دیداری سینەمای کورد لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت؛ باشوور و رۆژهەڵات
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2026، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی یەکەم فیلمی کوردی "زارێ" لە ساڵی 1926، دیداری سینەمای کورد بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی سینەمای کورد لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
دیدارەکە لەلایەن دەزگای کولتووری غەزەلنووس و بە هاوبەشیی زانکۆی سلێمانی رێکدەخرێت و رۆژانی 29 و 30ی تشرینی دووەم (مانگی 11) بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
رەوەز حەمەساڵح، سەرپەرشتیاری دیدارەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز رایگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی ئەم دیدارە، دروستکردنی بوارێکی هاوبەشە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی دۆخی سینەما، کێشە و ئاستەنگەکانی بەرهەمهێنانی فیلم و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان سینەماکارانی ئەو دوو بەشەی کوردستان".
سەبارەت بە تەوەرە گرنگەکانی دیدارەکە، ناوبراو وتی: "لە چوارچێوەی ئەم دیدارەدا، چەندین بابەتی گرنگ و بنەڕەتیی پەیوەست بە سینەمای کورد دەخرێنە بەرباس، وەکو پرسی شوناس و چۆنیەتیی رەنگدانەوەی ناسنامەی کوردی لە بەرهەمە سینەماییەکان، پرسی ژن و شوێن و رۆڵی لە سینەما، پرسی جینۆساید و گێڕانەوەی یادەوەرییە مێژووییەکان لە رێگەی فیلمەوە، هەروەها کێشەکانی بەرهەمهێنان، دابینکردنی پێداویستییەکانی فیلمسازی و بڵاوکردنەوە و گەیاندنی بەرهەمە سینەماییە کوردییەکان بە بینەر و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان".
سەرپەرشتیاری دیدارەکە باسی لەوەش کرد، ئەم دیدارە جگە لەوەی دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرۆکە لە نێوان سینەماکارانی باشوور و رۆژهەڵات دەڕەخسێنێت، هەوڵێکیشە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی فراوانتری پەیوەندیی پیشەیی لە نێوان ئەو کەسانەی لە بواری سینەما و فیلمسازیی کوردیدا کار دەکەن، بە مەبەستی ناسینەوەی هاوبەشییەکان، دیاریکردنی کێشە هاوبەشەکان و گەیشتن بە راسپاردەیەکی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە.
لەبارەی بیرۆکەی بەستنی دیدارەکەوە، رەوەز حەمەساڵح روونی کردەوە، پێشتر لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان و هەروەها لە دیاسپۆرا کۆنفرانسی سینەماکاران بەستراون، کە ئامانجیان جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی سینەما، گەیشتن بووە بە راسپاردە و بڕیارێکی هاوبەش بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی فیلمسازیی کوردی و هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی سینەماکاران، بۆیە دیداری سینەماکارانی باشوور و رۆژهەڵاتیش بەشێکە لەو پرۆسەیە و هەنگاوێکی ئامادەکارییە بۆ بەستنەوەی هەوڵە ناوچەییەکان بە یەکەوە و دروستکردنی چوارچێوەیەکی سەرتاسەری بۆ سینەمای کورد.
ئاماژەی بەوەش دا کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دیدارەکە ئەوەیە، بەشداریی سینەماکارانی باشوور و رۆژهەڵات لە کۆنفرانسی گشتیی داهاتوودا شەرعیەت پەیدا بکات و نوێنەرانی ئەو دوو بەشە لە ناو خودی ئەم دیدارەدا دیاری بکرێن، تاوەکو لە کۆنفرانسی سەرتاسەریدا بەشدارییەکی رێکخراو و کاریگەر هەبێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ وێستگەنیوز، رەوەز حەمەساڵح جەختی کردەوە لەوەی، داڕشتنی راسپاردە بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی گەورە لە ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا لە داهاتوویەکی نزیکدا و دامەزراندنی فیدراسیۆنێکی نێودەوڵەتی و سەرتاسەریی سینەماکارانی کورد، لە گرنگترین ئامانجەکانی دیدارەکە دەبێت؛ دامەزراوەیەک بتوانێت ببێتە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ نوێنەرایەتیکردن، هەماهەنگی و پشتیوانیکردنی سینەماکارانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دیاسپۆرا.
PM:03:23:29/11/2026
ئهم بابهته 684
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت