زە ویکێند ریکۆردی پڕداهاتترین گەشتی هونەرمەندی پیاوی لە مێژوودا شکاند
وێستگەنیوز-
ئەیبڵ تێسفەی ناسراو بە (The Weeknd)، گۆرانیبێژی کەنەدی، لە رۆژانی رابردوودا گەشتە میوزیکییەکەی بە ناوی «After Hours Til Dawn» بە دوایین نمایش لە یاریگای نیشتمانیی تی ئێم لە کوالالامپور، لە مالیزیا کۆتایی پێهێنا.
لە میانی ئەو گەشتەدا، گۆرانیبێژە کەنەدییەکە 176 کۆنسێرتی ئەنجام دا و سەردانی 67 شاری لە 30 وڵات و 5 کیشوەردا کرد، هاوکات توانی زیاتر لە 9 ملیۆن بلیت بفرۆشێت.
بەپێی ئامارەکان، کۆی داهاتی کۆتایی گەشتەکەی زە ویکێند گەیشتووەتە زیاتر لە 1.3 ملیار دۆلار، بەوەش لەسەر ئاستی هونەرمەندە پیاوەکان پلەی یەکەمی گرت و ریکۆردی پڕداهاتترین گەشتی هونەرمەندێکی پیاوی لە مێژوودا شکاند، کە پێشتر ئەو ریکۆردە بە زیاتر لە 939 ملیۆن دۆلار لای گەشتی «Farewell Yellow Brick Road»ی ئێڵتۆن جۆن بوو.
هەرچەندە هاوشێوەی (لومینەیت) بۆ میوزیکی تۆمارکراو هیچ ریزبەندییەکی فەرمی بۆ گەشتە هونەرییەکان نییە، بەڵام ئەو ئامارە لەلایەن رێکخەری گەشتەکەوە کە «لایڤ نەیشن»ە پشتڕاست کراوەتەوە.
بەم داهاتە، گەشتەکەی زە ویکێند سێیەم گەورەترینە لە مێژوودا و تەنها گەشتی «The Eras Tour»ی تایلۆر سویفت، خانمە گۆرانیبێژی ئەمریکی (کە بە 2.08 ملیار دۆلار تۆمارەکەی بە ناوەوەیە) و گەشتی «Music of the Spheres»ی کۆڵدپلەی (بە زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلار) پێشی کەوتوون.
PM:12:18:15/11/2026
ئهم بابهته 196
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت