوچەیەک کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی سوننەن، ئەمەش وای کردووە لەساڵی 2003 ەوە ببێتە گۆڕەپانی ململانێی تایەفەیی و بەهۆیەوە لەهاوینی 2014 ەوە دەیان هەزار لە سوننەکان ئاوارە بوون.

مەیسەم، کە نەیویست ناونیشانی کارەکەی ئاشکرا بکات لە ترسی راودوونانی، لە گوندی (شیهابی) دژەیا کە دەکەوێتە ناوچەیەکی سوننەوە، پێش ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەیداهەڵبێن بۆ سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و لەوێ نیشتەجێ بن بۆ رزگاربوون لەدەستی ئەو رێکخراوەی کە بەبێ هیچ بەرگرییەک ناوچەیەکی گەورەی پارێزگاکەیان کۆنترۆڵ کرد.

دوای ئازادکردنی پارێزگاکە بەتەواوەی لەکۆتایی ساڵی 2016دا، مەیسەم بەهۆی پابەندبوونی بەکارەکەیەوە گەڕایەوە زێدی خۆی، بەڵام سەرسام بوو بەو بارودۆخە نالەبارەی کە لەسەر زەوی بوونی هەبوو، چونکە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردبوو، رێگرییان لەخۆی و هەزاران کەسی دیکە کرد بگەڕێنەوە گوندەکانیان و ناچارکرا لەگەڵ خێزانەکەی لە قەزای (دجێل) بژین کە سەربەپارێزگای سەلاحەدینە.

ئەو دەڵێت: "ئێستا بەدووری 10 کیلۆمەتر لە ماڵەکەمەوە دەژیم، کە ناتوانم پێی بگەم،" هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژی و وتی: "ئێمە باجی ئەو تاوانانە دەدەین کە ئەنجامان نەداوە، ئێمە تیرۆریست نین بۆ ئەوەی سزامان بدەن، تەنانەت ئەو رێژەی کەمەشی کەڕێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە، لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین بەبێ ئاو وکارەبا".

وتیشی: "تاکە کەناڵی ئاودێری لەوناوچەیەدا کە زەوییەکانمان پشتیان پێ دەبەست بۆ ئاودێری، رێرەوەکەیان گۆڕیوە بۆئەوەی کێڵگەکانمان لەناوبچن، وەک ئەوەی بیانەوێت رەگەکانمان لەوێ لە بن بهێنن".

رووبەری ناحییەی (یەسریب) کە سروشتێکی کشتوکاڵی هەیە، نزیکەی 446 کم2 یە و دانیشتوانەکەی زیاتر لە 75 هەزار کەس بوون پێش ئاوارەبوونییان لە 2014، کە زۆربەیان عەرەبی سوننەن، سەر بەخێڵەکانی (عەزە، عوبەید و ئەلبو حشمە)ن، کە یەکێکە لە لقەکانی هۆزی (بەنی تەمیم) و هەروەها دانیشتوانی شیعەش لەو ناوچەیە بوونیان هەیە کە سەر بەخێڵەکانی (ئەلبو فەدعۆس وئەلبو سعود)ن، کە بەشێکن لەهۆزی (بەنی تەمیم).

دوای داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن داعشەوە، هەزاران خێزان ئاوارە بوون بۆ ناوچەکانی دیکە، وەک قەزای (زلووعییە) وناوچە کانی دەورووبەری ودەرەوەی پارێزگاکە، دوورلە کۆنترۆڵی رێکخراوی داعش.

دوای ئەوەی ناحییەی یەسریب لە دەستی داعش رزگارکرا لە 27ی کانوونی یەکەمی 2016، هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر ناحییەکەدا گرت، کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەکەن و رێگرییان لە گەڕانەوەی سوننەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان کرد و تۆمەتباریان کردن بەهاوکاریکردنی رێکخراوی داعش کە ژمارەیەکی زۆر لە شیعەکان کوشت دەستی بەسەرموڵکەکانیاندا گرت، بەڵام دواتر و دوای دانووستانێکی دوور ودرێژ رێگەیان بەهەندێکیان دا بگەڕینەوە ماڵەکانی خۆیان.

گەڕانەوەیەک کە بەپارەهاتووەتە دی
لەدوای ئازادکردنی ناوچەی یەسریب و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە، لایەنە سیاسییەکان هەوڵیاندا پردێکی پەیوەندی لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا (سوننە وشیعە) دروست بکەن، دوای ئەو ئاڵۆزییەی کە رێکخراوی داعش درووستیکردبوو، وداوای گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانیان کرد کە سەر بە رێکخراوەکە نین و ناچاربوون لەدەستی هەڵبێن بۆ ناوچەکانی تر.

هەندێک لەو داواکارییانە، لەلایەن چالاکوانانی مەدەنی و دانیشتوانی ناوچەکە بەوە وەسف دەکرێن کە هەنگاو و جووڵەی کرداری تێدا نییە، بەڵکو پڕوپاگەندەیە بە ئامانجی بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی ئەو لایەن و حیزبانە، کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یان پەرلەماندا کۆتایی دێت، سەربارەی ئەوەش هەندێک لە هەنگاوەکان بوونە هۆی گەڕانەوەی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی سوننەی ناوچەی یەسریب.

ئەمەش لەئەنجامی جوڵەیەکی راستەقینەی دەیان بەرپرس و سیاسەتمەداری عێراقی و نێوەندگیری و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەنانەت سەرکردەکانی لایەنەکان بوو لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2018  کاتێک سەردانی سەرکردە خێڵەکییەکانی ناوچەکەیان کرد لە هەوڵی گەیشتن بە ئاشتەواییەکی گشتگیر وتێپەڕاندنی قۆناغی داعش.

لەساڵی 2015 دا، رەعد ئەلجوبوری، پارێزگای پێشووی سەلاحەدین هەوڵیدا چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە بدۆزێتەوە بە تەرخانکردنی چوار ملیار دیناری عێراقی (3.36 ملیۆن دۆلار) لە بودجەی پارێزگاکە بۆ قوربانیانی شیعە لە ناحییەی یەسریب وەک هەوڵێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە، بەڵام ئەوانەی مافی ئەوەیان هەبوو کە ئەو قەرەبووە وەربگرن، تەنها بەشێکی کەمیان وەرگرت، بۆیە جووڵەکە سەرکەوتوو نەبوو.

لە 10ی ئایاری 2016، بەڵێنامەیەکی شەرەف لە نێوان هۆزە جۆراوجۆرەکان ئیمزا کرا لەژێر سەرپەرشتی نووسینگەی پارێزگای سەلاحەدین و سەرپەرشتی دیوانی وەقفی سوننەی عێراق، کە رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناحییەی یەسریب بدات، بەڵێنی ئەوەش درا کەهیچ سکاڵایەکی یاسایی دژی سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی و خەڵکی شیعەی ناوچەکە تۆمار نەکرێت بەهۆی قوربانی و زیانەکانیانەوە، بەڵام بابەتەکە بەو شێوەیە بەڕێوەنەچوو کە پلانی بۆدانرابوو بەهۆی ره‌تکردنەو و ناڕەزایەتی بەشێکی هۆزە شیعەکان، کە پشتیان بەچەک و هەژموونی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەستبوو.

لە کۆتایی ساڵی 2017دا، رێککەوتنێکی دیکە واژووکرا، کە تیایدا هۆزە سوننەکان قەرەبوویەکی دیکەیان بە بڕی چوار ملیار دینار کۆکردەوە (هەر خێزانێکی سوننە 500 هەزار دیناریان دەدا - کە هاوتایە بە 380 دۆلار) بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە کە پێی دەوترا "رەزوە" لە بەرامبەر گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان.

چەند ساڵێک دواتر، ئەم هەوڵانە بوونە هۆی گەڕانەوەی 30 هەزار سوننە، بەڵام زۆرێک لە گەڕاوەکان ماڵەکانیان وێران کرابوو و کێڵگەکانیان سووتێنرابوو، بۆیە ناچاربوون لە سەرەتاوە دەست بە ژیان بکەنەوە بەبێ هیچ یارمەتییەک، لە کاتێکدا هەزاران کەسی دیکە چاوەڕێی رەزامەندی ئەمنییان دەکرد، کە تائێستا پێیان نەدراوە، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ کە ئاشنای کاروباری ناوچەکەن ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە زۆربەیان ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەژین بە 15 هەزار بۆ 30 هەزار کەس مەزەندە دەکەن.

ناوچەی قەدەغەکراو و باخە سوتێنراوەکان
لیوای 41ی هێزەکانی حەشدی شەعبی کەسەر بەگرووپی (عەسایب ئەهل حەق)ه، بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، کۆنترۆڵی دۆسیەی ئەمنی ناحییەی یەسریبیان کردووە و لە خاڵەکانی پشکنین رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن بۆ چەند ناوچەیەک، لەوانە ئەو ناوچەیەی کە ناسراوە بە (ئەحباب تەل ئەلزەهب).

هەروەها ئەو ناوچەیەی کەبە (11کشکریە) ناسراوە و دەکەوێتە نێوان هەردوو قەزای (بەلەد ودجێل)، هەروەها ئەو ناوچانەی کە ناسراوە بە (کەناڵی 34) کە زۆربەی باخن و دووچاری سووتاند بووەتەوە و ماڵی خاوەنەکانیان رووخاون.

بەگوێرەی بەشی کشتوکاڵی یەسریب، (43 هەزارو 183) دۆنم زەوی لە ناوچەکە کە پێشتر چێندرابوو لە ئێستا سووتاوە وێرانکراوە و هەموو ئەو زەوییە سووتاو وێرانکراوانە خاوەندارێتیان دەگەرێتەوە بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە و نزیکەی (پێنج ملیۆن ونیو) داریان تێدابوو و ساڵانە نزیکەی (270 هەزار) تۆن میوەی جۆراوجۆر بەرهەمدەهێنا.

ساڵح حەسەن، ئەندامانی هۆزە شیعەکانی ناوچەکە تۆمەتبار دەکات بە سوتان و وێرانکردنی باخەکەی ودەڵێت: "هەندێکیان لە یەسریب سەر بەهێزەکانی حەشدی شەعبی بوون و کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کرد، بۆیە ئەوە دەکەن، چونکە دەیانەوێت بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان بەدەستبهێنن و کەسیش بەرپرسیاریان ناکات".

سکاڵای بێ بنەما رێگری لە گەڕانەوە دەکات
محەمەد عەلی (تەمەن 31 ساڵ) سەر بە هۆزی ئەلبو حشمەی سوننەیە، لە گوندی فەدعۆس دەژیا کە زۆربەیان شیعەن لە ناوچەی یەسریب، لە کۆتایی ساڵی 2014دا، لەگەڵ خێزانەکەی هەڵهاتن بۆ کەرکوک، دوای ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی چوونە ناو ناحییەکەوە و داعشیان دەرکرد، محەمەد دەڵێت: "دوای ئەوەی سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی ناوچەکەیان گرتەوە، ئۆپراسیۆنی لەناوبردنی ئەو کەسانە دەستیپێکرد کە لە حوزەیرانی 2014 دا گوندەکەیان بەجێنەهێشتبوو، جگە لە سوتاندنی باخ و زەوی سوننەکان و ئەگەر لەوکاتەدا ماڵەکەم بەجێنەهێشتبایە، ئێستا مردبووم".

پیاوە گەنجەکە نزیکەی دوو ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی لە کەرکوک نیشتەجێ بوون بەهیوای ئەوەی بەزووترین کات بگەڕێنەوە گوندەکەی خۆیان، بەڵام سکاڵایەک کە لەلایەن ژنێکی شیعەی سەر بەهەمان گوند لەساڵی 2017 تۆمارکرا، جگە لە سکاڵایەکی دیکە کە لەلایەن ئامۆزاکەیەوە تۆمارکرابوو، کە تۆمەتبارکرابوو بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە گوندەکەدا، رێگریی لێکرد خوێندن لە زانکۆی سامەڕا تەواو بکات.

وتی: "ئەم ژنە بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ دراوسێی خێزانەکەم بوو، تەنانەت پێش ئەوەی من لەدایک ببم، بەڵام ئەندامانی داعش کوڕەکەیان کوشت، بۆیە ئەو پێوایە کە هەموو سوننەکان داعشن و سکاڵای دژی 15 کەس لە کەسوکارەکەم تۆمارکرد، لەنێویاندا باوکم و باپیرم، هەر یەکێک لە ئێمە پێنج هەزار دۆلاری پێدا، بەڵام کێشەکە چارەسەر نەکرا".

دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە سکاڵا لە دژی تۆمارکراوە، محەمەد لەگەڵ خێزانەکەی بەناچاری روویانکردە شاری سلێمانی و لە ساڵی 2021دا چەند کەسێکیان وەک نێوەندگیر نارد بۆ لای ژنە سکاڵاکەرەکە بۆ ئەوەی سکاڵاکەی بکشێنێتەوە، بڕی 15 هەزار دۆلاریان دا بەژنەکە بۆئەوەی سکاڵاکەی دژی باوک و باپیری بکشێنێتەوە.

ژنەکە و ئامۆزاکەی سکاڵاکەیان کشاندەوە، بەڵام ئەوە هیچ گۆڕانکارییەکی نەکرد، چونکە محەمەد بۆی دەرکەوت کە سکاڵایەکی دیکەی یاسایی دژی خێزانەکەی تۆمارکراوە لەلایەن ئەندامێکی دیکەی هەمان خێڵی (ئەلبو فەدعۆس) کە تۆمەتباریان دەکات بەوەی کە ئەوان پێشتر لە ریزەکانی داعش بوون.

پارێزەرێک لە دادگای پێداچوونەوەی سەلاحەدین کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی: "نزیکەی 700 سکاڵای یاسایی هەیە کە دژی ئەندامانی خێزانە سوننەکان تۆمارکراوە کە تائێستا دادگا دادبینی بۆ نەکردووە، سکاڵاکارەکان تۆمەتی چوونە نێو رێزەکانی داعش یان ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی خستووەتە پاڵ ئەوانەی کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە".

گەڕانەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە و پەسەندکردنی یاسای لێبوردنی گشتی یەکێک بوو لە بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە لەسەر بنەماکەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی لەمانگی تشرینی دووەمی 2022 دا پێکهێنرا، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

هەوڵەکان بۆ بە شیعەکردنی ناحییەکە
هەروەک وەک چۆن لایەنە چەکدارە شیعەکان لە (جورف ئەلسەخر) لە پارێزگای بابل تۆمەتباردەکرێن بە رێگریکردن لە گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی لە عەرەبی سوننە بەمەبەستی جێبەجێکردنی "ئۆپراسیۆنێکی گۆڕینی دیمۆگرافی" کەبریتییە لە دەرکردنی عەرەبە سوننەکان لە نزیک پارێزگاکانی (کەربەلا و نەجەف)، ئەمە لە هەندێک ناوچەی پارێزگای سەلاحەدینیش روودەدات.


پارێزەرەکەی دادگای پێداچوونەوەی سەلاحەدین (کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت لەبەرهۆکاری ئەمنی) دەڵێت: "هەوڵەکان بۆ بە شیعەکردنی چەند ناوچەیەک لە پارێزگای سەلاحەدین بەردەوامن، هێزە سیاسییە شیعەکان چەندین ناوچەی وەک (سامەڕا، یەسریب ودجێل) کۆنترۆڵ کردووە ولایەنە چەکدارەکانیان دامەزراندووە و پاڵدەنێن بەهەندێک هۆزی شیعە لە یەسریب بۆ ئەنجامدانی ئەو پلانە، بۆنموونە هانیان دەدەن سکاڵای بێ بنەما لە دژی سوننەکان لە ناوچەکەدا تۆمار بکەن، کە لەداهاتوودا بەشیعەکردن و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە مسۆگەر دەکات.

گەڕانەوە بۆ چارەنووسێکی نادیار
حکومەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی رۆژی 30ی تەممووزی 2024ی وەک رۆژی داخستنی هەموو کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەر شوێنێکی وڵاتەکە دیاری کرد و پڕۆژەکەی بە "گەڕانەوەی خۆبەخش" ناوبرد، بەڵام ئەحمەد (تەمەن 20 ساڵ)، کە لە کەمپی (ئاشتی) لە سلێمانی لەگەڵ خێزانەکەیدا دەژی، بە "گەڕانەوەیەکی زۆرە ملێ" ناوی برد.

وتی: "کوردستان مۆڵەتی ئەوەمان پێ نادات لە دەرەوەی کەمپەکان بژین، دوای بڕیاری داخستنی کەمپەکان ئەوەش ناچارمان دەکات بگەڕێینەوە ناوچەکانی خۆمان کە ناتوانین پێی بگەین".

ئەو بەنیگەرانییەوە دەڵێت: "ئێستا ئێمە بەرەو کوێ بڕۆین، ئەوە دەرکردن و ئاوەرەبوونێکی ترە نەک گەڕانەوەیەکی خۆبەخشانە، حکومەت ئەمە دەکات تەنها بۆ راگەیاندنی سەرکەوتنێکی ساختە، با خاکەکەمان بگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە".

وتیشی :"دوای دەرکردنی ئەو بڕیارە هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لەوەی بگەڕێینەوە بۆ سەلاحەدین و لە دەرەوەی یەسریب بژین بۆ ئەوەی هەر بەئاوارەبوونی بمێنینەوە و رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار ببینەوە".

ئەحمەد، کە خێزانەکەی پشتیان بەهاوکارییەکانی کوردستان دەبەست، پرسیار دەکات، "لە سەلاحەدین چی بکەم، چۆن کرێی خانووەکە بدەم و خەرجییەکانی خێزانەکە چۆن دابین بکەم؟".

حەمزە عادل (تەمەن 45 ساڵ) ئەزموونی خۆی دەگێرێتەوە، کاتێک کەمپی"عەرەبەت"ی لە سلێمانی بەجێهێشت و لە ساڵی 2020دا چوو بۆ ئەوەی لە خانوویەکی خێزانی ژنەکەی لە ناوچەی (دجێل) لە باکوری بەغدا بژی و کۆتایی بە شەش ساڵ ئاوارەبوون هێنا. بەڵام حەمزە، ژیان لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بە زەحمەت وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەوان وەک تیرۆریست مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن، نازانیت لەچ ساتێکدا هەڵدە کوتنە سەر ماڵەکەت بۆ پشکنین، هەلی کار کەمە وهەرکەسێک نیازی ئەوەی هەبێت بزنسێک بکات دەبێت قازانجی خۆی لەگەڵ حەشدی شەعبی هاوبەش بکات".

لەبەر ئەوە، لە کۆتایی ساڵی 2021دا گەڕایەوە بۆ سلێمانی و لەوێ خانوویەکی بەکرێ گرت، چونکە بەڕێوەبەرایەتی ئەو کەمپەی کە پێشتر لێی بوو رەتیان کردەوە پێشوازی لە خۆی و خێزانەکەی بکەن، چونکە بە گەڕاوە دادەنرێت و لە تۆمارەکاندا سراونەتەوە، ئەحمەد وتی: "من وەستای درووستکردنی خانووم، دەبێت رۆژانە کار بکەم بۆ ئەوەی تێچووی ژیان و کرێی خانووەکە دابین بکەم، بۆیە دەبێت چاوەڕێی موعجیزەیەک بکەم کە بمگەڕێنێتەوە بۆ یەسریب".

راگەیەندراوەکانی حکومەت ئاماژە بەوە دەکەن کە "گەڕانەوەی خۆبەخشی" بە خێراییەکی زۆر بەردەوامە. لە 23ی نیسانی 2024دا، لیژنەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، گەڕانەوەی 350 خێزانی راگەیاند بۆ ناوچەی یەسریب لە باشوری سەلاحەدین.

ترووسکاییەکی هیوا
چالاکوانانی مەدەنی وسیاسی پێیان وایە، چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی کە بەهۆی داعشەوە دروستبوون و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، بە ناوچەی یەیسربیشەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بە تێگەیشتنی هۆزەکانی ناوچەکە.
لە 17ی ئایاری 2024 لە ناحییەی یەسریب کۆنفرانسێک بەسترا لەژێر دروشمی "پێکەوەژیانی ئاشتییانە رێگای ئێمەیە بۆ
بنیاتنانی نیشتیمان بەهاوکاری شێخ و رۆشنبیرانمان، ئێمە یەکێتی عێراق دەپارێزین".

ئەم کۆنفرانسە لەلایەن خێڵی (ئەلبو سوڵتان)ەوە بە بەشداری شێخ و سەرکردە ئەمنییەکانی هۆزە شیعە و سوننەکان و سەرکردە ئەمنییەکانی ناوچەکە سپۆنسەر کرا سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەسەر کرا: "پشتگیریکردن و پشتیوانیکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ ئاشتەوایی و بەرقەرارکردنی ئاسایش وڕەتکردنەوەی تیرۆریزم وبنیاتنانەوە وهەماهەنگی هاوبەش بۆ کۆتایهێنان بە ناکۆکییەکان".

موفید ئەلبەلداوی، جێگری تەکنیکی پارێزگاری سەلاحەدین، لەمیانەی کۆنفرانسەکدا، وتی: "حکومەتی خۆجێی سەلاحەدین، ئاسایش و خزمەتگوزاری لۆجستی و تەندروستی و پەروەردەیی بۆ ناحییەی یەسریب دابین دەکات بە مەبەستی گەڕانەوەی سەقامگیری و چەندین وۆرکشۆپ و کۆنفرانسی هاوشێوە لە ماوەی داهاتوودا ئەنجام دەدرێن بۆ برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ناحییەکە".

کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری فەرماندەی لیوای 41ی حەشدی شەعبی ئەنجامدرا کە کۆنتڕۆڵی ناوچەی یەسریبی کردووە و بە شێوەیەکی نادیار لە کۆنفرانسەکە ئاماژەی بەوە کرد، "کە رێگە نادرێت بەو کەسانەی کە نەخوازراون بگەڕێنەوە بۆ ناحییەکە و ئەوان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان سەقامگیریان لە ناوچەکەدا بەرقەرارکردووە، بۆیە ئەوان دەرفەت بەهیچ کەسێک نادەن جارێکی تر ئاسایشی ناوچەکە دووچاری مەترسی بکاتەوە، چونکە ئەوەی بەدەست هاتووە بە خوێنی شەهیدان گەیشتووەتە ئەنجام".

هەندێک کەس گومانیان لە سوودی ئەو جۆرە کۆنفرانسانە هەیە وئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەت جددی نییە لە بەڵێنەکانی و گەواهی ئەو راستیەش ئەوەیە کە پارێزگاری سەلاحەدین خۆی ئامادەی کۆنفرانسەکە نەبوو و یاریدەدەرە تەکنیکییەکەی لە جیاتی خۆی ناردووە و هەروەها فەرماندەی لیوای 41ی حەشدیش  فەرماندەیەکی فەوجی وەک نوێنەری خۆی ناردووە، هەروەها کەسایەتییە خێڵەکییە دیارەکانیش ئامادەی کۆنفرانسەکە نەبوون.

ئەمجەد (تەمەن 33 ساڵ)، کە دەرچووی زانکۆیە، حەوت مانگ لەمەوبەر گەڕایەوە بۆ ناحییەی یەسریب، دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە ئاوارەبوون، کە زۆربەی لە پارێزگای سلێمانی بەسەری بردووە، لە بەرامبەریشدا باوەڕی وایە کە کۆنفرانسەکانی ئاشتەوایی خێڵەکی بێ سوودن "ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هێزە کاریگەرەکاندا تێکەڵ ببن"، ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو سوننانەی کە پێشتر زۆرینەی ناوچەکەیان پێکدەهێنا، ئەمڕۆ بوونەتە کەمینە وهەمیشە لە خەمی ئەودان کە لەلایەن حکومەت و دامەزراوە لاوازەکان و حەشدی شعبییەوە تۆمەتبارنەکرێن، بۆیە ئێمە و منداڵەکانمان تەنانەت نەوەکانیشمان باجی دەست تێکەڵکردنی هەندێک لە خەڵکی ناحییەی یەسریب لەگەڵ داعش دەدەین".

سەبارەت بە کۆنفرانسەکانی پێکەوەژیان، ئەو دەڵێت: "ئەوانە تەنها بۆمیدیایە و هیچ رەنگدانەوەیەک بە کرداری لەسەر زەوی نییە".

ناوی هەموو ئەو کەسانەی کەشایەتییان داوە و خەڵکی ناحییەی یەسریبن لە بەر سەلامەتیان ناویان گۆڕدراوە.

لێکۆڵینەوەکە بەسەرپەرشتی تۆڕی" نێریج" له چوارچێوەی پڕۆژەی "قەریب"به پاڵپشتی CFI ئه نجامداراوە.


AM:10:02:04/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو