لە یەکەم شەوی هاوسەرگیریەوە ناردیەوە ماڵی باوکی
وێستگه نیوز- سروە ئەحمەد
تا ئێستا ئامارێكی دروست سەبارەت بەژمارەی رەگەزی سێهەم (جوت توخمەكان) لەهەرێمی كوردستان بەردەست نییە ،چونكە بەقسەی بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی "هیچ کەسێک ئەمەی نەکردۆتە خەمی خۆی"، یاساناسێكیش دەڵێت"رەگەزی سێهەم بەیاسا مافیان نەپارێزراوە".
دالیا "ناوێکی خوازراوە"، یهكێكه لهرەگەزەکانی سێەم و دانیشتوی شاری هەولێرە، ئەو كە تەمەنی 27 ساڵە، ئاماژە بەوەدەكات هەر لەقۆناغی باڵغ بونیەوە کە زانیویەتی رەگەزی سێهەمە، وەك نهێنییەك ئەمەی لەدەوربەری شاردوەتەوە، تا ئەو كاتەی لەقۆناغی 9ی بنەڕەتیدا كچێكی هاوڕێی دركی پێدەكات و ئەم نهێنییە لەلای هاوڕێكانی دیكەی دەدركێنێت، ئەو وتی"ئیتر لەو رۆژەوە كە ئەم نهێنییەم ئاشكرا بو هەستمكرد هاوڕێكانم بەچاوێكی دیكەوە سەیریم دەكەن، بۆیە لەشەرما وازم لەخوێندن هێنا".
دالیا تێستی ئهوهی نهكردوه كه هۆرمۆنی نێرینه له لهشیدا زاڵه یان مێینه، بهڵام دڵنیایه هۆرمۆنی مێینهی زیاترهوخاوەنی روخسارێكی جوانیشە، بۆیە لەخوێندنگای کچان وەرگیرا.
تاکە شت کە دالیای هەراسان کردوە دەنگێتی، كاتێك ئەو دەدوێت دەنگە گڕەكەی کوڕانە دەردەكەوێ و روبەڕوی تانهو تهشهیری دهوروبهری دەبێتەوە، هاوڕێكانی پێیدەڵێن"تۆ دەنگت لەدەنگی كچ ناچێت". هەرچەندە هەمیشە زۆر بۆ خۆی دەهێنێت بەشێوەیەكی كچانە دەركەوێت.
دالیا وتی "ساڵی 2016 ساڵی دەستپێکردنی نەهەماتی بوو بۆ من، وازم لە خوێندن هێناو دواتر شووم بەناسیاوێکی خۆمان كرد، ترسم هەبوو كە ئاخۆ سەرکەوتو دەبم؟! دایکم وتی مەترسە هیچ کێشەت نابێت".
پاش ماوەیەک لەدەستگیرانداریی دالیاو دەستگیرانەکەی رۆژی گواستنەوە دیاری دەکەن،بەڵام خۆشیەکانی دالیا تەنها چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت، ئەو وتی "شەوی بوکێنی هاوسەرەکەم لەیەکەم بینین کە زانی من جوت توخمم، روخساری تەواو گۆڕاو بەحەپەساویی سەیری كردمو وتی: تۆ کچ نیت، بۆچی منت هەڵخەڵەتاند؟!".
هەر ئەو شەوە هاوسەرەكەی كۆتایهاتنی پرۆسەی هاوسەرگیرییەكە بەكەسوكاری هەردوكیان رادەگەیەنێت.
ئهو حاڵهتهی رەگەزە سێهەمەکانی تێدایه حاڵەتێكە لهگهڵ لهدایكبوندا دروست دهبێت.
بهپێی ئهو توێژینهوه زانستیانهی لهسهر جیناتی مرۆڤ كراون، دهشێت لهكاتی لهدایكبونهوه تا قۆناغی پێگهیشتن چهند گۆڕانكاریهك بهسهر خهسڵهت و توخمی وهچهكاندا بێت، بهتایبهتی ئهو گۆڕانانهش زیاتر بهسهر كرۆمۆسۆم، كۆئهندامی زاووزێدا دێت، كه ئهمهش رێگردهبێت لهوهی تاكێك بهتهواوی ههموو خهىسڵهتهكانی نێر یان مێی تێدا دهربكهوێت، لهكاتی رودانی حاڵهتێكی لهم شێوهیهشدا ئهو كهسه ههردوو تایبهتمهندییهكانی نێرو مێی بهرێژهی جیاواز تێدا كۆدهبێتهوه، كه ههندێكیان ههر لهمنداڵیهوه دهردهكهوێت، ههندێكیان لهدوای قۆناغی باڵغبون.
جوت توخمی تەنها ژیانی هاوسەرگیری لە دالیا وێران نەکرد، بەڵکو کارکردن و دەرچونی ئاسایی بۆ ناو خەڵكو بازاڕیشی لێ قورسو ئەستەم كردوە، ئەو وتی "چەندین کارم دۆزیوەتەوە، بەڵام دواتر کەسێک لەشوێنی کار زانیویەتی رەگەزی سێهەمم بەچاوی هاورەگەزبازی سەیری کردوم و بەشێوەیەک مامەڵەیان کردوە کە نەتوانم بەردەوام بم".
لە ئێستادا دالیا لەماڵەوەیە، چونكە هەموو ساتێك پێش ئەوەی لەماڵ بێتە دەرەوە دەبێت ئاگای لەخۆی بێت بەر تیروشیری خەڵكی نەكەوێت، ئەو وتی "هەندێك خەڵك بەبێ ئەوەی ئێمە هیچ حەقمان بەسەریانەوە بێت حەقیان بەسەرمانەوەیەو سوكایەتیمان پێدەكەن، بەبێ ئەوەی هیچ كەسو یاسایەك هەبێت بەرگریمان لێبكات، بەناچار دەبێت سەر دابخەینو
سوكایەتییەكە قبوڵ بكەین".
دالیا یەكێكە لەو رەگەزە سێهەمیانەی لەكوردستاندا بەدەست چەندین گرفتەوە گیرۆدەن، بەردەوام سكاڵای ئەوەیانە كە هیچ پاڵپشتییەكیان نییە داكۆكییان لێبكات. تاوەکو ئێستا یاساکانی هەرێمی کوردستانو عێراق لەهیچ ماددە و بڕگەیەکدا باسی مافو ئەرکی ئەوانی نەکردوە.
رەمزیە جەباری، کە کاری پارێزەرایەتی لەدادگاکانی هەولێر دەکات، ئەوە روندەكاتەوە لەرووی یاسایەوە بایەخ بەرەگەزی سێیەمەکان نەدراوە، بۆیە هیچ مافو ئەرکێکیان دیارینەکراوە لەیاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو وتی"لەرووی یاساییەوە هیچ مافێکیان نییە".
ئەم یاسەناسە بەگرنگی دەزانێ کە یاسایەکی تایبەت یاخود لەهەمواری یاسایی باس لەجوت توخمەكان بکرێت، لەپێناو ئەوەی لەدادگاکان ماف و ئەرکیان پارێزراو بێت.
پیاوانی ئایینیش جەغت لەوە دەكەن كە رەگەزەکانی سێهەم وەك هەر مرۆڤێكی دیكە دروستكراوی خودانو هەمان مافیان هەیە كە نێرێك یاخود مێیەك هەیانەو پێویستە بەچاوی رێزەوە سەیر بكرێن.
زانا خەیام، مامۆستای ئاینی لەشاری هەولێر ئاماژە بەوە دەكات هۆكاری رەگەزی سێهەمی مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە بۆکێشەی هۆرمۆنات و نابێت ئەو كەسانە بەچاوێکی سەیر تەماشا بکرێن، ئەو وتی "لەئایینی ئیسلامدا رێگەپێدراوە ئەوكەسانەی لەرەگەزی مێ نزیكن دەتوانن نەشتەرگەری بکەن و هاوسهرگیرى بکەن، بەپێچەوانەوەشەوە، ئەوانەی هۆرمۆناتی نێریان زیاترە دەتوانن نەشتەرگەری ئەنجام بدەن و ژن بهێنن".
ئەمە لەكاتێكدایە كە هیچ ئامارێک لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەژمارەی رەگەز سێهەمەکان ، هەرچەندە ئامارە نافەرمییەكان ژمارەیان بە 400 بۆ 500 كەس مەزەندە دەكەن لەكوردستان.
بەڕێوبەری ڕەگەزنامەی هەولێر، عەبدولرەحمان عەزیز شوانی ئاماژە بەوە دەكات كە هیچ ئامارێکی دروست لەبەردەست نییە تایبەت بەجوت توخمەكان، ئەو وتی "هیچ کەسێک ئەمەی نەکردۆتە خەمی خۆی کە ئاماری ورد لەسەر ئەم کەسانە ئامادە بکات".
وتیشی "ئەو کەسانە کاتێک سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە دەکەن بەمەبەستی دەرکردنی ناسنامە، هەندێک کات ناوی تر دەنوسرێت و هەندێک کاتیش بە بڕیاری کارگێڕی رەگەزنامە (اعزب) یاخود (باکر) دەنوسرێت، هەندێک کاتیش خۆیان لەرێگەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری رەگەزی خۆیان دەگۆڕن".
زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی سەر بەڕەگەزی سێیەم و جوت توخمن بەهۆی تەنگ پێهەڵچنینی كۆمەڵگەوە بیر لەئەنجامدانی نەشتەرگەری دەكەنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان لەكێشەی تانەو تەشەری دەوروبەرو هەندێکجار تەنگ پێهەڵچنینی خێزانەکانیشیان رزگار بكەن.
د. ئاراس قەرەداخی پزیشكی دەرونی، ئاماژە بەوە دەكات جوت توخمەكان لەکۆمەڵگەی کوردیدا مامەڵەیەكی تەندروستیان لەگەڵ ناكرێ و بەچاوێک سەیر دەکرێن کە كاریگەری دەکاتە سەر دەرونو سایکۆلۆژییان، ئەو وتی "جوت توخمەكان زۆربەی هەرەزۆریان بیر لەئەنجامدانی نەشتەرگەری یاخود بەجێهێشتنی وڵات دەكەن، لەبەرئەوەی لەوڵاتانی پێشكەوتوو مامەڵەیەکی تەندروستیان لەگەڵ دەکرێتو مافیان دەپارێزرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەی کە لەسروشتەوە هەیانە"
PM:09:41:17/04/2021
ئهم بابهته 26632
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت