كارگه‌و پاڵاوگه‌كانی كواشێ له‌ دهۆك هه‌ڕه‌شه‌ لە ته‌ندروستی گشتی دەکەن

‌دیمەنێک لە کارگەو پاڵاوکانی کواشێ لە دهۆک

وێستگه‌نیوزـ کاروان نەجیب محەمەد

بەگوێرەی لێدوانەکانی چالاکوانانی ژینگەیی وتوێژەران و پسپۆڕانی تەندروستی، ئەو پیساییانەی کە لەلایەن دامەزراوە پیشەسازییەکانەوە لە ناوچەکەدا کەڵەکەیان کردووە کێشەی ژیان دروست دەکەن بوون بە سەرچاوەی مەترسی بۆهەزاران کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە و دەوروبەری، بەپێی لێدوانەکانی چالاکوانانی ژینگەیی وتوێژەران و پسپۆڕانی تەندروستی، هەندێکیان جەخت لەوە دەکەنەوە کە خاک و ئاو و هەوا پیس بوون و مەترسییەکان تەنانەت هەڕەشەش لە سامانی ئاژەڵ دەکەن و بابەتەکە گەیشتووەتە "تێکدانی هاوسەنگی سیستمی ژینگەیی".


(ئ- م) تەمەن 42 ساڵ، کە لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی "باستاکی" لە باکوری دهۆک لە هەرێمی کوردستان دەژی، کۆنترۆڵی داخستنی پەنجەرەکانی ماڵەکەی دەکات، فێنککەرەوەکە دەکوژێنێتەوە و داوا لە منداڵەکانی دەکات بچنە ماڵەوە لەگەڵ دەست پێکردنی کاتژمێرەکانی ئێوارە لەبەر ئەوەی پاڵاوگە سەرەتاییەکانی نەوت لەمەودایەکی نزیکەوە کاردەکەن، پیساییەکانیان دەردەن و دووکەڵەکانیان بەرەو ئاسمان دەروات و بۆنی ناخۆش بڵاودەکەنەوە.

بەپەنجەی ئاماژەی بۆ ناوچەی پیشەسازی "کواشێ" کرد، بەتووڕەییەوە ژنەکە وتی، "چیدی بەرگە ناگرێن، ئێمە چەندین ساڵە لەم دۆخەداین، چەندین مەترسی هەیە بۆ سەر ژیانی ئێمە، بەڵام کەس ناتوانێت بیانوەستێنێت".

بەگوێرەی لێدوانەکانی چالاکوانانی ژینگەیی و توێژەران و پسپۆڕانی تەندروستی، ئەو پیساییانەی کە لەلایەن دامەزراوە پیشەسازییەکانەوە لە ناوچەکەدا کەڵەکەیان کردووە کێشەی ژیان دروست دەکەن بوون بە سەرچاوەی مەترسی بۆهەزاران کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ودەوروبەری، بەپێی لێدوانەکانی چالاکوانانی ژینگەیی وتوێژەران و پسپۆڕانی تەندروستی، هەندێکیان جەختلەوە دەکەنەوە کە خاک و ئاو و هەوا پیس بوون و مەترسییەکان تەنانەت هەڕەشەش لە سامانی ئاژەڵ دەکەن و بابەتەکە گەیشتووەتە "تێکدانی هاوسەنگی سیستمی ژینگەیی".

چەندین ساڵە چالاکوانی ژینگەیی ئیدریس ئەسهی، کەتەمەنی 50 ساڵە، زۆر جاریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت هۆشداری دەدات لەسەر مەترسی ئەو پاڵاوتگانە و تیشک دەخاتە سەریان و بە "مەترسییەکی ژینگەیی و تەندروستی گەورە" وەسفیان، کە زۆربەیان لەگەڵ ستانداردە ژینگەییەکاندا ناگونجێن".

ئەسهی، یاریدەدەری پزیشک لە بەشی تەندروستی ناوچەی سێمێل (15 کم لە باکووری رۆژئاوای دهۆک) دەڵێت، "لێرەدا پاشماوە مەترسیدارەکان لەهەموو شوێنێک بوونیان هەیە، زەوی و ئاو وهەوا پیس دەکەن و هەڕەشە لە دانیشتوانی دەوروبەری دەکەن بە کۆمەڵێک نەخۆشی و کاریگەرییەکانیان لەهەوا وئاودا زۆر دەمێنێتەوە".

وەک دانیشتوویەکی ناوچەکە، ئەسهی، بەردەوام داوا لە حکومەت وهێزە دەسەڵاتدارەکان دەکات کە دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری "کواشێ" لە مەترسییەکانی پیسبوونی پاڵاوگەکان رزگاربکەن بە راگرتن یان تەنانەت کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی.

لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، ئەو چەندین جار سکاڵای لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکەدا تۆمارکردوە، بەڵام دەنگ و هەوڵەکانیان بە بێ سوودبوون، و لە بەڵێنی دووبارەکراو زیاتر هیچیان دەست نەکەوتووە.

بەتۆرەییەوە ئاماژەی بەوەدا، "کە دەسەڵاتدارانی دادوەری کارەکانی ئەو شوێنانەیان راگرت، بەڵام ئەمە تەنها چەند رۆژێکی خایاند، بۆیە دووبارە دەستیان بە کارەکانیان کردەوە". ئاشکرایە کە کاری ئەم دامەزراوانە لە دەسەڵاتی ناوخۆیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاترە".

کێشەی کواشێ سنووردارنییە بە پێشێلکردنی ژینگەیی لەڕێگەی بڵاوبوونەوەی دووکەڵ و دەردانی گازەکانەوە، ئەسهی دەڵێت، "ناوچەکە چەندین پاڵاوگەی نەوتی تیادایە کە خاوەنەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەر زەوییەکاندا گرتووە ومۆڵەتی کارکردنی حکومیشیان نییە".

چالاکوانە ژینگەییەکە هۆشداری دەدات کە فێڵ لە یاسا و رێنماییەکان دەکرێت، کارگەکان لە سەرەتا لەژێر ناوی دیاریکراودا و بۆ مەبەستێکی جیاواز دادەمەزرێن، بەڵام دواتر ئەو مۆڵەتە بەکاردەهێنن بۆ مەبەستێکی دیکە وەک پیشەسازی نەوت.

بەڵام ئەم پاڵاوگە سەرەتاییانە چی بەرهەم دەهێنێن؟ بەبەرزکردنەوەی هەردوو دەست، ئەسهی پرسیار دەکات، پاشان وەڵامی خۆی دەداتەوە: "ساڵ لە دوای ساڵ، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە. لە ساڵی 2019، ژمارە تۆمارکراوەکان گەیشتن بە هه‌زار و 300 کەس، بەڵام لە ماوەی دوای پەتای کۆڤید-19، بەهۆی وەستانی چالاکییە پیشەسازییەکان کە ژینگە پیس دەکەن، رێژەکە تاڕادەیەک کەمیکرد".

هیچ ئامارێک لەسەر ژمارەی حاڵەتی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و سنگ و شێرپەنجە لە نزیک ناوچەی پیشەسازی کواشێ نییە بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەنەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە ناوچەکەدا، بەڵام چالاکوانانی ژینگەیی وپزیشکە تایبەتەکان دڵنیان لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانیان لەسەر تەندروستی.

"ئەوە وەک ئەوە وایە کە بوتڵێکی گازی کراوە لە ماڵەوە هەبێت وپێویستە شەو و رۆژ ئەو گازە هەڵمژیت"، ئەسهی ئەومەترسییەی کە دووچاری خەڵکی ناوچەکە بووەتەوە بەو شێوەیە وێنا دەکات.

ترس لەتووشبوون بەنەخۆشییە مەترسیدارەکان و هەڵهاتن لەو بۆنە ناخۆش و خراپەی کە لەلایەن دامەزراوە پیشەسازییەکانەوە بەدرێژایی کاتژمێرەکانی شەو بڵاودەکرێتەوە، دەیان دانیشتوانی ناوچەکەی ناچارکردوە شوێنەکەیان بەجێبهێڵن، دانیشتوویەکی کۆمەڵگەی"باستاکی" کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت وتی، "ئەگەر گەشتێکی بچووک بە ناوچەکەدا بکەیت دەبینیت کە زۆرێک لە خانووەکان لەسەر دیوارەکانیان نووسراون بۆفرۆشتن"، دوو رۆژ لەمەوبەر خێزانێک ناوچەکەی بەجێهێشت وپێشتریش دراوسێکەم باری کرد وئێستا لە زاخۆ نیشتەجێیە، منیش نیازی ئەوەم هەیە خانووەکەم بفرۆشم و باربکەم بۆ شارێکی تر".  

رووبەری کواشێ دووهەزار و دووسەد دۆنمە، 175 دامەزراوەی پیشەسازی تێدایە کە موڵەتی فەرمییان وەرگرتووە، لەوانە سێ کارگەی ئارد، هەروەها دەیان پاڵاوگەی بچووک، کەهەندێکیان لە رووی ژینگەییەوە مۆڵەتیان نییە، بەپێی  فەرمانگەی شارەوانی سێمێل.

پاشماوەکانی ئەو پاڵاوگە و کارگانەی کە لەناوچەکەدان، کۆمەڵێک پاشەڕۆیان  بەجێهێشتووە کە وەک تەپۆڵەکە و گردی لێهاتووە کە دەتوانرێت لە دوورەوە ببینرێت، هەروەها دوو جۆگەی پاشماوەی نەوت کە لەلایەن پاڵاوگەکانی نەوتەوە دەردەچێت درووستبووە، لەکاتێکدا ئاسمان بەستوونی دووکەڵ داپۆشراوە و بۆنی ناخۆش بەسەر چەند کیلۆمەترێکدا بڵاودەبێتەوە.

پێشێلکارییە ژینگەییەکان
ئەندازیار موحسین عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری بەشی شارەوانی سمێل دەڵێت، "ناوچەی کواشێ کارگەی بەرهەمە قورسەکانی وەک ئاسن و پلاستیک و تەپەدۆر و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی دیکە لە خۆ دەگرێت، هەروەها لەبەر ئەوەی رێگەپێدراو نییە ئەو جۆرە پێشەسازیانە لە ناو شارەکاندا هەبێت، ئەم ناوچەیەیان بۆتەرخانکراوە".

جێی ئاماژەیە کە ئەم کارگانە رەزامەندی فەرمییان هەیە و مۆڵەتەکانیان لە دوو جۆرن: "پەرەپێدانی پیشەسازی و وەبەرهێنان"، و داواکاری مۆڵەت پێشکەش بە لیژنەیەکی باڵا دەکرێت کە لەلایەن پارێزگای دهۆکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دواتر رەوانەی شارەوانی دەکرێت کە شوێنی گونجاو بۆ هەرکارگەیەک یان دامەزراوەیەکی پیشەسازی تەرخان دەکات دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی پلاندانانی شار، لەگەڵ تەواوبوونی ئەم رێوشوێنانە، هەموو مۆڵەتەکان لەلایەن پارێزگاوە پەسەند دەکرێن.

ئەگەرمۆڵەتەکە وەبەرهێنان بێت، موڵکەکە دەکرێت بەناوی دەستەی وەبەرهێنانەوە و گرێبەستێک لەگەڵ وەبەرهێنەرەکە رێکدەخرێت، بەڵام ئەگەر مۆڵەتەکە لەڕێگەی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە بێت، ئەوا گرێبەستەکان لە شارەوانی رێکدەخرێن و لەلایەن وەزارەتی پیشەسازییەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

بەڕێوەبەری شارەوانی سێمێل جەخت لەوە دەکاتەوه‌ کە پاڵاوگەکان لەناوچەی کواشێ بەبێ مۆڵەتی فەرمی کاردەکەن و فەرمانگەکەی مۆڵەتی بە خاوەنەکانیان نەداوە و گرێبەستیان بۆ رێکنەخستوون.

ئاماژەی بەیەکێک لە رێگاکانی بازدان بەسەر یاسا ورێنماییەکاندا کرد: "لە سەرەتادا زەوی تەرخان دەکرا و مۆڵەت دەدرا بەهەندێک پڕۆژە، دواتر خاوەنەکان سەرپێچیان کرد و جۆری کارەکەیان گۆڕی بەبێ رەزامەندی ئێمە، بۆیە ئاگادارکردنەوەیان بۆ دەرچوو و ماوەیەکی کاتیان پێدرا کە دەبێت کارکردن بەپێی ئەو مۆڵەتانە بێت کەپێیان دراوە، هەریەکەیان بەپێی ئەو(پۆلێنکردنە)ى کەبۆی تەرخانکراوە، ئەگەرنا مۆڵەتەکەی لێی دەسێنرێتەوە.

بەگوێرەی پارێزەر شێروان ئەکرەم، سەرۆکی بەشی یاسایی، 34 پاڵاوگە و کارگەی لە کواشێ سزا داوە و بەگوێرەی پلەی پیسبوونەکە بڕی ئەو سزایانەیان لێی سەندراوە کەسزای دارایین.

ئەکرەم دەڵێت، "لیژنە تایبەتەکانی ژینگە بەردەوام بەدواداچوون بۆ سەرچاوەکانی پیسبوون دەکەن، جاسەر بە کۆمپانیا بن یان کەسانی تایبەت بن، لە سەرەتادا راستەوخۆ لەلایەن بەشەکەیەوە سزا دەدران، بەڵام لە ساڵی 2022 ەوە ئەرکەکە بووەتە بەشێک لەدەسەڵاتی دادگای (کەتنەکان)، لە کاتێکدا بەشی ژینگە وەک سکاڵاکەر دەچێتە ناو کەیسەکانەوە".

بەگوێرەی ئەم گۆڕانکارییە، لەنێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023، وەزارەتی ژینگە 32 سکاڵای یاسایی دژی کارگەکان و پاڵاوگەکانی نەوت لە کواشێ تۆمارکردووە، پارێزەر شێروان دەڵێت: "ئێمە سکاڵامان تۆمارکردووە وەک سکاڵاکەرێک لە رێگەی داواکاری گشتی لە دادگای کەتنەکانی سیمێل وسزای دارایی بەسەر زۆربەیاندا سەپێنراوە بەپێی رێنماییەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (2)ی ساڵی 2023.

ئاماژەی بەوەشکردووە، 12 پاڵاوگە مۆڵەتیان پێدراوە و بەردەوامن لە کارەکانیان بەهۆی پابەندبوونیان بە رێنماییە ژینگەییەکانەوە، هەرچەندە کارەکانیان بە تەواوی لەگەڵ ئەو رێنماییانەدا ناگونجێت".

لە لایەکی دیکەوە، حەکیم عەبدولواحید یونس، داواکاری گشتی لە دادگای سێمێل، دەڵێت، "چەندین نووسراومان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ناوچەی کواشێ، لەوانە نووسراوێک بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ناوچەی سێمێل کراوە کە لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە دژی (20) پاڵاوگەی نەوت و دەستپێدەکات کە خاوەنەکانیان دەستدرێژییان کردوەتە سەر زەوی دەوڵەت و بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەردا گرتووە و بوونەتە هۆی دەردانی گازی ژەهراوی کە زیان بەژینگە و تەندروستی هاووڵاتییان دەگەیەنێت.

یونس جەختیلەوەکردەوە، کە سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزا دەبنەوە کە لەوانەیە زیندانیکردن یان سزای دارایی یان هەردووکیان لەخۆ بگرێت و بەپێی بڕگەکانی یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە ژمارە (8) ی ساڵی 2008، سزا داراییەکان دەگاتە 200 ملیۆن دیناری عێراقی.

کارگەی جیاکردنەوەی پاشەڕۆ
بەگوێرەی شارەوانی قەزای سێمێل، لەساڵی 2005وە رەزامەندی فەرمی دراوە بۆ ئەوەی "کواشێ" ببێت بە ناوچەیەکی پیشەسازی، و دوای 10 ساڵ چەندین کارگە لەوێ دامەزراوە کە دەستیان بە فڕێدانی پاشەڕۆی شل و رەق کردووە بەبێ چارەسەر، پاشان پاڵاوگەکان بوونە هۆی زیادبوونی رێژەی دەردانی گازی چارەسەرنەکراو.

حکومەت پێش کاری کارگەکان و پاڵاوگەکان کەوت و بڕیاریدا بەدامەزراندنی کارگەیەک بۆ جیاکردنەوەی پاشەڕۆ و بەرهەمهێنانی (پەین) لەسەر رووبەری (1360000م2) کە لە ئایاری 2011 دا دامەزرا، بەڵام ئەو وێستگەیەی کە دەبوو چارەسەری پاشەڕۆی رەق بکات و سەرچاوەی پیسبوون کەم بکاتەوە، ئێستا بووەتە سەرچاوەی پیسبوون له "کواشێ"!!

ژیان سلێمان، مامۆستا لەزانکۆی دهۆک، ئەم پڕۆژەیەی لە لێکۆڵینەوەیەکدا بە ناونیشانی (دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشەڕۆی رەق لە ناوچەی پیشەسازی "کواشێ" - لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای پیسبوون" دەڵێت: "لە لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پاشماوەکان لە سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە هێنراون بۆ کارگەکە بە جۆرێک قەبارەی ئەو پاشەڕۆیانە رۆژانە دەگاتە  850 بۆ 950 ته‌ن، لە کاتێکدا توانای کارگەکە لە نێوان 250 بۆ 300 ته‌ندایە، بۆیە ئەو بڕەی ماوەتەوە بەشێوازێکی هەڵە دوور لەرێگا زانستییەکان و بەدەر لە روانگەی ژینگەییەوە دەشارێنەوە و دەخرێنە ژێرخاک، چونکە لە چاڵێکی ئاساییدا شاراونەتەوە کە ئەستووری ئەوخۆڵەی بەسەردا کراوە لە (10 سانتیمەتر) تێناپەڕیت و هەندێک جار ئەم پاشەڕۆیانە دەسووتێنرێن و لەئەنجامی کارلێککردنی ماددەکان لەگەڵ یەکتر دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی دەوروبەری خاک و ئاو.

توێژینەوەکە کە لەگۆڤاری زانستی زانکۆی دهۆک بڵاوکراوەتەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پرۆسەی جیاکردنەوەی پاشماوەکان لە کارگەکەدا بە كوالێتییەکی بەرز ئەنجام نادرێت و لە 50٪ی پاشماوە جیاکراوەکان سودیان لێ وەرناگیرێت: "کە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی لە نزیک کارگەکە وئەم پاشەڕۆیانە تەڕن ئەوەش دەبێتە هۆی دەردانی گازە زیانبەخشەکان وەک (دوانە ئۆکسیدی کاربۆن ومیسان).

هەروەها بڕێکی زۆر لەئاو بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی پاشەڕۆ بۆ پیتێنەری ئەندامی (پەین) کە دەبێتە هۆی پیسبوونی خاکەکە بەمادەی نیتراتی ئایۆنی NO-3 کە پێویستی رووەکەکان لەزیاد بەدەر تێدەپەڕێنێت و دەبێتە هۆی لەناوچوونیان، هەروەها دەردانی گازی هایدرۆجینی گۆگرد H2S کەکرێکارانی کارگەکە رۆژانە بەرکەوتنیان لەگەڵدا هەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندرووستیان درووستدەکات.

ئەندازیار حەسەن بامەرنی، پسپۆڕی بواری کیمیایی و بەرپرسی بەشی ژینگەی شارستانی لەبەشی ژینگەی دهۆک، پێی وایە پیسبوونی ناوچەی "کواشێ" بەهۆی ئەو پاشەڕۆیەوەیە کە لەلایەن هەمووکارگەکانەوە دەردەچێت، جا پەیوەندی بەبەرهەمە نەوتییەکان، کارگەکانی خۆراک، کارگەکانی تێکەڵکردنی ئاسن و ئەوانی ترەوە هەبێت.

ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لە کارگەکان یەکەی چارەسەری سەرەتایییان هەیە، وەک کارگەی تەنککردنەوە پێست (دباغه‌)، دروستکردنی پاتری، هتد، کە  بەپێی پێویست نیین، چونکە چارەسەرەکە رێژەییە".

وتیشی، "بیرێکی (ئیرتیوازی) لە ناوچەی نیشتەجێبوونی نزیک "مرینا" بەهۆی  کاریگەری پیسبوونی ناوچەی "کواشێی"ەوە پێس ببوو، بۆیە بەم دواییانە لەلایەن  فەرمانگەی ئاوەوە داخرا بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی".

دانەری لێکۆڵینەوەکە هەوڵیدا پەیوەندی لەگەڵ کارگێڕی ژمارەیەک لە کارگەکان و پاڵاوگەکانی نەوت لە کواشێ بکات، سەبارەت بە پاشماوەکانیان و ئەو رێوشوێنانەی کە دەیانگرنەبەر بۆ سنووردارکردنی زیانەکانیان، بەڵام هیچ وەڵامێکی لەلایەن هیچ کام لەوانەوە وەرنەگرت، هەروەها بەربەستە یاساییەکان رێگربوون لەوەی دەستی بگات بە وردەکاری ئەو سکاڵایانەی کە لە دژی هەندێکیان تۆمارکراون، چونکە هێشتا لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدان.

بانگەوازی فریاکەوتن
ئەبو ئەحمەد، کرێکارێکی بیناسازی تەمەن 46 ساڵ کە لە کۆمەڵەی مرینا دەژی، پێی وایە دامەزراوە پیشەسازییەکان بەگوێرەی پێداویستییە ژینگەییەکان کار ناکەن، و نەخۆشی کوڕە هەشت ساڵانەکەی خراپتر کردووە کە نەخۆشی دڵی هەیە.

بەنیگەرانییەوە دەڵێت: "ئەو کێشەی (دەمەوانەی دڵی) هەیە، دووکەڵی پاڵاوگەکانی نەوت و کارگەکانی دیکە و بۆنی ناخۆش کە لە پاشماوەکەیانەوە سەرچاوە دەگرێت، دەبێتە هۆی هەناسە کورتی و خراپتربوونی دۆخی تەندرووستی".

"تا ئێستا 20 هەزار دۆلارم بۆچارەسەرکردنی لە هەرێم و دەرەوە خەرج کردووە، ئەو پارەی خەرجم کردووە بۆ چارەسەرکردنی بڕێکیم قەرزکردووە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ چاکبوونەوەی".

دەشڵێت، "دەبێت حکومەت چارەسەرێک بۆ ئەم پیسبوونە بدۆزێتەوە".

میدیا ناوخۆییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەردەوامی بانگەوازی فریاکەوتن لە خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری کواشێ بۆ دەزگا حکومییەکان بڵاودەکەنەوە بۆ راگرتنی پیسبوونی ژینگە.

رەمەزان مەجید، پزیشکێکی پسپۆڕە لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ناوچەی کواشێ بەدەست "پیسبوونێکی سەختەوە" دەناڵێنێت، جا لە خاک و ئاو یان هەوادا بێت".

پزیشکەکە کە چالاکە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی پیسبوونی ژینگە و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی گشتی و توێژینەوەی لەم بوارەدا هەیە، پێی وایە ئاوی پیس کە دەچێتە ناو خاکەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر درەختەکان و رووەکەکان و ئاژەڵەکان.

دەڵێت: "ئاوی ژێر زەوی، کە دانیشتوانەکەی "کواشێ" زۆر پشتی پێ دەبەستن بۆ بە دەستخستنی ئاوی سازگار لە رێگەی بیرە ئیرتیوازییەکانەوە هەڕەشەی لەسەرە".

دکتۆر رەمەزان ئاماژەی بەوەدا، "کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە له 30٪ی حاڵەتەکانی جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ و شێرپەنجە بەهۆی پیسبوونی هەواوە دروست دەبن. پیسبوونی هەوا دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشی، بەتایبەتی کاتێک تەنۆلکە پیسەکان تێکەڵ دەبن لەگەڵ ئاو یان هەناسەدان، ئەمەش ئەو شتەیە کە لە کواشێ روودەدات".

پزیشکەکە ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا سەرقاڵە بە ئەنجامدانی شیکردنەوەی تاقیگەیی لەسەر هەوا و خاک و ئاو لە ناوچەی کواشێ، چونکە پێی وایە کواشێ یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی شێرپەنجە لە ناوچەکەدا.

هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک یان ئامارێک نییە کە رێژەی هەندێک نەخۆشی مەترسیدار بە پیسبوونی ئەو ناوچانەوە ببەستێتەوە کە ئەم دامەزراوە پیشەسازییانە تێیدا بڵاوبوونەتەوە و لەژێر ستانداردە ژینگەییە نێودەوڵەتییەکاندا کارناکەن، بەڵام توێژەران رێژەی بەرزی ئەم نەخۆشییانە بە زیادبوونی پیسبوونی ژینگەوە دەبەستنەوە لەم ساڵانەی دواییدا.

بەپێی ئامارەکانی سەرۆکایەتی تەندروستی دهۆک، ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی شێرپەنجە لە هەرێم لە 486 حاڵەتەوە بەرزبووەتەوە کە لە ساڵی 2013 تۆمارکراوە بۆ هه‌زار و 180 حاڵەت کە لە ساڵی 2023 تۆمارکراون، کە بەرزترین ئاستی تووشبوون لە ساڵی 2022 تۆمارکراوە، کە گەیشتە هه‌زار و 434 حاڵەت.

سەبارەت بە ناوچەی سێمێل کە نزیکە لە سەرچاوەی پیسبوونی کواشێ، ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 2013 دا تەنها 10 حاڵەت تۆمارکراوە، کە لە ماوەی 10 ساڵدا زیاتر لە شەش هێندە زیادی کردووە، لە ساڵی 2023 دا 68 حاڵەت تۆمارکراوە.

لە کاتێکدا سەرچاوە تەندروستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە حاڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراون، کە خاوەنەکانیان لە دەرەوەی وڵات پشت بە چارەسەر دەبەستن، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە زۆربەی شارەکانی هەرێم.

تێکچوونی سیستەمی ژینگەیی
نووسەری لێکۆڵینەوەکە گەشتێکی پشکنینی سەرچاوەکانی پیسبوونی کواشێ کرد لەگەڵ  دکتۆر نەجمەدین نیرۆی، پرۆفیسۆرێکی زانکۆ کە تایبەتمەندە لە کاروباری ژینگەیی، ئەو جەختلەوە دەکاتەوە کە ناوچەکە دووچاری ناهاوسەنگی سیستەمی ژینگەیی بووەتەوە.

ئەو دەڵێت: "تەنها لە 1٪ی پاشماوەکان بەسە بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکهاتە و کرداری خاک و پیسبوونی ئاوی خواردنەوە درووست بکات، کە دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی ژینگە".

نیروویی هۆشداری دەدات لەوەی کە نابێت زۆرترین بڕی رێگەپێدراوی خوێی رەق لە ئاودا لە 500 میلیگرام/ل تێپەڕێنێت، "بەڵام لێکۆڵینەوەکانم لە ناوچەی کواشێ ئەوەیان سەلماندووە کە ئەو خوێیە بۆ شەش هێندە زیادی کردووە، ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژینگە".

ئەو روونی دەکاتەوە: "ئەم بەرزبوونەوەیە لە پیسبوون دەتوانێت هەمەچەشنی بایۆلۆجی کەم بکاتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر زیندەوەرەکان هەبێت، بە ماسیشەوە، ئەم کاریگەرییانە سەلامەتی ئاژەڵەکانی دیکەش دەخاتە مەترسییەوە".

ئەو باوەڕی وایە کە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی پاشەڕۆی ئاوی پیس، کە لەئەنجامی پرۆسە پیشەسازییەکانەوە دروست دەبێت، زۆرجار لەسەر بنەمای بناغەی زانستی دروست نییە، سەرەڕای ئەو هەوڵانەی دەیدات و ئەو رێنماییانەی دەریدەکات، "چونکە زۆربەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و کارگەکان پابەند نین پێیانەوە".

دکتۆر مستەفا ئیسماعیل، پرۆفیسۆر لە بەشی زەوی و ئاو لە کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی لە زانکۆی دهۆک هۆشداری دەدات لە مەترسی پیسبوونی ئاو لە ئەنجامی پیشەسازییە قورسەکانی ناوچەی کواشێ کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەگشتی وئاژەڵەکان بەتایبەتی.

بەگوێرەی دکتۆر مستەفا، نزیکەی 10 هەزار مەڕ تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون بەهۆی خواردنەوەی ئەو ئاوە قورسەی کە بە دەشتی ناوچەی سلێڤانیدا تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە بەنداوی موسڵ و ناوچەی کواشێ، ئاماژە بەوەش دەکات لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لە 50٪ی مەڕەکان تەنها لە ماوەی ساڵێکدا دووچاری لەبارچوون بوونەتەوە".  

توێژەرەکە، بوونی توخمە مەترسیدارەکان وەک (کادیۆم وقوڕقوشم) لەخوێنی ئاژەڵەکان و شیرەکانیان پشتراست دەکاتەوە کە سنووری ستانداردەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تێپەڕاندووە، هەروەها لە نموونەی خوێنی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیەدا دەژین. ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە منداڵاندا زۆر بەرزە.

دانەری لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵاتی چاودێری لەوە تێگەیشتووە پیسبوونی ژینگەی کواشێ کاریگەری لەسەرئاژەڵداری هەیە، بۆیە فەرمانگەی ژینگەی دهۆک سزای بەسەر ئاژەڵدارەکانی ناوچەکەدا سەپاندووە، ئەمەش لەلایەن پارێزەر شێروان ئەکرەم، بەرپرسی هۆبەی یاسایی لە فەرمانگەکە پشتڕاستکراوەتەوە.

وتیشی، "پێشتر فەرمانگەکەی خاوەنی مێگەلێکی ئاژەڵی بە بڕی (هه‌شت ملیۆن) دیناری عێراقی (زیاتر لە 6000 دۆلار) سازا داوە بەهۆی بوونی مێگەلەکەی لە نزیک ناوچە پیسبووەکان لە کواشێ".

کاریگەرییەکانی پیسبوونی زەوی جوتیارانی ناوچەکە نیگەران دەکات، حاجی عەبدولعەزیز، 73 ساڵ، دانیشتووی گوندی کولمینی، کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە کواشێیەوە دوورە دەڵێت: "کاتێک هەموو ئەو شتانەی دەربارەی مەترسییەکان پیسبوونی ژینگە دەیبیستم، چیتر ئازایەتی ئەوەم نامێنێ هیچ شتیک بچێنم".

"پێشتر گوندەکە سەرچاوەی زۆرێک لە بەروبوومی سەوزە و میوە بوو، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی دامەزراوە پیشەسازییەکان، زەوییەکە بووەتە ناوچەیەکی وشک کە بۆ کشتوکاڵ گونجاو نییە،" ئەو بەتۆنێکی رەخنە ئامێزەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاوی پیس تێکەڵ بە ئاوی سروشتی گوندەکە بووە، کە سەرچاوەی سەرەکی ئاودێرییە، لە ئێستادا بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.

حاجی عەبدولعەزیز، سەیری دەوروبەری دەکات ودەڵێت: "ئێستا ئێمە تەنها گەنم دەچێنین، کەپشت بەئاوی باران دەبەستێت و وازمان لەچاندنی هەموو بەروبوومەکانی تر هێناوە".  

چارەسەر و رێکارەکان
بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرچاوەکانی پیسبوونی ژینگە لە دهۆک، کە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ وئاژەڵ و رووەک، بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی دهۆک جدییەتی خۆی نیشان دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی پیسکەرەکان.

ئەندازیار دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەکە، دەڵێت، "ئەوان لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە دەکەن کە ژینگە پیس دەکەن، جا تاکەکان بن یان دامەزراوە بن، "ئێمە رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرینەبەر وسەرپێچیکاران دەدەین بە دادگا".
 
وتیشی: "هەموو رێکارێک دەگرینە بەر بۆ پارێزگاریکردن لە ژینگە، سکاڵا وزانیاری هاووڵاتییان کە لە رێگەی دەزگا فەرمییەکانی وەک شارەوانی وبەشی ئاو و ئاوەڕۆوە پێمان دەگات بە هەند وەردەگیرێت و وەڵام دەدرێنەوە و دوای شیکردنەوەی نموونەکان لە تاقیگەدا  کە لەسەر بنەمای دوو تاقیکردنەوەی سەرەکی (BOD-COD) دەکرێن، کاتێک ئەنجامەکان لەو ئاستە تێدەپەڕن کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە دیاریکراوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە رێوشوێنی ئیداری ویاسایی دەگرێتەبەر دژی سەرپێچیکاران".

هەمان شت بۆ پاشەڕۆی رەقیش راستە وەک پاشەڕۆی ئاسایی یان بەرهەمهێنراو، هەروەها دەردانی گاز، لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و سزای پێشێلکاران دەدرێت، زۆرێک لە حاڵەتەکان رەوانەی دادگا کراون.

پارێزەرعەبدوڵا محەمەد ئیبراهیم، ئاماژەی بەوەدا کە بڕگەکانی یاسای ژمارە (8) ی ساڵی 2008 سەبارەت بە پاراستن و باشترکردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق باس لە بەرپرسیارێتی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەکات، چونکە ماددەی (21) مافی سکاڵا بۆ ئەو کەسانە دەدات کە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە زیانیان بەرکەوتووە.

جەخت لەسەر گرنگی ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئەوانەی دەبنە هۆکاری پیسکردنی ژینکە بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان هەڵبگرن و لابردنی زیانەکان و گەڕاندنەوەی بارودۆخەکە بۆ دۆخی جاران و لە حاڵەتی فەرامۆشکردن یان نەهاتنە ژێرباری جێبەجێکردنی رێکارەکانی قەربووکردنەوە، ئەوا دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار مافی ئەوەیان هەیە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ لابردنی زیانەکان و ناچارکردنی کەسانی سەرپێچیکار تێچوو و خەرجییە ئیدارییەکان بگرنە ئەستۆ".

بوونی ئەم یاسایانە لە راستیدا رێگری لە بەردەوامبوونی پیسبوونی ژینگە ناکات، بۆیە چالاکوانان و پسپۆڕان پێیان وایە کێشەکە لە یاساکاندا نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنیاندا، لەوانە چالاکوانێکی ژینگەیی کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتی، "کارگەکانی نەوت و پاڵاوگەکانی کواشێ بەپانتایی 22 کیلۆمەتر مادە پیسکەرەکان بڵاودەکەنەوە".

ئەو هۆشداری دەدات کە تەنها لە ساڵی 2023 دا و بەهۆی دەردانی گاز لە پاڵاوگەکانی نەوت لە کواشێ هەزاران حاڵەتی هەناسەدانی هەستیاری لەلایەن دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە سێمێل و ناوچەکانی دەوروبەری تۆمارکراوە.
 
ئەو پێیوایە چارەسەری راستەقینە ئەوە نییە کە سزای دارایی بسەپێنرێت و ئاگادارکردنەوە دەربکرێت، بەڵکو چارەسەر ئەوەیە کە دەستبەجێ هەموو ئەو پاڵاوتگانە رابگرن بەبێ هیچ جیاوازییەک و ناچاریان بکەن کە هەڵبوەشێننەوە یان رێوشوێن بگرنەبەر بۆڕێگریکردن لە دەردانی گاز و دەرچوونی شلەیان، "وەک دانانی ئەگزۆزی دژە پیسبوون و فلتەر و دانانی یەکەکانی چارەسەری پاشەڕۆی شل".

سدیق بیدو، فەرمانبەرێکی خانەنشینکراوی تەمەن 57 ساڵ کە لەگەڵ 10 ئەندامی خێزانەکەی لە کۆمەڵگەی باستاکی دەژی، دەڵێت، "400 خێزان لەم کۆمەڵگەیە دەژین، کە هەموویان بەبۆنی گازی ژەهراوی ئابڵۆقە دراون، بەتایبەتی لە ماوەی دوای خۆرئاوابوون وتا بەیانی"، ئێمە دەیان ساڵە ناتوانین تەنانەت بۆ ماوەی خولەکێک لەسەر سەربانەکانمان بخەوین لە وەرزی هاویندا".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە خۆی وهەموو خەڵکەکە بە بەردەوامی دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن، "تەنانەت ناتوانین فێنککەرەوەکانی هەوا هەڵ بکەین، چونکە هەوای پیس دەکێشن".

سدیق، جگە لە مووچەکەی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نییە و وەک ئەوانی دیکە رووبەڕووی کێشەی دارایی بووەتەوە بەهۆی دواکەوتنی مووچە لە کوردستان: "خانووەکەم پارە ناکات بۆئەوەی بیفرۆشم و خانوویەک لە شوێنێکی دیکە بکڕم، بۆیە زەحمەتە بۆئێمە بڕۆین و ژیانمان رزگاربکەین وەک ئەو کەسانەی کەتوانای داراییان هەیە".

ئەو هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت و بە دڵشکاوی دەڵێت: "هیچ بژاردەیەکم نییە جگە لەوەی کە لە ناوەڕاستی مەترسییەکانی ئەم پیسبوونانەدا بمێنمەوە، یان خانووێک لە ناوچەیەکی دیکە بە کرێ بگرم، بەڵام دواتر چۆن بژێوی ژیانی 10 کەس بەڕێوەببەم لە کاتێکدا تەواوی مووچەکە بۆکرێ دەڕوات؟".

*ئەم بەدواداچوونە لەژێر چاودێری تۆڕی"نیریج "ئەنجام درا وەک بەشێک لە پرۆژەی"رۆژنامە گەری ژینگەیی" کەلەلایەن رێکخراوی ئینتەرنیوزەوه بەڕێوەدەبرێت.


PM:06:04:05/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو